جیهان
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی ئەنجروس لە ویلایەتی ماریلاند لە فڕۆکەکەی دادەبەزێت. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا، شەوی سێشەممە، گوتاری وڵاتەکەی پێشکێش دەکات و چاوەڕێ دەکرێت لەو گوتارەدا، دروشمی "ئەمریکا یەکەمە" دووبارە بکاتەوە و هێرشی تووندیش بکاتە سەر رۆڵی "دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان" وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان، بە بیانووی ئەوەی رۆڵی ئەو دامەزراوانە، بە شێوەیەکی بەرچاو سیستمی جیهانی تێکداوە. ئەم گوتارەی ترەمپ لە کاتێکدایە، جیهان بە یەکێک لە ناسەقامگیرترین قۆناخەکانی مێژووی 80 ساڵەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا تێپەڕدەبێت.
"دوورخستنەوەی ئەمریکا لەرێکخراوە نێودەوڵەتییەکان"
کارۆلین لیڤێت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، لە گوتارەکەیدا، ترەمپ "ستایشی پتەوبوونەوەی پێگەی ئەمریکا لە سەرانسەری جیهان" و هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە چەندین جەنگ دەکات.
پەیامی سەرەکی ترەمپ بریتی دەبێت لە تیشک خستنەسەر کەمبوونەوەی کاریگەری دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان و خستنەڕووی "دیدگای راستگۆیانە و بنیاتنەرانەی خۆی بۆ جیهان"، کە لەسەر بنەمای سەروەری نەتەوەیی و بەرژەوەندی ئەمریکا داڕێژراوە.
ترەمپ لە ماوەی 8 مانگی یەکەمی گەڕی دووەمی سەرۆکایەتیدا، بە خێرایی دەستی بە کەمکردنەوەی رۆڵی ئەمریکا لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە.
لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونیدا، فەرمانێکی دەرکرد بۆ کشانەوەی ئەمریکا لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO).
دواتر بڕیاریدا بە کشانەوەی ئەمریکا لە ئەندامێتیی ئەنجوومەنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەو چوارچێوەیەشدا فەرمانیدا بەوەی پێداچوونەوە بە ئەندامێتیی ئەمریکا لە سەتان رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بکات و بەڵێنی پەیڕەوکردنی سیاسەتی "ئەمریکا یەکەمە"دا.
هەفتەی رابردوو، سەرۆکی ئەمریکا، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بەوە تاوانبار کرد "بە باشی بەڕێوە ناچێت."
"کاردانەوەکان و قەیرانە جیهانییەکان"
گوتارەکەی ترەمپ لە کاتێکدایە سەرکردەکانی جیهان رووبەڕووی زنجیرەیەک قەیرانی پێکەوەبەستراو بوونەتەوە، لەوانەش؛ جەنگە بێ چارەسەرەکانی وەکو؛ جەنگەکانی غەززە، ئۆکراینا و سوودان.
پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و نیگەرانییەکانی جیهان لەبارەی کاریگەری ئابووری و کۆمەڵایەتی تەکنەلۆژیای وەکو ژیریی دەستکرد. هەروەها دژایەتی ترەمپ بۆ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هەوڵەکانی ئیدارەکەی بۆ کەمکردنەوەی رۆڵی رێکخراوە جیهانییەکانە.
ئابی ماکسمان، سەرۆکی رێکخراوی ئۆکسفام ئەمریکا، رەخنەی لەو سیاسەتەی ترەمپ گرت و رایگەیاند، "لە جیاتی زیادکردنی قەیرانە جیهانییەکان، گرژیی و نایەکسانییەکان، پێویستە هێز و کاریگەرییەکەی بەکاربهێنێت بۆ کارکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ ئەو قەیرانانە."
پرسی فەلەستین و بەکارهێنانی هێزی سەربازیی
ترەمپ پرسی دانپێدانانی دەوڵەتی فەلەستین لەلایەن چەندین وڵاتەوە بە "تەنیا قسە و سیمبوڵی" وەسف کرد. ئەم لێدوانە رۆژێک دوای بڕیارەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و سەرکردایەتی ژمارەیەک لە وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا دێت، لە دانپێدانان بە دەوڵەتی فەلەستین، کە بە هەنگاوێکی مێژوویی تەماشا کرا، بەڵام ئیسرائیل و ئەمریکا دژایەتییان کرد.
سەبارەت بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی جیهان، سیاسەتەکانی ترەمپ لە هەشت مانگی یەکەمی سەرۆکایەتییدا پرسیارێکی نوێی وروژاندووە، بە تایبەت دوای فەرمانی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە مانگی حوزەیران و سێ هێرشیش لەم مانگەدا بۆ سەر بەلەمی باندە قاچاخچێتییەکانی مادەی هۆشبەر لە دەریای کاریبی.
هێرشەکانی ئەمدواییە گومانیان دروستکردووە، بەوەی رەنگە ترەمپ لە ئایندەیەکی نزیکدا هەوڵبدات زەمینە خۆش بکات بۆ رووخاندنی رژێمی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا.
کۆبوونەوە لاوەکییەکان و کاریگەری لەسەر سیاسەتی دەرەوە
سەرەڕای زمانە تووندەکەی بەرامبەر بە هەندێ لە هاوپەیمانەکانی، چاوەڕێ دەکرێت ترەمپ لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەوڵی نزیکبوونەوە لەگەڵ وڵاتە دۆستەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بدات.
گوتەبێژی کۆشکی سپی ئاشکرای کرد، ترەمپ کۆبوونەوەیەکی فرەلایەنە لەگەڵ سەرکردەکانی قەتەر، سعودیە، ئیندۆنیزیا، تورکیا، پاکستان، میسر، ئیمارات و ئوردن بکات. هەروەها بڕیارە لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و خافێر میڵی، سەرۆکی ئەرجەنتینیش کۆببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ