خۆری ویندۆز 10 ئاوا دەبێت.. بەکارهێنەران تووشی کێشە دەبن

23-09-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بڕیاری داوە، لە نێوەڕاستی مانگی داهاتووەوە، پشتیوانیکردنی ویندۆز 10 بوەستێنێت، واتە ئەپدەیتی بۆ نانێرێت، ئەمەش بەکارهێنەرانی نیگەران کردووە.
 
بەکارهێنەرانی ویندۆز 10، گرووپی گەورەیان پێکهێناوە بۆئەوەی داکۆکی لە هێشتنەوەی سیستمی کارپێکردنەکە بکەن. هەندێکیان دەڵین، ئەگەر پشتیوانیکردنی ویندۆز 10 رابگیرێت، ئەوا دەبێت کۆمپیوتەری نوێ بکڕن بۆئەوەی لە هاککردن و هێرشی سایبەری، پارێزراو بن، چونکە کومپیوتەرەکانیان توانای کارپێکردنی ویندۆز 11یان نییە.
 
14ی تشرینی یەکەم، چی روودەدات؟
 
لە 14-10-2025ـەوە، ئەو کۆمپیوتەرانەی بە سیستمی مایکرۆسۆفت ویندۆز 10 کار دەکەن، هیچ ئەپدەیتێکی مایکرۆسۆفتیان بۆ ناچێت. ویندۆز 10 لە ساڵی 2015 خرایەڕوو.
 
مارتین کرامێر، پسپۆڕی ئاسایشی کۆمپیوتەر دەڵێت، ئەو جۆرە ئەپدەیتانە "بۆ چاککردنەوەی بەردەوامی درز و کەلێنەکانی سیستمەکە بەکاردەهێنران، چونکە ببووە ئامانجی ژمارەیەکی زۆری هێرشی سایبەری."
 
ئەمە چ واتەیەکی بۆ بەکارهێنەران هەیە؟
 
مایکرۆسۆفت داوای لە بەکارهێنەرانی کردووە، سیستمی کارپێکردنی کۆمپیوتەرەکانی بگۆڕن بۆ سیستمە نوێیەکە، کە ویندۆز 11یە و لە ساڵی 2021ـەوە بەردەست کراوە.
 
بەڵام مایکرۆست لە کوشتنی ویندۆز 10شدا، پارە پەیدا دەکات.
 
کۆمپانیاکە بژاردەیەکی داوەتە بەکارهێنەران، کە ئەگەر 30 دۆلار بدەن، ئەوا تاوەکو ساڵێکی دیکە ئەپدەیتەکەیان راناگیرێت. ئەمە بۆ ئەو بەکارهێنەرانەیە کە کۆمپیوتەرەکانیان لەو ئاستەدا نین، کە بتوانن کار بە ویندۆز 11 بکەن.
 
ئەم هەنگاوە، هاواری لە گرووپی داکۆکیکارانی بەکارهێنەران هەستاندووە.
 
گرووپی Consumer Reportsی ئەمریکی لە بڵۆگێکدا باسی لەوە کردووە، "هەندێ لەو کۆمپیوتەرانەی کە چەند ساڵێکی کەم پێش ئێستا فرۆشراون، بۆ ئەوە دروستکرابوون کە کار بە ویندۆز 10 بکەن، لەبەر ئەوەی ئەو کۆمپیوتەرانە ناتوانن کار بە وەشانی نوێی ویندۆز بکەن، گورزێکی گەورە بەر گیرفانی بەکاربەران دەکەوێت،" لەبەر ئەوەی ناچارن بچن کۆمپیوتەری ئاستبەرز بە نرخێکی زیاتر بکڕن.
 
لە ئەورووپا، گرووپە داکۆکیکارە فەرەنسییەکانی وەک (HOP) دەستیان بە واژۆ کۆکردنەوە کردووە و داوا دەکەن ناردنی ئەپدەیتی بێ بەرامبەر بۆ ویندۆز 10، تاوەکو ساڵی 2030 بەردەوام بێت.
 
هەروەها سەندیکای بەکاربەرانی ئەڵمانیا مانگی ئایار رایگەیاند، ئەم هەنگاوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکە "بەکاربەرانی نیگەران کردووە و وایان لێدەکات نەتوانن ئازادانە بڕیاری خۆیان بۆ کڕین بدەن." گوتیشی: "کڕینی ئەم هەموو کۆمپیوتەرە نوێیە، بۆ ژینگەش خراپە،" لەبەر ئەوەی دەبێت زۆر ئامێر و کەرەستەی کۆمپیوتەر دروست بکرێن کە ریسایکلکردنیان زەحمەتە.
 
چەند بەکارهێنەر بەر ئەم گۆڕانکارییە دەکەون؟
 
مایکرۆسۆفت رەتیکردووەتەوە ژمارەی بەکارهێنەرانی ویندۆز 10 ئاشکرا بکات. 
 
بەڵام گرووپی Consumer Reports دەڵێت، 650 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهان هێشتا ویندۆز 10 بەکاردێنن. 
 
گرووپێکی دیکەی ئەمریکی بە ناوی Public Interest Research Group، مەزەندە دەکات کە 400 ملیۆن کۆمپیوتەری جیهان توانای جێگیرکردنی ویندۆز 11یان نییە. 
 
مەترسییەکان چین؟
 
ئەو کەسانەی کۆمپیوتەرەکانیان سیستمی ویندۆز 11 وەرناگرن و پارەی ئەپدەیتەکە نادەن، دەکەونە بەر مەترسییەکی گەورەتری هاککردن و هێرشی ئەلیکترۆنی.
 
کرایمەر دەڵێت، "ئەگەر ئەپدەیتت بۆ نەیەت، چیدیکە ناتوانیت خۆت لە مەترسییە سایبەرییە نوێیەکان بپارێزیت."
 
ئەوانەی کە ویندۆز 10 بەکاردێنن، بە کۆمەڵ دەکەونە ژێر هێرشی ئەو هاککەرانەی بە دوای درز و کەلێنی ئەمنیدا دەگەڕێن.
 
مەترسییەکە هەر ئەوە نییە؛ پادی هارینگتن، پسپۆڕی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی Forresterی ئەمریکی دەڵێت، رەنگە بە تێپەڕبوونی کات، بەکارهێنەرانی ویندۆز 10 نەتوانن بەرنامەی نوێش لەسەر کۆمپیوتەرەکانیان دابنێن.
 
ئەو دەڵێت، "ئەپفرۆشەکان پشت بە فرۆشگەکانی سەر بە سیستمی کارپێکردنەکە دەبەستن، بۆ ئەوەی هەندێک ئەرک و تایبەتمەندی بۆ ئەپەکانیان دابین بکەن. ئەگەر ئەمانە ئەپدەیت نەکرێن، ئەپفرۆشەکە ناتوانێت دڵنیابێتەوە لەوەی ئەپەکانیان بە باشی کاردەکەن."
 
چارە چییە؟
 
کاتێک ئەپدەیتی ویندۆز 10 وەستا، تەنانەت بەهێزترین بەرنامەی دژەڤایرۆسیش رەنگە نەتوانێت بە باشی بیپارێزێت.
 
هارینگتن دەڵێت، "توانای پاراستنی ئەو بەرنامانە، سنووردارە. ئەگەرچی لە نەبوون باشترە، بەڵام دەبێت وەکو چارەسەرێکی کاتی بەکاریبێنیت تاوەکو چارەسەرێکی هەمیشەیی دەدۆزیتەوە."
 
ئەوانەی کە سوورن لەسەر ئەوەی کۆمپیوتەرەکانیان نەگۆڕن، دەتوانن سیستمێکی دیکەی کارپێکردن بەکاربهێنن، وەک لینۆکس، کە خەڵكێکی زۆر بەکاریدێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا