دوای چەندین کاژێر داخستن بەهۆی درۆنەوە؛ فڕۆکەخانەکانی کۆپنهاگن و ئۆسلۆ کرانەوە

23-09-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیس رایگەیاند، رۆژی سێشەممە فڕۆکەخانەکانی کۆپنهاگن و ئۆسلۆ کراونەتەوە، ئەوەش چەند کاژێرێک دوای ئەوەی چەند درۆنێکی نەناسراو لە ئاسمانی فڕۆکەخانەکاندا بوونە هۆی دواکەوتن و گۆڕینی رێڕەوی گەشتە ئاسمانییەکان.
 
لە کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارک، پۆلیس رایگەیاند، چەند درۆنێکی گەورە کە بۆ ماوەی چەند کاژێرێک لە درەنگی شەوی دووشەممە لە ئاسمانی فڕۆکەخانەکە بینرابوون، لە کۆتاییدا دوورکەوتوونەتەوە.
 
یاکۆب هانسن، جێگری پشکنەری پۆلیس بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "درۆنەکان دیارنەماون و فڕۆکەخانە جارێکی دیکە کراوەتەوە." هەروەها گوتیشی: "ئێمە درۆنەکانمان نەخستووەتە خوارەوە."
 
هانسن باسی لەوە کرد، پۆلیس لەگەڵ سوپا و دەزگای هەواڵگریی دانیمارک هاوئاهەنگی دەکات بۆ ئەوەی بزانن درۆنەکان لە کوێوە هاتوون. ئاماژەی بەوەش کرد، پۆلیس لەگەڵ هاوتاکانیان لە ئۆسلۆش لە پەیوەندیدان، دوای ئەوەی لەوێش بینینی درۆن بووە هۆی ئەوەی فڕۆکەخانەکەیان بۆ ماوەی چەند کاژێرێک دابخرێت.
 
مۆنیکا فاستینگ، گوتەبێژی فڕۆکەخانەی ئۆسلۆ بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە: "ئێمە دوو جار درۆنمان بینی." گوتیشی: "نزیک کاژێر 3:15ـی بەرەبەیان (4:15 بە کاتی هەولێر) فڕۆکەخانەکەمان کردەوە."
 
لە ماوەی داخستنی فڕۆکەخانەکاندا، گەشتە ئاسمانییەکان ئاراستەی فڕۆکەخانە نزیکەکان کراون و بەرپرسانی هەردوو فڕۆکەخانەکەش رایانگەیاند، پێشبینی دەکەن رۆژی سێشەممە هەندێک دواکەوتن و کێشە بەردەوام بن.
 
ئەم رووداوانە لە کاتێکدان کە حکومەتەکانی پۆڵەندا، ئیستۆنیا و رۆمانیا لەم مانگەدا رووسیایان بە پێشێلکردنی ئاسمانی وڵاتەکانیان تۆمەتبار کرد؛ تۆمەتانێک کە مۆسکۆ رەتیکردوونەتەوە.
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەو درۆنانەی لە ئاسمانی فڕۆکەخانەی کۆپنهاگن بینراون لە رووسیاوە هاتوون، هانسن، جێگری پشکنەری پۆلیس گوتی: "لەم قۆناخەدا ئەوە نازانین."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.