رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ڤیێتنام رایانگەیاند، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ، لافاو و هەرەسهێنانی زەویەوە، لانیکەم 90 کەس گیانیان لەدەستداوە، خەڵکێکی زۆر لەسەر سەربانی ماڵەکانیان گیریان خواردووە و رێگە شاخاوییەکان داخراون.
لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمەوە بارانی بەخوڕ نێوەڕاست و باشووری ڤیێتنامی گرتووەتەوە و شوێنە گەشتیارییەکان چەندینجار بەر لافاو کەوتوون، زیانە ئابوورییەکانیش بە سەدان ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێن.
لە چەند رۆژی رابردوودا، بەشێکی شاری "نها ترانگ"ـی کەناراوەکان نقوم بوو، هەروەها هەرەسی کوشندە لە ناوچە شاخاوییەکانی دەوروبەری ناوچەی گەشتیاریی "دا لات" روویدا.
لە پارێزگای داک لاک کە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، ماچ ڤان سی، جووتیاری تەمەن 61 ساڵ گوتی، لافاوەکە وایکردووە خۆی و هاوژینەکەی بۆ ماوەی دوو شەو لەسەر سەربانی ماڵەکەیان بمێننەوە.
ئەو جووتیارە رۆژی یەکشەممە بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "گەڕەکەکەمان بە تەواوی وێران بووە. هیچ نەماوەتەوە. هەموو شتێک بە قوڕ داپۆشراوە".
ماچ ڤان سی دەڵێت، کاتێک بە پەیژە چووەتە سەر بانەکە ترسی نەماوە، بەڵام "تەنیا بیرم لەوە دەکردەوە کە دەمرین، چونکە هیچ رێگەیەک بۆ رزگاربوون نەبوو".
وەزارەتی ژینگە لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کردووە، لەو 90 کەسەی لە 16ـی تشرینی دووەمەوە گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە 60 کەسیان لە داک لاک بوون، کە تێیدا دەیان هەزار خانوو ژێرئاو کەوتوون.
"وێرانەیەکی پڕ لە قوڕ"
لە بازاڕی "توی هۆ" لەو پارێزگەیە ئاستی ئاوەکە دابەزیوە، بەڵام ڤۆ هوو دوو، فرۆشیاری تەمەن 40 ساڵ دەڵێت، ئەو کڵاو و جانتا و پێڵاوانەی دەیفرۆشتن هێشتا تەڕن یان لەناو قوڕدا ماونەتەوە.
ئەو گوتی: "کاڵاکانم بوونەتە وێرانەیەکی پڕ لە قوڕ، تەنانەت نازانم لە کوێوە دەستپێبکەم".
دوو گوتی: "لە هەموو ساڵانی رابردوودا، بەرزترین ئاستی ئاو لە ساڵی 1993 بوو، کە تەنیا تاوەکو قولەپێ دەهات، بەڵام ئێستا ئاوەکە زیاتر لە مەترێک بەرزبووەتەوە".
لە هەفتەی رابردوودا لە داک لاک و چوار پارێزگای دیکە، زیاتر لە 80 هەزار هێکتار زەویی چاندنی برنج و بەرهەمەکانی دیکە زیانیان بەرکەوتووە؛ هەروەها زیاتر لە 3.2 ملیۆن سەر ئاژەڵ و پەلەوەر مرداربوونەتەوە یان لافاو بردوونی.
بەگوێرەی میدیای فەرمیی ڤیێتنام، دەسەڵاتداران هێلیکۆپتەریان بۆ گەیاندنی هاوکاری بەکارهێناوە بۆ ئەو ناوچانەی بەهۆی لافاو و هەرەسەوە دابڕاون؛ حکومەت دەیان هەزار کارمەندی بۆ گەیاندنی جلوبەرگ، حەبی پاککردنەوەی ئاو، خۆراک و پێداویستیی دیکە رەوانە کردووە.
وەزارەتی ژینگە رایگەیاندووە، رۆژی یەکشەممە بەشێک لە رێگە سەرەکییەکان بەهۆی لافاو و هەرەسەوە هەر داخراو بوون و هێڵەکانی شەمەندەفەریش لە هەندێک شوێن کار ناکەن.
وەزارەتەکە زیانە ئابوورییەکانی لافاوەکەی لەو پێنج پارێزگایە بە 343 ملیۆن دۆلار مەزەندە کردووە.
بەگوێرەی ئاماری فەرمی، لە مانگی کانوونی دووەمەوە تاوەکو تشرینی یەکەم، کارەساتە سرووشتییەکان لە ڤیێتنام بوونەتە هۆی گیانلەدەستدان یان بێسەروشوێنبوونی 279 کەس و زیانی زیاتر لە 2 ملیار دۆلاریان لێکەوتووەتەوە.
ئەو وڵاتەی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا لە نێوان مانگەکانی حوزەیران و ئەیلوولدا بارانی بەخوڕی لێ دەبارێت، بەڵام زانایان دەڵێن گۆڕانی کەشوهەوا کە مرۆڤ هۆکارەکەیەتی، وایکردووە رووداوەکان زیاتر و وێرانکەرتر بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ