رووداو دیجیتاڵ
چین و سووریا دامەزراندنی "هاوبەشییەکی ستراتیژییان" راگەیاند و سەرۆکی چینیش هاوبەشییە ستراتیژییەکەی بە هەنگاوێکی گرنگ لە مێژووی نێوان هەردوو وڵات ناوبرد. ئەوەش لەدوای ئەوە هات بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا سەردانی پەکینی پایتەختی چینی کرد.
ئەو سەردانەی ئەسەد یەکەم سەردانی سەرۆکی سووریایە بۆ چین لە 20 ساڵدا. بەگوێرەی هاوبەشییە ستراتیژییەکە، چین یارمەتیی بونیادنانەوەی سووریا دەدات.
شی جین پینگ، سەرۆکی چین لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەشار ئەسەد رایگەیاند، "لە جیهانێک کە ناسەقامگیری و نادڵنیایی تێدایە، چین پابەندە بە کارکردن لەگەڵ سووریا. ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵە هاوبەشە بەردەوامەکان، پشتگیرکردنی یەکدی لە بەهێزکردنی هاوئاهەنگی بۆ بەرگریکردن لە ئاشتی و دادپەروەریی نێودەوڵەتی."
دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011، چین دژی دەستوەردانی دەرەکی لە سووریا بووە و لەڕووی دیپلۆماسییەوە پاڵپشتیی لە ئەسەد کردووە.
تا ئێستا چین هەشت بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی سووریا و حکومەتەکەی بەشار ئەسەد ڤیتۆ کردوون.
سووریاش لە ساڵی 2020 بەشداری لە پڕۆژەی رێگەی ئاوریشمی نوێی چین کرد کە پڕۆژەیەکی گەورەی بازرگانیی چینە و یارمەتی بەهێزکردنی پێگەی چین لە ناوچەکە دەدات.
بەشار ئەسەد لە کۆبوونەوەکەدا بە هاوتا چینییەکەی گوت، "دڵخۆشم بە سەردانەکەم بۆ چین، لەبەرئەوەی چین لەسەر بنەمای دادپەروەرانە، لەسەر بنەمای یاسا، مرۆڤایەتی و ئیتیک وەستاوە و ئەو بنەمایانەش سیاسەتی دەرەوەی چین ئاراستە دەکەن، جەخت لە رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان، هەڵبژاردنی خەڵک و رەتکردنەوەی تیرۆر دەکەنەوە."
شەڕی نێوخۆی سووریا زیانی گەورەی بەو وڵاتە گەیاندووە؛ پێویستی بە نزیکەی 250 ملیار دۆلارە بۆ ئاوەدانکردنەوە. چینیش وەک دووەم هێزی گەورەی ئابووریی جیهان دەتوانێت لەم بوارەدا یارمەتیدەری گەورەی دیمەشق بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ