رووداو دیجیتاڵ
لە هێرشێکی ئاسمانیدا ئۆکراینا کەشتییەکی بارهەڵگری نەوتی رووسیای لە بەندەرێکی نزیک کریمیا ژێرئاو خست.
رۆژی پێنجشەممە، 22-08-2024، ڤێنیامین کۆندراتیەڤ، پارێزگاری هەرێمی کراسنۆدار لە باشووری رووسیا رایگەیاند: "کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە بەندەری کاڤکاز هێرشی کرایەسەر و ژێرئاو کەوت."
لەوکاتەوەی جەنگی ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکردووە، ئۆکراینا بە تووندی هێرشی کردووەتە سەر ئامانجێکی نێو کریمیا و دەورووبەری، کە شوێنێکی ستراتیژیی لۆجستییە بۆ رووسیا.
بەندەری کاڤکاز دەکەوێتە سەر گەرووی کێرچ کە رووسیا و دوورگەی کریمیا لێک جیا دەکاتەوە. نیمچە دوورگەی کریمیا لە ساڵی 2014 لەلایەن مۆسکۆوە بە خاکی رووسیا لکێندرا. ئۆکراینا بەردەوام هێرشی کردووەتە سەر ئەو پردانەی کە کریمیا و رووسیا پێکەوە دەبەستێتەوە.
داریا زاریڤانا، راوێژکاری میدیایی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە پۆستێکی تەلەگرام، وێنەیەکی تەقینەوەی کەشتییەکەی پۆست کرد و نووسی: "جوانی."
پێنجشەممەی رابردوو، زیلینسکی لە ئاهەنگێکی تایبەت بە سەربازە دێرینەکانی لە گوتارێکدا داوای لە سوپای وڵاتەکەی کرد، هێرشەکانی سەر رووسیا زیاد بکەن. ئەو گوتی: "بۆ ئەوەی داگیرکار لە خاکمان دەربکەین، دەبێت تاوەکو بکرێت کێشە بۆ رووسیا لەسەر خاکی خۆیان دروستبکەین."
تاوەکو ئێستا حکومەتی رووسیا ئاشکرای نەکردووە ئۆکراینا لەو هێرشە چ چەکێکی بەکارهێناوە.
ڤێنیامین کۆندراتیەڤ رایگەیاند، تیمە رووسییەکان دەستیان بە گەڕان کردووە و نازانن چەند دەریاوان ژێرئاو کەوتوون، "تەنیا چوار کەس رزگار کراون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ