رووداو دیجیتاڵ
پاسێک لە نیپاڵ کە گەشتیارانی هیندستانی دەگواستەوە لە رێگەیەکی سەرەکی تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 27 کەس گیانیان لەدەستدا و 16 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی هەینی 23-08-2024 جەناردان گاوتام، سەرۆک شارەوانیی تاناهون لە پارێزگای گانداکی لە نێوەڕاستی نیپاڵ رایگەیاند، "پاسێکی گەشتیاری کە 43 هاووڵاتیی هیندستانی تێدابوو، لە رێگەیەکی خێرا تووشی رووداوێکی هاتووچۆ بوو، بەداخەوە 27 کەس گیانیان لەدەستدا و 16ـی دیکەش برینداربوون."
لە نیپاڵ بەهۆی خراپیی بەشێکی رێگەوبانەکان، خراپیی ژمارەیەک لە ئۆتۆمبێل و کەمتەرخەمی لە لێخوڕین رووداوی هاتووچۆ زۆرە.
پاسەکە لە شاری گەشتیاریی پۆخارا بەرەو کاتماندووی پایتەخت بەڕێوەبوو، لە رێگە بە شارۆچکەی تاناهون تێپەڕی و کەوتە نێو رووباری مارسیانگدی.
بە گوتەی گاوتام، 16 بریندارەکە لە رێگەی هێلیکۆپتەرەوە برانە کاتماندوو.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە نیسانی 2023 بۆ نیسانی 2024 لانیکەم 2 هەزار و 400 کەس لە نیپاڵ بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستداوە.
مانگی رابردووش لە رووداوێکی هاوشێوەدا 2 پاس کە 59 سەرنشینیان تێدابوو، لە شارۆچکەی چیتوان لە رۆژئاوای نیپاڵ کەوتنە نێو رووبار و تەنیا 3 کەس رزگاریان بوو.
لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵیش پاسێک لە شاری نێپالگونج لە رۆژئاوای نیپاڵ بەرەو کاتماندوو دەچوو و کەوتە نێو رووبار و لە ئەنجامدا 12 کەس گیانیان لەدەستدا و 24ـی دیکەش برینداربوون.
بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە، نیپاڵ وڵاتێکە کە بارانی وەرزی، لافاو، هەورە برووسکە و رۆچوونی خاکی زۆرە. بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی نیپاڵ، لەو کاتەوەی بارانی وەرزی لە مانگی حوزەیران دەستیپێکردووە، لانیکەم 170 کەس بەهۆی رووداوە سرووشتییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە. بارانە وەرزییەکە مانگێکی ماوە تەواو بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ