سەرۆکی بێلاڕووس: ڤاگنەر گوشارمان لێ دەکات رێگەی بدەین بچێتە پۆڵەندا

23-07-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی بێلاڕووس دەڵێت، چەکدارەکانی ڤاگنەر گوشار لە وڵاتەکەی دەکەن رێگەیان پێ بدات بەرەو رۆژئاوا بڕۆن و هێرشبکەنە سەر پۆڵەندا، چونکە هێشتا لە بیریان نەکردووە کە ئەو کاتەی لە نزیک باخمووت شەڕیاندەکرد، چەک لە پۆڵەنداوە بۆ ئۆکراینییەکان دەنێردرا، بەڵام بە گوتەی خۆی، بێلاڕووس رێگەیان پێ نادات هێرشەکەیان بکەن. 

ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بێلاڕووس ئەمڕۆ یەکشەممە، لە شاری سان پیتەرسبێرگی رووسیا لە لایەن ڤلادیمیر پووتینی سەرۆکی ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێ کرا. 
 
لوکاشینکۆ مانگی رابردوو نێوەندگیریی لە نێوان یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر و کرێملیندا کرد بۆ ئەوەی گرووپە چەکدارەکە کۆتایی بە یاخیبوونە سەربازییەکەی بێنێت لە بەرامبەر پاراستنی ژیانی پریگۆژین و چەکدارەکانی لە بێلاڕووس. 
 
ئێستا چەکدارەکانی ڤاگنەر لە بێلاڕووسن. وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە ڤیدیۆیێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت چەکدارانی ڤاگنەر مەشق و راهێنان بە هێزە تایبەتەکانی بێلارووس دەکەن. 
 
لوکاشێنکۆ بە پووتینی گوت، چەکدارانی ڤاگنەر دەڵێن: "گەشتێک بکەین بۆ وارشۆ و ژەشوف،" کە مەبەست لێی پایتەختی پۆڵەندا و شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەیە. 
 
سەرۆکی بێلاڕووس هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، لە پۆڵەنداوە چەک نێردراوەتە سەر سنووری بێلارووس و یەکەیەکی هێزی پۆڵەندا تەنیا 40 کیلۆمەتر لە سنووری بێلارووسەوە دوورە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە