رووداو دیجیتاڵ
چوار بەرپرسی ئەمریکی رایانگەیاندووە، واشنتن ئامادەکاری دەکات لە چەند رۆژی داهاتوودا قۆناخێکی نوێ لە ئۆپەراسیۆنەکانی پەیوەست بە داهاتووی ڤەنزوێلا دەست پێبکات. ئەمەش وەک رێکارێکی نوێی ئیدارەی ترەمپ بۆ چڕکردنەوەی فشارەکانی سەر حکومەتەکەی نیکۆلاس مادورۆ دێت.
رۆژی یەکشەممە، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چوار بەرپرسی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، سوپای ئەمریکا هێزەکانی لە دەریای کاریبی و نزیک سنوورە دەریاییەکانی ڤەنزوێلا جێگیر کردووە. دوو لەو بەرپرسانەی ئەمریکاش رایانگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنی نهێنی رەنگە قۆناخی یەکەمی هەنگاوە سەربازییەکانی ئەمریکا بێت لە دژی ڤەنزوێلا.
یەکێک لە بەرپرسە ئەمریکییەکان بە رۆیتەرزی راگەیاندووە: "سەرۆک ترەمپ ئامادەیە هەموو هێزێکی ئەمریکا بەکاربهێنێت بۆ رێگرتن لە هاتنی ماددە هۆشبەرەکان بۆ وڵاتەکەمان و راپێچکردنی ئەو کەسانەی بەرپرسیارن بۆ دادگا."
ئیدارەی ترەمپ لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، ستراتیژییەتی بەرامبەر بە رژێمی مادورۆ تووند کردووە و بە بەرپرسیاری سەرەکی دەبینێت لە بڵاوبوونەوەی فراوانی ماددە هۆشبەرەکان لە نێو ئەمریکا.
هەرچەندە نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا، ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و چەندین جار رایگەیاندووە وڵاتەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە باندەکانی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە نییە.
هەروەها دوو بەرپرسی ئەمریکی ئاماژەیان بەوە کردووە کە یەکێک لە بژاردەکانی ئەمریکا کە ئێستا لە بەردەم دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکادایە، بریتییە لە هەوڵدان بۆ لابردنی مادورۆ.
مادورۆ کە لە ساڵی 2013ـەوە لە دەسەڵاتدایە، هەفتەی رابردوو رایگەیاند، ترەمپ دەیەوێت وڵاتەکەی تووشی قەیران بکات و هەوڵی لابردنی دەدات، بەڵام بەڵێنیشی دا هاووڵاتییانی ڤەنزوێلا و سوپای ئەو وڵاتە رووبەڕووی هەموو هەوڵێکی لەو جۆرە دەبنەوە.
چەند مانگێکە، ئەمریکا سەرقاڵی کۆکردنەوەی هێز و سەربازە لە دەریای کاریبی و لە سەرەتای ئەم مانگەشدا، ترەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ ئۆپەراسیۆنی نهێنی سی ئای ئەی لە ڤەنزوێلا هەڵکردووە.
ئەم پێشهاتە نوێیانەی ئیدارەی ترەمپیش لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەوانی فیدراڵیی ئەمریکا هۆشداری بە کۆمپانیا گەورەکانی هێڵی ئاسمانی ئەو وڵاتە دا سەبارەت بە ئەگەری دروستبوونی مەترسی لە کاتی گەشتکردن بەسەر ئاسمانی ڤەنزوێلادا و داوای لێکردن ئاگادار بن.
لە دوای ئەو هۆشدارییەش، سێ هێڵی ئاسمانی نێودەوڵەتی گەشتەکانیان لە ڤەنزوێلاوە هەڵوەشاندەوە.
هەفتەی رابردوو، پیت هێگسیت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، ناساندنی چەند رێکخراوێکی ڤەنزوێلی وەک تیرۆریست، کۆمەڵێک بژاردەی نوێ دەخاتە بەردەم ئەمریکا.
لە دوای ئەو لێدوانەی وەزیری بەرگریش، ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئەو دیاریکردنە رێگە بە واشنتن دەدات هێرش بکاتە سەر سەرمایە و ژێرخانەکانی مادورۆ لە ڤەنزوێلا، لە هەمان کاتیشدا ئامادەیی خۆی دەربڕیووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ مادورۆ بە هیوای دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی.
جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە دەریاکانی نزیک ڤەنزوێلا بریتین لە جێگیرکردنی گەورەترین کەشتی فڕۆکە هەڵگری هێزی دەریایی ئەمریکا ناسراو بە جێراڵد فۆرد، لەگەڵ حەوت کەشتیی جەنگی دیکە و ژێردەریاییەکی ئەتۆمی و فڕۆکەی ئێف 35.
سەرنجی ئێستای هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئۆپەراسیۆنی دژی باندەکانی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان بووە.
لە مانگی ئەیلوولەوە، هێزەکانی ئەمریکا لانی کەم 21 هێرشیان کردووەتە سەر بەلەمەکانی ئەو باندانە و بەهۆی ئەو هێرشانەوە 83 کەس کوژراون.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەو هێرشانە بە کوشتنی نایاسایی خەڵکی مەدەنی ناودەبەن و هەندێک لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکاش نیگەرانی ئەوەیان دەربڕیووە کە بەو هێرشانە واشنتن پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ