ترەمپ لەبارەی هەوڵەکانی UN بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکان: تەنیا وشەی پڕوپوچ دەڵێن

23-09-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی UN هێرشێکی تووندی کردە سەر نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەورووپا و هۆشداریی دا کە وڵاتانی رۆژئاوا بەهۆی کۆچبەرانەوە "بەرەو دۆزەخ دەڕۆن" و گۆڕانی کەشوهەوای بە "فێڵ" ناوبرد.
 
لە گوتارێکدا کە یەکەم دەرکەوتنی بوو لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەدوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، ترەمپ رەخنەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان گرت، بەهۆی ئەوەی گوایە نەیتوانیوە یارمەتیی بدات لە کاتێکدا هەوڵی داوە چەندین رێککەوتنی ئاشتی بکات، لەوانەش لە غەززە و ئۆکرانیا.
 
ترەمپ پرسی، "مەبەست لە نەتەوە یەکگرتووەکان چییە؟ ماتەوزەی زۆر گەورەی هەیە، بەڵام نزیکیش نییە لە گەیشتن بەو وزەیە."
 
هێرشە راستەوخۆکەی بۆ سەر رێکخراوە جیهانییەکە و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بە بێدەنگییەوە لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لێکرا.
 
"بەرەو دۆزەخ دەڕۆن"
 
ترەمپ گوتارەکەی بە رەخنەگرتن لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستپێکرد، بەهۆی ئەوەی نەچووەتە نێو ئەو هەوڵەی ئیدارەکەی کە گوایە حەوت جەنگی کۆتایی پێهێناوە، یان لەبەر ئەوەی هەوڵەکانی شکستیان هێناوە بۆ کۆتاییهێنان بە لەشکرکێشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و جەنگی ئیسرائیل و حەماس.
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "تەنیا ئەوەی دەیکەن (واتە نەتەوە یەکگرتووەکان دەیکات) ئەوەیە نامەیەکی زۆر تووند دەنووسن؛ وشەی پووچە و وشەی پووچیش جەنگ چارەسەر ناکات."
 
ترەمپ دانپێدانانی چەند هاوپەیمانێکی واشنتنی بە دەوڵەتی فەلەستین بە "پاداشت" بۆ حەماس ناوبرد و گوتی، "پاداشتێکە بۆ دڕندەییەکانیان."
 
ترەمپ بە زمانێکی تووند رەخنەی لە هاوپەیمانە ئەورووپییەکان گرت بەهۆی ئەوەی نەوت لە رووسیا دەکڕن، هەمان رەخنەی لە چین و هیندستانیش گرت، بەڵام باسی مۆسکۆی نەکرد.
 
تووندترین پەیامی ترەمپ لەسەر پرسی کۆچبەران بوو و گوتی، "نەتەوە یەکگرتووەکان پارە بۆ کۆچبەران دابین دەکات، ئەمە هێرش و داگیرکارییە بۆسەر وڵاتانی رۆژئاوا." بە سەرکردەکانی ئەورووپای گوت، بەهۆی کۆچبەرانەوە "وڵاتەکانتان بەرەو دۆزەخ دەڕۆن."
 
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی گۆڕانی کەشوهەواش قسەی کرد و بە "فێڵ" ناویبرد کە لەلایەن "خەڵکی خراپەوە" دروستکراوە. ترەمپ لەدوای گەڕانەوەی بۆ سەر دەسەڵات، هانی دەرهێنانی نەوتی داوە و پارێزگارییەکانی ژینگەی کەمکردووەتەوە.
 
ترەمپ گوتی، "گۆڕانی کەشوهەوا، گەورەترین فێڵە کە تاوەکو ئێستا لە جیهاندا کرابێت."
 
"کاولکاری دروست دەکات"
 
ترەمپ شانازی بە سیاسەتە تووندەکانی دژی تاوان کرد، لەوانەش ناردنی سەرباز بۆ واشنتن و هێرشە کوشندەکانی ئەمریکا بۆ سەر بەلەمە گومانلێکراوەکانی گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکانی ڤەنزوێلا.
 
ترەمپ گوتی، "بۆ هەر تیرۆریستێکی چەکدار کە مادەی هۆشبەری ژەهراوی دەهێنێتە ناو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تکایە ئاگادار بن کە لەناوتان دەبەین."
 
ترەمپ هەنگاوی بۆ کشانەوەی ئەمریکا لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و رێککەوتنی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان ناوە و بە تووندی یارمەتییەکانی گەشەپێدانی ئەمریکای کەمکردووەتەوە.
 
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دەستپێکی لووتکەکە هۆشداریدا، کەمکردنەوەی یارمەتییەکان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا "کاولکاری" لە جیهاندا دروست دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە