ئەڵمانیا بۆ ناردنی پاتریۆت بۆ ئۆکراینا، داوای گەرەنتی لە ئەمریکا دەکات

23-07-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی پێویستی بە گەرەنتیی ئەمریکایە، بۆ ئەوەی ئەگەر دوو سیستمی دژەمووشەکی پاتریۆتی خۆی بنێرێت بۆ ئۆکراینا، ئەوا بە خێرایی سیستمی پاتریۆتی جێگرەوەی پێدەگات.
 
بۆریس پیستۆریۆس، رۆژی چوارشەممە 23-07-2025 بە میدیای ئەڵمانی راگەیاند، ئەندامانی ئەورووپیی ناتۆ پێویستیان بە گەرەنتیی هەیە کە هەر سیستمێکی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆتی دروستکراوی ئەمریکا کە بۆ ئۆکراینا دەنێردرێت، لە ماوەی نزیکەی 6 بۆ 8 مانگدا جێگرەوەی بۆ دابین دەکرێت.
 
هەفتەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رێککەوتنێکی لەگەڵ مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ راگەیاند بۆ ئەوەی ئەندامانی ئەورووپیی هاوپەیمانێتییەکە چەکی ئەمریکی، بەتایبەتی سیستمی پاتریۆت، بۆ کیێڤ بکڕن.
 
ئەم هەنگاوە وەرچەرخانێک بوو لە سیاسەتی ترەمپدا، ئەوەش دوای ئەوەی هەوڵەکانی بۆ راگرتنی شەڕ سەرکەوتوو نەبوون. 
 
ئەڵمانیا پێشنیازی کردووە پارەی دوو لە سیستمەکانی پاتریۆت دابین بکات، لە کاتێکدا چەندین هاوپەیمانی دیکەی ناتۆ ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ دابینکردنی سێ سیستمی دیکەی لەمجۆرە.
 
بەڵام نیگەرانییەکان زیادیکردووە، چونکە واشنتن دەیەوێت هاوپەیمانە ئەورووپییەکان سەرەتا سیستمەکانی پاتریۆت لە کۆگاکانی خۆیانەوە بنێرن بۆ ئۆکراینا و دواتر چاوەڕێی جێگرەوەکانیان بکەن لەلایەن ئەمریکاوە.
 
پیستۆریۆس دەڵێت، گرنگە "ئەو وڵاتانەی سیستمەکان دەنێرن، بتوانن بەردەوامبن لە جێبەجێکردنی پابەندییەکانیان بەرامبەر ناتۆ و هیچ بۆشاییەکی ئەمنی بۆ ناتۆ دروست نەبێت."
 
وڵاتانی وەک نەرویج، سوێد و هۆڵەندا ئامادەیی خۆیان بۆ دابینکردنی پارەی سیستمەکانی پاتریۆت راگەیاندووە، بەڵام پیستۆریۆس گوتی، "هیچ بڕیارێک نەدراوە سەبارەت بەوەی کام وڵات دەتوانێت سیستمی پاتریۆت بداتە ئۆکراینا."
 
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش کردووە، گفتوگۆکان بەردەوامن لەسەر ئەوەی "کام وڵات ئێستا پاتریۆتی هەیە و بە چ بڕێک ئامادەن رادەستی بکەن؟" هەروەها گوتیشی، "پارە بۆ ئەم پاتریۆتانە هەیە. ئێستا تەنیا پێویستیمان بە پاتریۆتەکان خۆیانە."
 
ئەڵمانیا پێشتر 12 سیستمی پاتریۆتی هەبوو، بەڵام سێیانی ناردووە بۆ ئۆکراینا و دووانیشی بۆ پۆڵەندا. پاتریۆتێکی دیکەش بۆ راهێنان تەرخانکراوە، ئەمەش وادەکات ئەڵمانیا شەش یەکەی چالاکی سیستەمەکەی لەبەردەستدا مابێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.