رووداو دیجیتاڵ
لەمەودوا، بۆ داواکردنی ڤیزەی سویسرا، پێویست ناکات هاووڵاتیانی عێراق بچنە ئوردن.
ئیگنازیۆ کاسیس، وەزیری دەرەوەی سویسرا ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەگەڵ شاندێک سەردانی بەغدای کرد و لە لایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقەوە پێشوازییان لێ کرا.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا، کاسیس ئاماژەی بەوە کرد کە لەمەودوا، گەشتیار و بازرگانانی عێراق دەتوانن لە باڵیۆزخانەی سویسرا لە بەغدا داوای ڤیزەی گەشتیاری بکەن، کە پێشتر پێویست بوو بچنە باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە ئەورووپییە لە عەمانی پایتەختی ئوردن.
باڵیۆزخانەی سویسرا لە ئەیلوولی پار، دوای 33 ساڵ داخستن کرایەوە، بەڵام ڤیزەی بە داواکاران نەدەدا.
وەزیری دەرەوەی سوسیرا کە ئەمە دووەم سەردانی بوو لە ماوەی چوار ساڵدا بۆ عێراق بکات، باسی لەوە کرد کە عێراق بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە و وڵاتەکەی زیاتر متمانەی پێ دەکات.
ئەو بە فوئاد حوسێنی گوت: "ئێمە پێشوازی لە هەوڵەکانی حکومەتەکەتان دەکەین بۆ باشکردنی ژینگەی بازرگانی و بەهێزکردنی شەفافیەتی یاسایی. زۆر دڵخۆشم کە دەتوانین دەست بە پێدانی ڤیزە بکەینەوە، بە گەشتیاران و ئەوانەی داوای ڤیزەی بازرگانی دەکەن، لە بەغدا بێ ئەوەی پێویست بکات بچنە ئوردن."
فوئاد حوسێن هەواڵەکەی بە "هەنگاوێکی گرنگ" ناوبرد.
وەزیری دەرەوەی عێراق هەروەها سەردانی وەزیری دەرەوەی سویسرای بۆ بەغدا بە "هەنگاوێکی گرنگ" ناوبرد و رایگەیاند، ئەمە ئاماژەیەکە بە پتەوبوونی پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات.
فوئاد حوسێن رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکانیاندا چەندین پرسی گرنگیان تاوتوێ کردووە، لەوانەش بەڕێوەبردنی ئاو، وزەی نوێبووەوە، پرسی کۆچ و پێدانی ڤیزەی سویسری لە بەغدا.
وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، باسیان لە سوودوەرگرتن لە ئەزموون و شارەزایی سویسڕا کردووە لە بواری بەڕێوەبردنی ئاودا و گوتی، ئەم پرسە دوای سەردانی چەند هەفتەیەک لەمەوبەری شاندی عێراقی بۆ تورکیا، گرنگییەکی زیاتری پەیدا کردووە.
بە گوتەی فوئاد حوسێن، هەردوو لا لەسەر چۆنیەتیی پێکەوەکارکردنی کۆمپانیا سویسڕی و عێراقییەکان لە بواری وزەی نوێبووەوەدا گفتوگۆیان کردووە، کە "بەشێکە لە ستراتیجیی داهاتووی عێراق"
وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ سویسڕاش، هاوشێوەی یەکێتیی ئەورووپا، دەست دەکەن بە گفتوگۆ بۆ رێککەوتن لەسەر پرسی کۆچ و کۆچبەران.
هاوکات کاسیس خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەکەی بۆ بەغدا دەربڕی و رایگەیاند، چوار ساڵ دوای یەکەم سەردانی، "پێشکەوتنی گەورەی" لە شارەکەدا بەدی کردووە.
کاسیس رایگەیاند: "کردنەوەی باڵیۆزخانەکەمان دوای زیاتر لە 30 ساڵ، هێمایەکی بەهێزی متمانەی ئێمەیە بە داهاتووی عێراق." ئەو جەختی کردەوە کە پەیوەندییەکانیان لەسەر بنەمای رێزی دوولایەنە، ئاشتی، سەقامگیری و گەشەسەندن بنیاتنراوە. هەروەها گوتی، رۆڵی عێراق لە ناوچەکەدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە "گفتوگۆ و هاوکاریی بنیاتنەرانە" بەرزدەنرخێنن، بەتایبەتی لە پرسی ئاوی نێوان وڵاتاندا لە رێگەی "دەستپێشخەریی ئاشتیی شین."
وەزیری دەرەوەی سویسڕا ئەوەشی خستەڕوو، بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات گەشەی کردووە و رایگەیاند، "رێژەی بازرگانیمان ساڵی رابردوو زیاتر لە 9٪ گەشەی کردووە"، کە بە نیشانەی متمانەی زیاتری کەرتی تایبەت بە بازاڕی عێراقی ناوبرد.
کاسیس دووپاتیکردەوە، سویسڕا "باوەڕی بە رۆڵی عێراق هەیە وەک وڵاتێکی سەقامگیر لەم ناوچە هەستیارەدا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ