ترەمپ: بۆ هەڵپەساردنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بەڵێنی هاوکاریی تەواوم دا، بەڵام رازی نەبوون

23-09-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ترەمپ لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، لە سەرەتای دەستبەکاربوونەوەی وەک سەرۆک، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، رێبەی کۆماری ئیسلامیی ئێران نارد و تێیدا لە بەرامبەر هەڵپەساردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەڵێنی هەموو هاوکارییەکی لەگەڵ تاران دا، بەڵام وەڵامی ئێران جیاواز بوو.
 
رۆژی سێشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکی یەک کاژێری، لە 80ـیەم کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی چەندین تەوەری کرد و یەکێکیان ئێران بوو.
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "هەڵوێستی من زۆر سادەیە، سپۆنسەری ژمارە یەکی تیرۆر لە جیهان، هەرگیز رێگەی پێنادرێ ببێتە خاوەنی مەترسیدارترین چەک. هەربۆیە، دوای ماوەیەکی کەم لە دەستبەکاربوونم نامەیەکم بۆ بەنێو رێبەی کۆماری ئیسلامیی ئێران نارد. نامەکە دەستەوارەیەکی میهرەبانی تێدا بوو. لە بەرامبەر هەڵپەساردنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، بەڵێنی هاوکاریی تەواوم دا."
 
لەبارەی وەڵامی ئێران، ترەمپ گوتی، "وەڵامی رژێم [ئێران] بەردەوامیدان بوو بە هەڕەشە بەردەوامەکانیان بۆ سەر دراوسێکانیان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری ناوچەکە و هەندێک وڵاتی گەورە کە لە نزیکیەوەن. زۆرێک لە فەرماندە سەربازییەکانی پێشووی ئێران ئیدی لەگەڵمان نین و مردوون."
 
ترەمپ باسی ئەو ساتەی کرد کە تێیدا ئەمریکا هێرشی کردە سەر ئێران و گوتی، "سێ مانگ لەمەوبەر، لە ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەودا حەوت فڕۆکەی B2ـی ئەمریکی 14 بۆمبی 300 هەزار پاوەندییان بەسەر دامەزراوە ئەتۆمییە گرنگەکانی ئێران بەردایەوە. هەموو شتێکیان بەتەواوی لەنێوبرد. هیچ وڵاتێکی سەر رووی زەوی نەیدەتوانی ئەوەی ئێمە کردمان، بیکات. هیچ وڵاتێک ئەو کەرەستەیەی نییە بۆ کردنی ئەوەی ئێمە کردمان. ئێمە باشترین چەکی جیهانمان هەیە، پێمان ناخۆشە بەکاریان بهێنین."
 
ترەمپ گوتی، "بە لەنێوچوونی توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران، دەستبەجێ نێوەندگیریم بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی 12 رۆژە هێنا لەنێوان ئیسرائیل و ئێراندا. هەردوو لایەنەکەش بڕیاریاندا چیدیکە شەڕ نەکەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە