رووداو دیجیتاڵ
بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا 160 پەناخوازی دەستبەسەرکراو لە ئەمریکاوە دیپۆرتی گواتیمالا کران. وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش ئامادەکاری دەکات سەربازی زیاتر رەوانەی سنووری باشووری وڵاتەکە بکات.
رۆژی هەینی 24-01-2025 بەرپرسێکی ناونەهێندراوی کابینەی ترەمپ بە ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرزی راگەیاند، دوو فڕۆکەی سەربازیی جۆری C-17ی ئەمریکی، هەریەکەیان 80 پەناخوازی دیپۆرتی گواتیمالا کردەوە.
کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "دیپۆرتکردنەوە دەستی پێکردووە. ئیدارەی ترەمپ سەدان پەناخوازی نایاسایی بە فڕۆکەی سەربازی دیپۆرتی دەرەوەی ئەمریکا دەکاتەوە."
لیڤیت هەروەها رایگەیاند، "ئیدارەی ترەمپ 538 پەناخوازی تاوانباری نایاسایی دەستگیرکردووە. یەکێکیان تیرۆریستێکی گومانلێکراوە و چەند کەسێکیشیان تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسییان بۆ سەر منداڵان لەسەرە."
گوتەبێژەکەی کۆشکی سپی رایگەیاند، "بەڵێن دراوە و جێبەجێ دەکرێت."
20-01-2025 دۆناڵد ترەمپ سوێندی یاسایی خوارد و بووەوە سەرۆکی ئەمریکا. ترەمپ هەر زوو رایگەیاند، رێگە لە کۆچبەران دەگرن و پەناخوازە نایاساییەکانیش دەنێرنەوە وڵاتی خۆیان.
بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، لە مێژووی نوێی ئەمریکادا ئەمە یەکەمجارە فڕۆکەی سەربازی بۆ گواستنەوەی پەناخوازان بۆ دەرەوەی ئەمریکا بەکاربهێندرێت.
ترەمپ هەروەها فەرمانێکی جێبەجێکاری واژۆکرد و تێیدا فەرمانی بە پێنتاگۆن کرد "بۆ کۆنترۆڵکردنی سنووری باشووری ئەمریکا" زۆرترین سەرباز رەوانە بکات.
هەر بە گوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، سوپای وڵاتەکە ئامادەکاری بۆ گواستنەوەی زیاتر لە 5000 پەناخواز دەکات کە ئێستا لە شارەکانی ئێل پاسۆ لە تێکساس و سان دیێگۆ لە کالیفۆرنیا دەستبەسەرن.
سەرەتای ئەم هەفتەیە، ئیدارەی ترەمپ رایگەیاند، سوپای ئەمریکا هەزار و 5400 سەرباز دەنێرێتە سنووری نێوان وڵاتەکە و مەکسیک.
چەند بەرپرسێکی پێنتاگۆن بە رۆیتەرزیان گوتووە، سوپا ئامادەکاری بۆ ناردنی کۆمەڵێک سەرباز لە یەکەی 82 دەنێرنە سنوور.
سەربازانی یەکەی 82ـی سوپای ئەمریکا بۆ ئەوە راهێنراون کە لە کاتی دروستبوونی قەیران و شەڕ لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان، رەوانە دەکرێن.
بەگوتەی بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئەمریکا، "چوار فڕۆکەی سەربازی لە جۆرەکانی C-17 و C-130 بۆ گواستنەوەی پەناخوازەکان ئامادەکراون."
نزیکەی 11 ملیۆن پەناخوازی تۆمارنەکراو لە ئەمریکا دەژین، هەندێکیان ساڵانێکە لەوێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ