سەرۆکی ئیندۆنیزیا ئامادەیی ناردنی 20 هەزار سەربازی بۆ غەززە دەربڕی

23-09-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئیندۆنیزیا ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ ناردنی لانیکەم 20 هەزار سەرباز وەکو هێزی ئاشتیپارێز بۆ کەرتی غەززە، ئەوەش بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە هەر رێککەوتنێکی ئاشتی لە داهاتوودا.
 
رۆژی سێشەممە 23ی ئەیلوولی 2025 پرابۆ سوبیانتۆ، سەرۆکی ئیندۆنیزیا لە گوتارێکدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "باوەڕمان بە نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە. بەردەوام دەبین لە خزمەتکردن لەو شوێنانەی ئاشتی پێویستی بە پارێزەرە، نەوەک تەنیا بە وشە، بەڵکو بە هێزی سەربازی لەسەر زەوی."
 
سەرۆکی ئیندۆنیزیا گوتیشی، "ئەگەر ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەم کۆمەڵە مەزنە بڕیار بدەن، ئیندۆنیزیا ئامادەیە 20 هەزار یان تەنانەت زیاتر لە کوڕان و کچانی خۆمان بنێرین بۆ یارمەتیدان لە دابینکردنی ئاشتی لە غەززە."
 
پرابۆو سوبیانتۆ ئاماژەی بەوەش کرد، ئیندۆنیزیا ئامادەیە هێزی ئاشتیپارێز بۆ شوێنەکانی دیکەش بنێرێت، لەنێویاندا ئۆکراینا، سوودان و لیبیا.
 
ئەمریکا و وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی چەندین مانگە لەسەر پلانێک بۆ دوای جەنگی غەززە گفتوگۆ دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک.
 
ئیسرائیل بەردەوام داوای لەنێوبردنی حەماس دەکات. ئیسرائیل لە نوێترین هێرشیدا ئامانجی کۆنترۆڵکردنی شاری غەززەیە، بەڵام پێشنیازەکانی پێشوو باسیان لەوە دەکرد کە هێزە بیانییەکان ئاسایشی ناوچەکە لە ئەستۆ بگرن.
 
فەرەنسا و سعودیە، لە بڕیارنامەیەکدا کە لەلایەن زۆرینەی رەهای کۆمەڵەی گشتییەوە پەسەند کرا، داوایان کرد نێردەیەکی نێودەوڵەتی بۆ سەقامگیرکردنی ئاسایش لە غەززە جێگیر بکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە