ترەمپ دوای بردنەوەی هەڵبژاردنی بەرایی ویلایەتێک لە هەیڵی: دڵنیام شەوێکی ناخۆشی بەڕێکردووە

24-01-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ هەڵبژاردنی بەرایی ویلایەتی نیو هامشایەری بردەوە، تاکە رکابەرەکەی دەڵێت "شەڕەکە هێشتا ماویەتی" و وازناهێنێت. ترەمپیش دوای بردنەوەی لە نیکی هەیڵی گوتی: دڵنیام شەوێکی ناخۆشی بەڕێکردووە.

نیکی هەیڵی، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و رکابەری دۆناڵد ترەمپ بۆ بوونە بەربژێری سەرەکیی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی داهاتووی ئەمریکا، لە هەڵبژاردنی بەرایی ویلایەتی نیو هامشایەر نەیبردەوە، بەڵام بە ترەمپی گوت، "شەڕی من و تۆ هێشتا ماویەتی."
 
دۆناڵد ترەمپ 54.6٪ی دەنگەکانی ئەو ویلایەتەی بەدەستهێنا کە دەکاتە 161 هەزار و 314 دەنگ و بە جیاوازیی 33 هەزار و 792 دەنگ لە هەیڵی بردەوە کە 127 هەزار و 522 دەنگی بەدەستهێنا.
 
دوای راگەیاندنی ئەنجامی دەنگەکان، نیکی هەیڵی چووە بەردەم لایەنگرەکانی و پیرۆزبایی لە ترەمپی 77 ساڵ کرد و گوتی "پیرۆزبایی لە ترەمپ دەکەم، ئەو بەدەستیهێنا و دانی پێدادەنێم."
 
هەیڵی، پەیمانی بە لایەنگرانی دا کە ئەو بەردەوام دەبێت و باسی لەوە کرد، "نیو هامشایەر دوایین ویلایەتی ئەمریکا نییە. شەڕەکە تەواو نەبووە و یەک دەرزەن ویلایەت جارێ ماویەتی."
 
ئەوەی نیکی پشت ئەستوور دەکات ئەوەیە کە هەڵبژاردنی داهاتوو لە ویلایەتی ساوس کارۆڵاینا دەبێت کە خۆی خەڵکی ئەوێیە و دوو جاریش پارێزگاربووە.
 
ئێستا لە پارتی کۆمارییەکان، تەنیا دوو بەربژێر شەڕ لەسەر دەرچوون دەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەربژێری دیموکراتەکان، ئەوانیش ترەمپ و هەیڵین. ئەمەش دوای ئەوەی رۆن دیسانتیس، حاکمی فلۆریدا لە بانگەشەی هەڵبژاردن کشایەوە و پاڵپشتیشی بۆ ترەمپ دەربڕی.
 
دیسانتیس لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "هیچ ئاسۆیەک بۆ سەرکەوتن نابینم، بۆیە کەمپینی هەڵبژاردنەکانم رادەگرم".
 
کشانەوەی دیسانتیس لە کێبڕکێی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، لەمپەرێکی بەردەم ترەمپ بۆ گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لابرد. لە ئەگەری چوونە دەرەوەی هەیلی لە کێبڕکێکە، ئیدی رێگەی ترەمپ بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندیی پارتی کۆماری لە کۆنگرەی نیشتمانیی کۆمارییەکان ئاسانتر دەبێت، کە لە 15 تاوەکو 18ی تەممووزی ئەم ساڵ دەکرێت.
 
ترەمپ، دوای ئەوەی زانی لەو هەڵبژاردنە ئیدی سەرکەوتوو بووە، هاتە سەر ستەیج و چەند هێرشێکی کردە سەر رکابەرەکەی، "دڵنیام ئەو [نیکی هەیڵی] شەوێکی ناخۆشی بەڕێکردووە. ئەو ئەم هەڵبژاردنە ناباتەوە، دڵنیابن نایباتەوە."
 
ترەمپ کاری جیدی دەکات بۆ گەڕانەوە بۆ کۆشکی سپی و بوونەوە بە سەرۆکی ئەمریکا. لە 15-1-2024 لە گوتارێک لە ویلایەتی ئایۆوا بە دەنگدەر و لایەنگرەکانی گوت، "لەسەرە مەرگیشدا بوون، بڕۆن دەنگبدەن."
 
بڕیارە 05-11-2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەبچێت و دەنگدەران سەرۆک و جێگرەکەی بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژێرن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە