رووداو دیجیتاڵ
لە نوێترین زنجیرەی هێرشە خوێناوییەکاندا بۆ سەر پێکهاتەی کریستیان لە نەیجیریا، گرووپە چەکدارەکان لە هێرشێکدا بۆ سەر قوتابخانەیەکی کاتۆلیکی، 315 خوێندکار و مامۆستایان رفاند. سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی کریستیانەکان دەڵێت، سیناریۆی "ئەنفال و کیمیاباران" لەو وڵاتە دووبارە دەبێتەوە و جیهانیش لەبەر "نەوت" بێدەنگیی هەڵبژاردووە.
ئانۆ جەوهەر، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی کریستیانەکان ئاماژە بەوە دەکات، هەزاران کریستیان لە نەیجیریا خەریکە جینۆساید دەکرێن، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهۆی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیانەوە، بێدەنگییان هەڵبژاردووە.
نیوەی قوتابخانەکە رفێنران
بەگوێرەی دوایین زانیارییەکان کە کۆمەڵەی کریستیانەکانی نەیجیریا بڵاویکردووەتەوە، گرووپە چەکدارەکان (کە گومان دەکرێت چەکدارانی بۆکۆ حەرام یان فولانی بن)، هەڵیانکوتاوەتە سەر قوتابخانەی ناوەندیی کچانی کاتۆلیک لە ویلایەتی "نەیجەر". لە ئەنجامدا 303 خوێندکار و 12 مامۆستا بەرەو شوێنێکی نادیار رفێنراون.
ئەم ژمارەیە دەکاتە نیوەی کۆی ئەو خوێندکارانەی لەو قوتابخانەیەدا دەیانخوێند. دۆخەکە بە رادەیەک مەترسیدارە کە بۆلا ئەحمەد تینوبو، سەرۆکی نەیجیریا گەشتەکەی بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی G20 هەڵوەشاندەوە و لە سێ ویلایەتیش (نەیجەر، کاتسینا و پلاتەو) دەرگای قوتابخانەکان داخران.
"ئێمە ئازارەکە دەناسین"
ئانۆ جەوهەر عەبدۆکا، ئەمڕۆ یەکشەممە (23-11-2025)، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، ئەوەی لە نەیجیریا روودەدات، بۆ خەڵکی کوردستان دیمەنێکی نامۆ نییە.
باسی لەوەش کرد، "ئێمە وەکو کریستیانێکی خەڵکی میزۆپۆتامیا و وەک هاووڵاتییەکی کوردستانی، کاتێک سەیری ئەم کۆمەڵکوژییانە دەکەین، یەکسەر (سەیفۆ، سیمێل، ئەنفال، کیمیابارانی هەڵەبجە و جینۆسایدی ئێزیدییەکانمان) بیر دەکەوێتەوە. بێدەنگبوون لەسەر جینۆساید لە هەر شوێنێک بێت، مرۆڤایەتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە."
"نەوت بەرامبەر خوێن"
لە بەشێکی قسەکانیدا، ئانۆ جەوهەر هۆکاری بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاشکرا کرد و بەراوردێکی لەنێوان عێراقی سەردەمی بەعس و نەیجیریای ئێستادا کرد.
ئانۆ جەوهەر گوتی، "چۆن لە کاتی ئەنفال و کیمیاباراندا جیهان بێدەنگ بوو چونکە عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەند بوو بە نەوت، ئێستاش لەبەر ئەوەی نەیجیریا خاوەنی نەوت و گرێبەستی گەورەی وزەیە، وڵاتان بەرژەوەندیی ئابووری دەخەنە پێش ژیانی مرۆڤەکانەوە. ئەم بێدەنگییە شەرمەزارییە، چونکە ژیانی یەک مرۆڤ لە هەموو گرێبەستە نەوتییەکان پیرۆزترە."
ئامارەکان دەچنە خانەی "جینۆساید"
بەپێی ئەو داتایانەی لە راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و قسەکانی ئانۆ جەوهەرەوە کۆکراونەتەوە، نەیجیریا بووەتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان لەسەر خوێنی کریستیانەکان و 90٪ی کوژراوانی کریستیان لە جیهاندا لەو وڵاتەن.
- لە ساڵی 2023 بە تەنیا: 1637 کریستیان کوژراون، 642 کەس رفێنراون و 119 گوند وێران کراون.
- لە 2009 تاوەکو 2025: نزیکەی 25 هەزار کریستیان کوژراون.
- وێرانکاریی ئایینی و پەروەردەیی: 18 هەزار کەنیسە و 2200 قوتابخانەی کریستیان سووتێنراون.
- رفاندن: لە دەیەی رابردوودا نزیکەی 1780 خوێندکار رفێنراون.
ئانۆ جەوهەر ئاماژەی بەوەش دا، تەنیا کریستیانەکان نین، بەڵکو موسڵمانانیش قوربانین و نزیکەی 31 هەزار موسڵمانی میانڕۆ کوژراون، بەڵام ئامانجی سەرەکیی گرووپەکان "سڕینەوەی ناسنامەی کریستیانەکانە".
بازرگانیکردن بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ
سکرتێری هاوپەیمانیی کریستیانەکان، لایەنێکی شاراوەی تاوانەکانی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، بەشێک لەو گرووپانە تەنیا لەبەر ئایدۆلۆژیا خەڵک ناکوژن، بەڵکو "بازرگانی بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ دەکەن" و وەک سەرچاوەی داهات بەکاری دەهێنن، ئەمەش وایکردووە رفاندن ببێتە پیشەیەکی قازانجویست لەسەر خوێنی قوتابیان.
داواکاری و هەڵوێستەکان
سەبارەت بە چارەسەر، ئانۆ جەوهەر رایگەیاند بەرپرسیارێتیی یەکەم لە ئەستۆی حکومەتی نەیجیریایە کە نەیتوانیوە هاووڵاتییانی بپارێزێت، بەڵام "ڤاتیکان تەنیا دەسەڵاتی رۆحی و دیپلۆماسی هەیە و سوپای نییە"، بۆیە پێویستە وڵاتانی خاوەن هێز بێنە سەر هێڵ.
لەوبارەیەوە ستایشی هەڵوێستەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای کرد کە گرنگی بە دۆسیەی کریستیانەکان دەدات. هاوکات، "هاوپەیمانیی کریستیانەکان" لە راگەیێندراوێکدا سێ داواکاریی ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایش و یەکێتیی ئەورووپا کردووە:
1. دەستێوەردانی بەپەلە بۆ پاراستنی مەدەنییەکان.
2. پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکان.
3. دابینکردنی پاڵپشتیی ئەمنی بۆ پاراستنی قوتابخانە و کەنیسەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ