رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی سڕبیا و بۆسنیا رایدەگەیێنن، لە سنووری نێوان هەردوو وڵاتەکە بەلەمێک ژێرئاوکەوتووە و بەوهۆیەوە لانیکەم 10 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە، ئاماژە بەوەش دەکات، لەنێویاندا ژن و منداڵ هەن و زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی رزگاریان بووە خەڵکی سووریان.
رۆژی هەینی، 22ـی ئابی 2024، وەزارەتی ناوخۆی سڕبیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە پۆلیسی وڵاتەکە لەلایەن پۆلیسی بۆسنیاوە لە ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکە لەنێو رووباری درینا ئاگادارکراوەتەوە.
لەبارەی ناسنامەی کۆچبەرەکانیش، وەزارەتی ناوخۆی سڕبیا دەڵێت، لە کۆی 18 کۆچبەر کە گەیشتوونەتە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە، 16 کەسییان سووریایی بوون و دووانیشیان میسری بوون.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی سڕبیا، بەلەمەکە لانیکەم 25 کۆچبەری تێدابووە، لەو ژمارەیەش 18 کەسییان توانیویانە خۆیان بگەیێننە سنووری بۆسنیا، بەڵام دواتر وەزارەتی ناوخۆی سڕبیا رایگەیاند، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 10 کەس.
ڤلادان رانکیج، سەرۆکی تیمی فریاگوزاری ئاوەکانی بۆسنیا رایگەیاند: "پۆلیس و تیمەکانی رزگارکردنی کۆچبەران بەردەوامن لە گەڕان بەدوای ئەو کۆچبەرانەی کە گومان دەکرێت بێسەروشوێن بووبن".
سڕبیا و بۆسنیا دوو وڵاتی ترانزێتی سەرەکین و کۆچبەران لە رۆژئاوای بەلکانەوە بەرەو یەکێتی ئەورووپا کۆچ دەکەن.
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی سڕبیا، زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە شەش مانگی رابردوودا هەوڵی چوونە نێو ئەو وڵاتەیان داوە خەڵکی سووریا، ئەفغانستان، تورکیا، مەغریب و پاکستان بوون.
بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئەو کۆچبەرانەی کە لە سڕبیاوە دەیانەوێت بڕۆنە یەکێتی ئەورووپا کەمیکردووە، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، 10 هەزار و 389 کۆچبەر چوونەتە نێو سڕبیا، ئەوەش لەکاتێکدایە، ژمارەکە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 70٪ کەمترە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ