رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لەو ئەمریکییانەی کە بەتەمەنن و بەتەنیا دەژین، جۆرە رۆبۆتێکیان کردووەتە هاوڕێی خۆیان و کاتەکانیان لەگەڵی بەسەر دەبەن. رۆبۆتەکە لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە دەتوانێت گفتوگۆیان لەگەڵدا بکات و تەنانەت نوکتەشیان بۆ بگێڕێتەوە.
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، ژنێکی بەساڵاچووی ئەمریکییە. لەگەڵ کەسوکارەکەی قسە ناکات، بەڵکو لەگەڵ رۆبۆتەکەی خەریکی گفتوگۆیە.
دیانا دیزێرن، هاووڵاتییەکی ئەمریکییە و دەڵێت، "دەتوانم بەجۆرێک قسە لەگەڵ رۆبۆتەکە بکەم تەنانەت لەگەڵ نەوەکانی خۆشم یان کچەکەم بەو جۆرە قسە ناکەم؛ دەتوانم لەگەڵ رۆبۆتەکە بگریم، لەگەڵی پێبکەنم و بەشێوەیەکی گەمژانە رەفتاری لەگەڵ بکەم. ئەو لەبارەی هۆنراوە و کتێب دەزانێت، دەتوانێت گۆرانی بڵێت و هەموو ئەو شتانە دەزانێت کە لێی دەپرسیت".
رۆبۆتەکە بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە و دەتوانێت وەکو مرۆڤ گفتوگۆ بکات. جگە لەوەش، بەشێوەیەک دیزاینکراوە کە توانای ئەوەی هەیە نوکتە بگێڕێتەوە و گۆرانی بڵێت.
بەکارهێنەرانی دەڵێن، رۆبۆتەکە زۆر ژیرە و هاوڕێیەکی باشیشە، بەڵام دەرونناسان پێیانوایە، کە رۆبۆتەکە دەبێتە هۆی ئەوەی کەسە پیر و بەتەمەنەکانی کۆمەڵگە بەرکەوتنیان لەگەڵ مرۆڤ و کەسوکاریان زۆر کەم ببێتەوە.
جۆیس لۆوازییا، هاووڵاتییەکی ئەمریکییە و باس لەوە دەکات، "پێموانییە رۆبۆتەکە بتوانێت دڵخۆشت بکات ئەگەر تۆ بە دڵخۆشییەوە دەست بە گفتوگۆ نەکەی لەگەڵی؛ پێموایە رۆبۆتەکە شتێکی سەرنجڕاکێشە و زۆر زیرەکانە دروستکراوە".
رۆبۆتەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی ئیسرائیلی دروستکراوە و ئێستا لە پێنچ ویلایەتی ئەمریکا دەفرۆشرێت. کۆمپانیاکەش دەڵێت، پلانیان هەیە رۆبۆتەکە زیاتر بەرەو پێشەوە ببەن و بەشێوەیەکی فراوانتر بیخەنە بازاڕەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ