رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکی کە سەر بە کۆمارییەکانە داوا دەکات بە چەکی ئەتۆمیی هێرش بکرێتە سەر غەززە، ئەوەش دوای ئەوەی کە دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ئەمریکا کوژران.
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی ئایاری 2025، راندی فاین لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی باسی لە بۆردوومانکردنی غەززە بە چەکی ئەتۆمی کرد و گوتی، "ئێمە دوو جار ژاپۆنییەکانمان بە چەکی ئەتۆمی بۆردوومان کرد بۆ ئەوەی بەبێ مەرج خۆیان بەدەستەوە بدەن. لێرەش [لە غەززە] پێویستە هەمان شت بکرێت."
فاین لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە فەلەستینییەکان کرد و گوتی: "شتێکی زۆر زۆر هەڵە لەم کولتوورەدا هەیە و دەبێت شکستی پێبهێندرێت."
کۆنگرێسمانە ئەمریکییەکە ئاماژەی بە خۆپیشاندانی لایەنگرانی فەلەستین لە ئەمریکا کرد و گوتی، "هیچ شتێکی ئاشتییانە لە خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی فەلەستیندا نییە و دەبێت ئەو ئەهریمەنانە بە هەر رێگەیەک بێت سەرکوت بکرێن."
راندی فاین پێی وایە کە "تاکە چارەسەر بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە [جەنگی غەززە] خۆبەدەستەوەدانی تەواوەتی و یەکجاری ئەوانەیە کە پشتیوانی لە تیرۆری موسڵمانان دەکەن."
فاین جاری یەکەمی نییە لە دژی غەزەییەکان قسە دەکات. لە ئۆکتۆبەری 2023 و لە سەرەتای جەنگی غەززە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیبووی، هیوادارە "شەقامەکانی غەززە پڕ ببن لە خوێنی ئەم ئاژەڵانە."
گوتەکانی ئەو کۆنگرێسمانە دوای ئەوە هاتن، شەوی چوارشەممە، کاژێر 21:05 بە کاتی واشنتن (4:05ـی بەیانی رۆژی پێنجشەممە بەکاتی هەولێر) لە نزیک مۆزەخانەی جووەکان لە واشنتن دی سی دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل کوژران.
لە دوای دەستپێکی جەنگی غەززەوە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 دا، هێرش بۆ سەر جووەکان و دامەزراوەکانی ئیسرائیل لە وڵاتانی جیهان بەتایبەت ئەمریکا زیادیکردووە.
بە گوێرەی راپۆرتی رێکخراوی جیهانی جووەکان و ئاژانسی جوو بۆ ئیسرائیل، پار "تاوانی" دژە جوو لە جیهان 340٪ بەراورد بە 2022 زیادیکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ