رووداو دیجیتاڵ
لەکاتی کارکردن لە پرۆژەی دروستکردنی تونێلێک لە هیندستان، تیمێکی ئەندازیاری، کە لە 41 کەس پێکدێن لە قووڵایی تونێلەکە گیریان خواردووە، 11 رۆژە بەرگریی شارستانی خەریکی هەڵکەندنن بۆ رزگارکردنیان. لە رێگەی بۆرییەکی باریکەوە ئۆکسجین، ئاو، خۆراک و کارەبایان بۆ دابینکراوە و دەڵێن هەموویان زیندوون و تەندروستییان جێگیرە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23-11-2023، یازدە رۆژ تێدەپەڕێت بەسەر رووداوی تونێلی سیلکیارا لە ویلایەتی ئوترەخاند لە هیندستان. چەند رۆژێک بوو تیمێکی ئەندازیاری خەریکی هەڵکەندنی تونێلێک بوون، بەڵام لە 12-11-2023 کاتێک ویستیان بۆرییەکی ستیل لە قووڵایی 57 مەتر جێگیربکەن، کۆنکریت و داروپەردووی شوێنەکە بەسەریاندا رووخا و 41 کەس لە ژێرەوە گیریان خوارد.
هێزی نیشتیمانیی بەرپەرچدانەوەی کارەساتەکانی هیندستان، بەرگریی شارستانی، ئەمبوڵانس، پۆلیس و تەنانەت نەخۆشخانەیەکی مەیدانییش لەو شوێنە چاوەڕێن ئەو 41 کەسە رزگار بکرێن و کاری پێویستییان بۆ بکرێت.
پراڤێن یەداڤ، ئەندامێکی تیمی رزگارکردنەکە، رۆژی پێنجشەممە 23-11-2023 رایگەیاند، "نزیکەی 12 مەترمان لە کونکردن و لابردنی کۆنکریت و ئاسن ماوە، رێگەکەمان خاوێنکردووەتەوە و پرۆسەی هەڵکەندن بەردەوامە."
کێشەی سەرەکی، هەروەک یەداڤ باسیکرد، ئەوەیە بەهۆی سەختیی شوێنەکە ئامێرە گەورەکانی هەڵکەندن لە کاردەکەون و تیمی میکانیکی خەریکی چاککردنەوەیان دەبێت ئەمەش کاتێکی زۆری دەوێت. هەندێکجاریش لە ئەنجامی هەڵکەندن داروپەردووی زیاتر بەردەبنەوە و کارەکە قورستر دەکەن.
کەسوکاری گیرخواردووەکان بە پەرۆشەوە لە دەرەوەی تونێلەکە چاوەڕێی ئومێدێکن. چەنچاڵ سینگ، کە ئامۆزایەکی لە ژێرەوە گیری خواردووە گوتی، "ئەو رۆژەی ئەوان دێنە دەرەوە، گەورەترین و خۆشترین رۆژی ئێمە دەبێت."
رۆژی سێشەممە 21-11-2023، هێزەکانی بەرگریی شارستانی لە رێگەی بۆرییەکەوە کامێرایەکیان ناردە ژوورەوە و توانییان ئەو 41 کەسە ببینن. لە ڤیدیۆکە دەرکەوت کە هەموویان زیندوون و لە شوێنێکی کراوەدا گیریان خواردووە کە 8.5 مەتر بەرزە و نزیکەی دوو کیلۆمەتر درێژە. بەرگریی شارستانی هەر لەو بۆرییەوە ئۆکسجین، ئاو، خواردن و کارەبای بۆ دابینکردوون.
ئەندامێکی دیکەی تیمی رزگارکردن ئاشکرای کرد، "لە ئەگەری رزگارنەکردنیان، پلانی تەقاندنەوەی بەشی پشتەوەی تونێلەکەمان هەیە، یان کردنەوەی کونێکی گەورە لە سەرەوەی تونێلەکە بەڵام کارەکە مەترسیدارە."
تونێلی سیلکیارا لەلایەن کۆمپانیای ئەندازیاریی ناڤایوگاوە دروستدەکرێت. پرۆژەی ئەو تونێلە یەکێکە لە پلانەکانی نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان بۆ کەمکردنەوەی ماوەی نێوان هەندێک ناوچەی گەشتیاری و زیادکردنی دەستڕاگەیشتن بە هەندێک ناوچەی ستراتیژیی سنووری نێوان هیندستان و چین. هەرچەندە، بەپێی میدیای هیندستان، شارەزایان هۆشدارییان لەبارەی ئەو پرۆژەیە داوە کە لەوانەیە ببێتە هۆی زنجیرەیەک بوومەلەرزە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ