رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ تەنیا لەو دۆخەدا دەتوانێت خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ بەدەستبهێنێت کە کۆتایی بە جەنگی غەززە بهێنێت.
ماکرۆن لە هەڤپەیڤینێکدا لە نیویۆرک گوتی، "تەنیا یەک کەس هەیە بتوانێت لە دۆخی ئێستادا کارێک بکات، ئەویش سەرۆکی ئەمریکایە."
سەرۆکی فەرەنسا گوتیشی، "من سەرۆکێکی ئەمریکی دەبینم کە هەوڵەکانی چڕ کردوونەتەوە و ئەمڕۆ گوتی، ئاشتیم دەوێت. سەرۆکی ئەمریکا خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵی دەوێت. ئەو کاتە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئەگەری هەیە، کە کۆتایی بەم جەنگە بهێنیت."
ماکرۆن گوتیشی، پێویستە "گوشار لەسەر حکومەتی ئیسرائیل بکرێت بۆئەوەی بوەستێت، کۆتایی بە جەنگی غەززە بهێنێت، بۆئەوەی لە کۆتاییدا بارمتەکان ئازاد بکرێن،" کە لەلایەن حەماسەوە گیراون.
سەرۆکی فەرەنسا دانی بەوەدا نا، تەنانەت دوای ئەوەی فەرەنساش دانی بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا، هێشتا واشنتن کاریگەری زیاتری لەسەر ئیسرائیل هەیە.
ماکرۆن گوتیشی، "بۆچی ئەو [سەرۆکی ئەمریکا] دەتوانێ زیاتر لە ئێمە بکات؟ ئێمە چەک [بە ئیسرائیل] نادەین کە رێگە بە درێژەدان بە جەنگی غەززە بدات."
هەروەها دانی بەوەدا نا کە دەوڵەتی فەلەستین "لەو رۆژەدا بەڕاستی دروست دەبێت کە دەوڵەتی ئیسرائیل دانی پێدا دەنێت."
ماکرۆن بەبێ ئەوەی زیاتر روونیکاتەوە، گوتی، "ئێمە ئامادەین. پلانمان بۆ هەموو بژاردەکان داناوە، واتە هەرگیز بێدەنگ نابین. تەنیا پلان بۆ شتەکان دادەنێین و هەمیشە بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی فەرەنسا دەکەین."
جەنگەکە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بە هێرشی حەماس بۆسەر ئیسرائیل دەستیپێکرد. ئیسرائیلیش بە هێرش بۆسەر کەرتی غەززە وەڵامی دایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ