رووداو - هەولێر
بەرپرسانی ئەمریکا رایدەگەیێنن، هەزاران ئەکاونتی پەیوەست بە رووسیا لە سۆشیاڵمیدیاکان بوونەتە بەشێک لە هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئامانجیان زیانگەیاندنە بە وێنەی ئەمریکا.
بەرپرسانی ئەمریکا پێیانوایە هەوڵەکانی ئەو هەڵمەتە جگە لەوەی بۆ زیانگەیاندنە بە وێنەی ئەمریکا، هەوڵێکیشە بۆ گەنگەشەکردنی تیۆرە بێبنەماکانی پیلانگێڕی بەوەی کە ئەمریکا لەپشت بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسەکەوەیە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە میدیاکانی راگەیاندووە، ئەکاونتی ساختە لە فەیسبووک، توویتەر و ئینستاگرام دروستکراون بۆئەوەی هەڵمەتەکە بە چەندین زمان بگات بە زۆرترین خەڵکی جیهان.
فیلیپ ریکەر، سکرتێری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئەوروپا و ئۆراسیا بە وەکالەت، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامانجی رووسیا چاندنی جیاوازی و لاوازکردنی دامەزراوەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەتی.
بەپێی راپۆرتێکی ئامادەکراوی ناوەندی هەماهەنگیی جیهانیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هەزاران هەژمار بەنزیکەیی هەمان پەیام لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بڵاودەکەنەوە، ئەکاونتەکانیش پێشتر پۆستەکانیان بۆ لایەنگیریکردنی رووسیا بووە لەسەر پرسەکانی سووریا، هێلەک زەردەکانی فەرەنسا و خۆپێشاندانەکانی چیلی.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لەوە دەکرێت کە ئەمریکا و دەزگای هەواڵگریی سی ئای ئەی، لەڕێگەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە جەنگی بایۆلۆجییان دژی چین راگەیاندووە؛ جگە لەمەش هەژمارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کۆمپانیای مایکرۆسۆفت و بیڵ گەیتسی دامەزرێنەری بەوە تۆمەتباردەکەن کە بەشدارە لە بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسەکەدا.
راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ، هەژمارەکان لەلایەن مرۆڤەوە بەڕێوەدەبرێن نەک رۆبۆت و پۆستەکانیش بە زمانەکانی ئینگلیزی، ئیسپانی، ئیتاڵی، ئەڵمانی و فەرەنسین.
هەر لە راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا تیشک خراوەتەسەر ئەو زانیارییانەی کە لیژنەی ئاسایشی دەوڵەتی سەر بە رووسیا لە ساڵانی 1980 لەبارەی ڤایرۆسی ئایدز، ناسراو بە HIV، بڵاویکردنەوە و زانایانی ئەمریکای بە بڵاوبوونەوەی تۆمەتباردەکرد.
بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کە بە ناوی زانستی کۆڤید-19 دەناسرێتەوە، تاوەکو ئێستا دوو هەزار و 619 کەس لە جیهاندا گیانیان لەدەستداوە، ژمارەی ئەو کەسانەش کە تووشی ڤایرۆسەکە بوون گەیشتووەتە 79 هەزار و 360 کەس، هاوکات 25 هەزار و 44کەسیش چارەسەریان وەرگرتووە و چاکبوونەتەوە. زۆرینەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و تووشی ڤایرۆسەکە بوون لە چینن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ