رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی بەریتانیا دەڵێت، سێ کەسیان دەستگیر کردووە، کە پەیوەندییان بە خنکانی پێنج کۆچبەر هەیە، کاتێک ویستوویانە لە فەرەنساوە بپەڕنەوە بەریتانیا.
رۆژی چوارشەممە، 24-04-2024، ئاژانسی نیشتمانیی نەهێشتنی تاوان - NCA لە بەریتانیا رایگەیاند: "سێ کەسی سوودانی، بە تۆمەتی رێکخستنی گەشتی نایاسایی بۆ کۆچبەران و بڕینی سنووری بەریتانیا بە نایاسایی کە خنکانی پێنج کەسی لێکەوتەوە، دەستگیرکراون."
لەبارەی رووداوی خنکانی ئەو پێنج کۆچبەرە کە یەکێکیان منداڵ بوو؛ کریگ تێرنەر، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەکان لە ئاژانسی NCA گوتی: "ئەو رووداوە خەمناکە دووبارە ئەوەمان پیشاندەدات، کە چەند گرنگە ئەو باندە تاوانکارییانە دەستگیر بکرێن کە تێوەگلاون لە رێکخستنی ئەو گەشتە نایاساییانە."
تێرنەر گوتیشی: "لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە بەریتانیا و فەرەنسا ئەوەی لە توانامان بێت دەیکەین، بۆ ئەوەی بەڵگەی پێویستمان لەسەر هەموو ئەوانەی بەرپرسیاری ئەو رووداوەن، دەستبکەوێت و رووبەڕووی دادگەیان بکەینەوە."
ئاژانسە بەریتانییەکە هەروەها دەڵێت پۆلیسی فەرەنساش لە لێکۆڵینەوەکە بەشدارن.
رۆژی سێشەممە میدیای بەریتانی رایگەیاند: "پێنج کۆچبەر لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتنە بەریتانیا لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە، خنکان. بەلەمەکە 112 کۆچبەری لەسەر بووە و 50 کەسیان لەلایەن تیمە فریاگوزارییەکان رزگارکراون."
جەیمس کلیڤەرلی، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە توویتێکدا لەسەر رووداوەکە رایگەیاند: "پێویستە ئەم تراژیدیایانە بوەستن. بارودۆخێک قبوڵ ناکەم کە ژیانی خەڵکێکی زۆر لەنێوببات."
تائێستا دیار نییە بەلەمەکە ژێرئاو کەوتبێت یان کۆچبەرەکان لەسەر بەلەمەکە کەوتبن.
لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، زیاتر لە شەش هەزار کۆچبەر لە رێگەی بەلەمەوە بە گەشتی نایاسایی خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا.
لە 2023ـدا 29،437 کۆچبەر گەیشتنە بەریتانیا، ئەمەش 36٪ کەمترە بەراورد بە ساڵی 2022، کاتێک 45,774 کۆچبەر پەڕینەوە بەریتانیا.
رووداوەکە تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوە دێت؛ شەوی دووشەممە پەرلەمانی بەریتانیا پڕۆژەیاسای ناردنی کۆچبەرانی بۆ رواندا پەسند کرد، ئەگەر ئەنجوومەنی لۆردەکانیش پەسندی بکات، بەگوتەی ریشی سووناک سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، لەماوەی 10 بۆ 12 هەفتەی دیکە، یەکەم کاروانی کۆچبەران بە فڕۆکە دەنێردرێن بۆ رواندا تاوەکو کەیسەکانیان یەکلادەکرێتەوە.
سووناک دەڵێت 2200 ناوەندیان بۆ کۆچبەرانی نایاسایی ئامادەکردووە، تاوەکو کەیسەکانیان یەکلایی دەبنەوە
دەشڵێت لایەنی دادوەری لە بەریتانیا 25 دادگە و 150 دادوەر، 200 پارێزەر و راوێژکاریی یاسایی دیاریکردوون بۆ پرۆسەی دادگاییکردنی کۆچبەران کە لە توانایاندایە 5000 رۆژ دانیشتنی دادگە بەڕێوەببەن.
ئالان عەلی، پارێزەری نێودەوڵەتی لە بواری کۆچبەران، لە کاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نووڕۆژ، بۆ رووداو ئاشکرای کرد: "تەنیا پەنابەرانی ئەفغانستان لەو یاسایەی پەرلەمان هەڵاوێرد کراون و نانێردرێنە رواندا". گوتیشی: "کۆچبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەو بژاردانەن کە دەخرێنە نێو ئەو یاسایە بۆ ناردنیان بۆ رواندا."
پلانی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا کە ناونراوە "هاوبەشیی کۆچبەری و گەشەسەندنی ئابووری لەنێوان بەریتانیا و رواندا" یاخود "پلانی پەناخوازی رواندا" بۆ یەکەمجار لە نیسانی 2022 لەلایەن پرێتی پاتێل، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا و ڤینسێنت بیروتا، وەزیری دەرەوەی رواندا واژۆی لەسەر کرا.
پڕۆژەکە وابوو؛ ئەو کۆچبەرانەی بە نایاسایی دەگەنە بەریتانیا، دەنێردرێنە رواندا و لە چەند هۆتێلێکدا نیشتەجێ دەکرێن تاوەکو مامەڵەی داوای پەناخوازیان یەکلادەبێتەوە، بەڵام لەژێر گوشاری نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دادگەی باڵای بەریتانیا، پڕۆژەکە راگیرا، بەو پێیەی گەرەنتیی سەلامەتی کۆچبەران نەدەکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ