رووداو دیجیتاڵ
گەورەترین دیاسپۆرای رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە ئەوروپا، لە ئەڵمانیا دەژین. داتاکانی وەزارەتی نێوخۆی ئەڵمانیا دەریدەخەن کە 975 هەزار کۆچبەر لە ئەڵمانیا هەن کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریان؛ واتە نزیکەی ملیۆنێک.
تەنیا ساڵی 2024، زۆرتر لە 77 هەزار کۆچبەری خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە ئەڵمانیا داوای مافی پەنابەرییان کردووە.
لەو نزیکەی یەک ملیۆن کۆچبەرە، 607 هەزار کەسیان مافی مانەوەیان دراوەتێ بۆ ماوەیەکی دیاریکراو؛ 340 هەزار کەسیشیان مافی پەنابەرییان وەرگرتووە و 266 هەزاریشیان لە چوارچێوەی هێنانی ئەندامانی خێزاندا مافی مانەوەیان هەیە.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی ئەڵمانیای فیدراڵ رایگەیاندووە، پێشتر بۆ کۆچبەرانی وڵاتانی دیکە پرۆگرامێکیان داناوە و لەم مانگەوە پرۆگرامەکە کۆچبەرانی سوورییش دەگرێتەوە.
هەر کەسێک بیەوێت بگەڕێتەوە، حکومەتی ئەڵمانیا 1700 یۆرۆی دەداتێ و خەرجیی گەڕانەوەشی لەئەستۆ دەگرێت. بۆ ماڵباتیش 4000 یۆرۆیان دەداتێ؛ هەروەها ماڵبات دەتوانن لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی مانەوەیاندا لە وڵاتی خۆیان، هەر کەسەیان 2000 یۆرۆ وەکو یارمەتی بۆ خەرجییە تەندروستییەکانیان وەربگرن.
نزیکەی یەک ملیۆن دیاسپۆرای خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لە ئەڵمانیا دەژین
لەسەر ئاییندەیان لێرە و ئاییندەی رۆژئاوای کوردستان و سووریاش، ژمارەیەک چالاکی فەرهەنگیی رۆژئاوای کوردستان رۆژانی رابردوو کۆبوونەوەیەکی راوێژکارییان لە شاری دووسەلدۆرفی ئەڵمانیا کرد. سێ کەس لەوانەی بەشداربوون لە کۆبوونەوەکەدا میوانی دیاسپۆرا بوون، کە بریتین لە ئیدریس عومەر، کامیران حاجی عەبدۆ و شادی حاجی، کە هەرسێکیان دیاسپۆرانشینی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن و باسی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان کرد.
سەرەتا شادی حاجی روونیکردەوە، کارەکانی کۆمەڵە کوردییەکانی ئەڵمانیا رۆڵیان نەبووە لەسەر بڕیارەکانی حکومەتی ئەڵمانیا سەبارەت بە رۆژئاوا و سووریا، "پێویستە گەنجانی کورد لە ئەڵمانیا تێکەڵ بە پارتەکانی ئەڵمانیا ببن، ئەوان دەتوانن لە رێگەی پارتەکانی ئەڵمانیاوە رۆڵیان لەسەر بڕیاری حکومەت هەبێت، هەم بۆ وڵاتەکە و هەم بۆ سووریا و رۆژئاوای کوردستانیش."
شادی حاجی گوتیشی، "تاوەکو ئێستا دۆخی سووریا ناڕوونە و مافی هەموو پێکهاتەکان لە دەستووری سووریا جێگیر نەبێت، ترس هەر دەمێنێت." دووپاتیشی کردەوە، داواکاریی سەرەکیی کۆمەڵەکەیان چەسپاندنی سیستمی فیدراڵییە لە سووریا و ئامانجی سەرەکییانە کە رۆژئاوای کوردستان ببێتە هەرێمێکی فیدراڵی لە سووریای داهاتوو.
لای خۆیەوە د. کامیران حاجی عەبدۆ سەبارەت بە داهاتووی سووریا و رۆژئاوای کوردستان و کاریگەریی بەسەر کۆچبەرانی ئەو وڵاتە لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپاوە گوتی، "ئارامی و ئاسایش و ژیان لە سووریا بەدیبێت، زۆربەی کۆچبەرانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان کەلە وڵاتانی ئەورووپا دەژین، دەگەڕێنەوە."
د. کامیران حاج عەبدۆ روونیکردەوە، حکومەتی ئەڵمانیا دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە بنیاتنانی ئارامیی سووریا و باشترکردنی ژیانی ئابووری، جگە لە ئەڵمانیا وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بەگشتی دەتوانن ئەم رۆڵە بگێڕن، بۆیە بەم هەنگاوە بە رێژەیەکی زۆر کۆچبەران دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، بەمەش باری سەرشانی ئەم وڵاتانە لە بوونی کۆچبەر کەم دەبێتەوە، "ئەگەر حکومەتی داهاتووی سووریا بتوانێت ئاسایش و سەقامگیری و دۆخی ئابووری باشتر بکات، بەتایبەتی لە بەشی رۆژئاوای کوردستان، ئەوا بە دڵنیاییەوە زۆربەی هەرەزۆری کوردی رۆژئاوای کوردستان کە لە ئەورووپا نیشتەجێن، بەتایبەت لە وڵاتی ئەڵمانیا دەگەڕێنەوە و خزمەت بە نەتەوە و وڵاتەکەیان دەکەن."
سیستمی فیدراڵی بۆ حوکمڕانیی داهاتووی سووریا باسێکی گەرمە لەنێو دیاسپۆرای کوردی لە ئەورووپا، بەردەوام چالاکیی سیاسی لەوبارەیەوە دەکرێن و چالاکڤان و سیاسەتڤانانی کوردی رۆژئاوا لە ئەورووپا، بەتایبەت لە ئەڵمانیا، دەیانەوێت لۆبییەکی گەورە بۆ چەسپاندنی سیستمی فیدراڵی لە سووریا دروستبکەن و قەناعەت بە وڵاتانی ئەورووپا بکەن، بۆئەوەی پشتیوانی لەو پرۆژەیە بکەن.
ئیدریس عومەر کە چالاکوانێکی دیاری دیاسپۆرای کوردی رۆژئاوایە لە سووریا و ئەندامی کۆمەڵەی کوردییە لە ئەڵمانیا، سەبارەت بە ئامانجی کۆمەڵەکەیان گوتی، "داوای سیستمی فیدراڵی دەکەین لە سووریا، هەرچەندە دەزانین کەمێک قورسە، هۆکارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە عەرەبی سووریا فیدراڵی ناناسن و بە پارچەبوونی وڵاتی دەزانن و لێکی دەدەنەوە، بەڵام لە واقیعدا فیدراڵی یەکبوونە، پارچە پارچەبوون نییە و سووریا بە یەکپارچەیی دەهێڵێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ