رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ (Truth Social) رێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا راگەیاند.
ترەمپ نووسیویەتی، رێککەوتن کراوە و ئاگربەستەکە دوای نزیکەی 6 کاژێری دیکە دەستپێدەکات و بۆ ماوەی 12 کاژێر بەردەوام دەبێت، کە بە گوتەی ئەو "کۆتایی بە جەنگەکە" دێنێت.
بەپێی پۆستەکەی ترەمپ، ئێران سەرەتا دەست بە ئاگربەستەکە دەکات، دواتر لە کاژێری 12ـدا ئیسرائیل دەستپێدەکات و لە کاژێری 24ـدا "جەنگی 12 رۆژە" بە فەرمی کۆتایی دێت.
سەرۆکی ئەمریکا لەسەر "خۆڕاگری، ئازایەتی و ژیری" پیرۆزبایی لە هەردوو وڵات کردووە، بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگێک کە "دەکرا بۆ ساڵانێک بەردەوام بێت و تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وێران بکات".
راگەیاندنەکەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە گرژییە سەربازییەکان لەنێوان ئێران و ئیسرائیل گەیشتنە لووتکە. ئەم گرژییانە دوای ئەوە هاتن کە ئەمریکا هێرشی ئاسمانیی کردە سەر سێ ناوەندی ئەتۆمیی ئێران.
وەک وەڵامدانەوە، ئێران هێرشێکی مووشەکی کردە سەر بنکەی سەربازیی عەدیدی ئەمریکی لە قەتەر، کە پێنتاگۆن رایگەیاند 13 مووشەکی لێخراوەتە خوارەوە. دواتریش، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئامانجگەلێک لە تاران و داوای لە دانیشتووانی بەشێک لە پایتەخت کرد ناوچەکانیان چۆڵ بکەن.
پێشتر بەرپرسێکی باڵای ئێرانی بە CNNـی راگەیاندبوو کە هیچ پێشنیازێکی ئاگربەستیان پێنەگەیشتووە و بەردەوام دەبن لە هێرشە تۆڵەسێنەرەوەکانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ