ئامانج رەحیم: هەناردەکردنەوەی نەوت لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقە و کێشەی مووچەش چارەسەر کراوە

22-05-2025
تەنیا ئەحمەد
ئامانج رەحم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان.
ئامانج رەحم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقدایە. دەشڵێت، کێشەکانی پەیوەست بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا تاڕادەیەکی زۆر چارەسەر کراون.
 
رۆژی پێنجشەممە 22-05-2025، لە پانێلێکدا لە پەیمانگەی جیهانیی مۆنیتەر لە واشنتن، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، "دەستووری عێراق لە ساڵی 2005ـدا فیدراڵیزمی دامەزراند و پەسندی کرد. زۆر بە روونی، رێگە بە هەرێمی کوردستان دەدات کە نەوت و گاز و سەرچاوە سرووشتییەکانی پەرە پێبدات؛ بەڵام بەداخەوە، تاوەکو ئێستا حکومەتی فیدراڵ نەیتوانیوە سیستمی فیدراڵی لەم بوارەدا جێبەجێ بکات، بەداخەوە هێشتا یاسا و رێساکانی سەردەمی رژێمی سەدام بەکاردەهێنن و جێبەجێی دەکەن. هێشتا یاساکە یاسای ساڵی 1976ـە، لەکاتێکدا کە بەراستی دژی دەستووری عێراقە."
 
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا، بەپێی ماددەی 110ـی دەستووری عێراق، دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکومەتی فیدراڵ دیاریکراون "هیچ شتێک، هیچ مادەیەک، هیچ بڕگەیەک سەبارەت بە نەوت و گاز نابینیتەوە. کەواتە روونە کە لە رووی دەستوورییەوە نەوت و گاز لە چوارچێوەی دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکومەتی فیدراڵی عێراقدا نییە."
 
لەسەر ئەم بنەما یاسایی و دەستوورییە، هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2007دا یاسای نەوت و گازی دەرکرد و دواتر چەندین کۆمپانیای نێودەوڵەتیی نەوت هاتنە کوردستان و زیاتر لە 25 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گازدا کرا.
 
سەبارەت بە راگرتنی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی تورکیاوە، ئامانج رەحیم گوتی: "لە شوباتی 2014، حکومەتی عێراق ناردنی پشک و پارەی بۆ هەرێمی کوردستان بڕی. ئەمە شۆکێکی ئابووری و دارایی زۆر گەورە بوو بۆ هەرێمی کوردستان؛ بۆیە هەرێمی کوردستان ناچار بوو لە مانگی ئایاری 2014 بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی سەربەخۆ نەوت لە رێگەی بۆرییەوە هەناردە بکات. ئەم پرۆسەیە تاوەکو ساڵی 2023 بەردەوام بوو. دواتر بەهۆی بڕیارێکی دادگەی ناوبژیوانی [پاریس] هەناردەی راگرت."
 
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران روونیکردەوە: "هەرچەندە عێراق 1.8 ملیار دۆلاری لە کەیسی ناوبژیوانییەکەدا بردەوە، بەڵام بەداخەوە لە ئازاری 2023ـەوە، نزیکەی زیاتر لە 20 ملیار دۆلارمان لەدەستداوە. لە رووی داراییەوە، کەیسی ناوبژیوانی و داخستنی بۆرییەکە بەڕاستی کاریگەریی خراپی هەبوو."
 
ئامانج رەحیم ئاماژەی بەوەدا دوای 2023 و بەپێی یاسای بودجەی نوێی عێراق، هەرێمی کوردستان رازی بوو، نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی سۆمۆوە هەناردە بکرێت و داهاتەکەی بۆ وەزارەتی دارایی بگەڕێتەوە، بەڵام لە بەرامبەردا چاوەڕێی وەرگرتنی پشکی خۆی دەکرد لە یاسای بودجەی عێراق؛ بەڵام "مادەکانی ناو یاسای بودجەی عێراق لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە بە لێکدانەوەیەکی زۆر سنووردار و تەسک لێکدرانەوە. سەرەتا تەنیا شەش دۆلاریان بۆ هەر بەرمیلێک بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە پێشکەش کرد، کە بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و گرێبەستی هاوبەشی بەرهەم گونجاو نەبوو."
 
ئامانج رەحیم باسی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی کرد و گوتی: "حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان زۆر لە نزیکەوە پێکەوە کاریان کرد بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2025 و شەش دۆلارەکە بۆ 16 دۆلار زیادکرا، کە بەڕاستی ئەمە سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆرییەوە، پێشکەوتن بوو."
 
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ئاشکرای کرد کە لەسەر دامەزراندنی راوێژکارێکی تەکنیکی رێککەوتوون، "دێت و بە سەیرکردنی گرێبەستی هاوبەشی بەرهەم و مۆدێلی ئابووری و مەرجە بازرگانییەکانی گرێبەستی هاوبەشی بەرهەم، هەڵسەنگاندن و خەمڵاندن دەکات، بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا ئەم 16 دۆلارە لەگەڵ مۆدێلی ئابووریی گرێبەستەکەدا دەگونجێت یان دەبێت کەمبکرێتەوە،" گوتیشی: "سێ لایەنەکە، رێککەوتین [کۆمپانیای] وودمەکێنزی دابمەزرێنین، کە یەکێکن لە باشترین راوێژکارەکان لە سەرانسەری جیهاندا."
 
سەبارەت بە رۆڵی راوێژکاری تەکنیکی، ئامانج رەحیم گوتی: "حکومەتی عێراق و وەزارەتی نەوت داوا دەکەن کە راوێژکاری تەکنیکی دەبێت توانا و دەسەڵاتی بۆ پێداچوونەوە بە مۆدێلی ئابووری و مەرجە بازرگانییەکانی گرێبەستەکە هەبێت، کە لەلایەن کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانەوە رەتکراوەتەوە." ئەو جەختی کردەوە، "سیستەمی دادوەریی عێراق دان بە گرێبەستەکانی هاوبەشی لە بەرهەمدا دەنێت."
 
ئامانج رەحیم باسی لە پێشکەوتنی دیکەش کرد و گوتی: "بەغدا رازی بوو کە قەرەبووی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بە شێوەی کاڵا بکەینەوە. ئەمە پێشکەوتنێکی دیکەیە لەم بوارەدا، چونکە پێشتر رێگەیان نەدەدا قەرەبووکردنەوەی کۆمپانیا نەوتییەکان لە رێگەی نەوتەوە بێت."
 
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە: "لەڕووی داراییەوە، لەڕووی دەستوورییەوە، تەنانەت لە رووی چوارچێوەی یاسایی ناوخۆیی یان دادوەرییەوە، هەموو پشتگیری لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ بازاڕی نێودەوڵەتی دەکەن. ئەگەر ئێستا وای دابنێین کە نەوتی کوردستان لە بازاڕی نێودەوڵەتیدا بفرۆشرێت، با بڵێین بە 320 هەزار بەرمیل، داهاتی پوخت دوای دەرکردنی خەرجییەکان دەبێتە نزیکەی 800 ملیۆن دۆلار، کە مووچەی کوردستان دادەپۆشێت."
 
سەبارەت بە پرسی مووچە، ئامانج رەحیم رایگەیاند: "لە ساڵی 2005ـەوە، لەگەڵ بەغدا رێککەوتین کە 17%ـی بودجەی عێراق وەربگرین، ئەم پرۆسەیە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2013 بەردەوام بوو. لە شوباتی 2014، ئەم گواستنەوانە بە تەواوی لەلایەن بەغداوە بڕدران. لە ساڵی 2023، بۆ یەکەمجار، لەگەڵ بەغدا رێککەوتین کە نەوتەکەمان رادەستی سۆمۆ بکەین و داهاتەکە بدرێتە بەغدا. داهاتی نانەوتیش، دەتوانین لەگەڵ بەغدا بە نیوەیی دابەشی بکەین. دواتر چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە پشکەکەمان لە یاسای بودجەی عێراق وەربگرین، کە زیاتر لە 11 ملیار دۆلارە لە ساڵێکدا."
 
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران باسی پرۆژەی "هەژماری من"ـی کرد و گوتی: "ئێستا حکومەت هەوڵدەدات هەموو فەرمانبەرێکی حکومی مووچەکەی لە رێگەی بانک و کارتی بانکییەوە وەربگرێت. ئەمە نەک تەنیا بۆ دارایی و گواستنەوەی پارە بۆ فەرمانبەران لە رێگەی بانکەوە، بەڵکو ئامرازێکی گەورەشە بۆ کێشەکانی سپیکردنەوەی پارە."
 
ئامانج رەحیم گوتیشی: "من گەشبینم کە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی عێراق بۆ سێ ساڵی داهاتوو، ئامرازێکی دیکە دەدۆزینەوە. پێویستە مووچە لەم جۆرە ململانێیانە جیا بکرێتەوە. مووچە، مافێکی یاسایی فەرمانبەرە و پەیوەندی بە هیچ لایەنێکی سیاسییەوە نییە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە