رووداو دیجیتاڵ
"رەنگە جەنگێکی وێرانکەری جیهانی لە نێوان چین و ئەمریکا رووبدات"، "بڵاوبوونەوە و مەترسیی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی"، "جەنگەکانی ئۆکراینا و غەززە، نەبوونی چارەسەرێکی دڵخواز بۆ کیێڤ و ئاشتییەکی بەردەوام بۆ فەلەستین و ئیسرائیل"، "جیهانێکی فرە جەمسەردارتر و پاشەکشەی دیموکراسی." ئەمانە تەنیا بەشێکن لە سیناریۆکانی داهاتوو، کە شارەزایانی جیهان باسیانکردووە.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی (ئەتڵەنتیک کاونسڵ) کە بارەگای سەرەکی لە واشنتنی ئەمریکایە و تەمەنی 64 ساڵە؛ راپرسییەکی کردووە کە "سیمای جیهان لە دوای 10 ساڵی دیکە چۆن دەبێت." لە راپرسییەکەدا 350 شارەزای بواری جۆراوجۆر وەڵامیان داوەتەوە. راپرسییەکە لە مانگی 12ـی ساڵی 2024ـدا دەستیپێکردووە و نزیکەی سێ مانگی خایاندووە.
دەکرێت زۆربەی سیناریۆکان ترسناک و ناخۆش دەرکەون، بەڵام هەموو پێشبینییەکانیش هێندە بێهیوا نین. بۆ نموونە، لەو راپرسییە 58٪ـی بەشداربووان گوتوویانە، ئەوان هەست دەکەن کە ژیریی دەستکرد کاریگەرییەکی ئەرێنیی لەسەر کاروباری جیهاندا دەبێت، ئەمەش 7٪ بەراورد بە راپرسیی پێشوو زیاترە کە لە 2024 کرا. نزیکەی نیوەی بەشداربووان پێیانوابووە لەسەر ئاستی جیهاندا، هاوئاهەنگییەکی زیاتر بۆ پرسی گۆڕانی کەشوهەوا دەکرێت.
ئەوەی جێگەی نیگەرانی و هەڵوەستە لەسەرکردنە، لە راپرسییەکەدا 62٪ـی بەشداربووان پێیانوابووە جیهان 10 ساڵی دیکە لە ئێستا باشتر نابێت، بەڵکو خراپتر دەبێت. 38٪ پێشبینییان کردووە کە جیهان دەیەیەکی دیکە، باشتر دەبێت نەک خراپتر.
نزیکەی نیوەی بەشداربووانی ئەو راپرسییە خەڵکی ئەمریکان، ئەوانی دیکە خەڵکی 60 وڵاتی سەرانسەری جیهانن. لە راپرسییەکەدا پرسیار لەسەر 10 پرسی زۆر گرنگی جیهانی کراوە، بەشداربووەکانیش کە هەرکەس لە بوارێکدا شارەزایی هەیە، وەڵامیان داوەتەوە.
یەکەم: پێشبینی روودانی جەنگی ئەتۆمی دەکرێت
پرسیارەکە دەڵێت: "پێتوایە تاوەکو 10 ساڵی دیکە جەنگێکی دیکەی جیهانی دەبینین؟" ناوەندەکە شەڕی بە جۆرێک پێناسە کردووە کە زلهێزەکانی جیهان لەخۆبگرێت و چەندین بەرەشی لێبکەوێتەوە.
39.5٪ـی بەشداربووان گوتیان بەڵێ و 59.5٪ـیش بە نەخێر وەڵامی دایەوە.
بەشداربووان پێشبینییان کردووە لە ئەورووپا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پشێویی زیاتر دەکەوێتەوە، هەروەها تەنگژەکانی نێوان ئەمریکا و چین زیاد دەکەن، لەلایەکی دیکە هاوکاریی نێوان چین، رووسیا، کۆریای باکوور و ئێران زیاتر دەبن.
فلیپ زێلیکۆ، مێژوونووس و دیپلۆماتی پێشووی ئەمریکا لە توێژینەوەیەکدا رایگەیاند، 20٪ بۆ 30٪ ئەگەری ئەوە هەیە لە یەک بۆ سێ ساڵی داهاتوو، جەنگێکی "جیهانی" بکەوێتەوە و "مەترسییەکی گەورە" بڵاوببێتەوە.
هەر بە پشتبەستن بە وەڵامی بەشداربووان، ئەو جەنگە ئەگەری ئەوەی هەیە چەکی ئەتۆمیشی تێبکەوێت. 48٪ـی ئەوانەی وەڵامی پرسیارەکانیان داوەتەوە پێیانوابووە لە ماوەی دەیەی داهاتوو، لانیکەم وڵاتێک چەکی ئەتۆم بەکاردەهێنێت.
لەوانەیە شەڕێکی لەوجۆرە سنووری هەسارەی زەوی ببڕێت و بگاتە بۆشایی ئاسمانیش. 45٪ـی وەڵامدەرەوان پێشبینیی ئەوەیان کردووە جەنگێکی رووبەڕووی سەربازی لە ئاسمانیش دەکرێت.
گورز بەر ئابووریی جیهان دەکەوێت. 28٪ دەڵێن، جەنگ دەبێتە تاکە مەترسیی گەورە بۆ سەر خۆشگوزەرانیی جیهان لە 10 ساڵی داهاتوودا.
پرسیار: تاکە مەترسیی گەورە لەسەر خۆشگوزەرانیی جیهان لەماوەی 10 ساڵی داهاتوو چییە؟
گۆڕانی کەشوهەوا: 29.9٪
هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان زلهێزەکان: 27.6٪
کەمبوونەوەی بازرگانی: 13.5٪
گۆڕانی دیمۆگرافیا: 8.2٪
شتی دیکە: 7.6٪
لەدەستدانی کار بەهۆی پێشکەوتنی ژیریی دەستکرد: 6.5٪
کەڵەکەبوونی قەرز: 5.1٪
پەتایەکی نوێی جیهانی (وەکو کۆرۆنا): 1.7٪
دووەم: گرژی لەگەڵ چین و رووسیا تەنگژەی گەورەی لێدەکەوێتەوە
جەنگێکی جیهانی زیاتر لە دوو لایەنی شەڕکەر لەخۆدەگرێت، بەڵام لە درێژەی راپرسییەکەدا، بەشداربووان پێشبینیی داهاتوویەکیان کرد، کە دەکرێت تێیدا کێبڕکێی ستراتیژی و ململانێ سیاسییەکانی نێوان ئەمریکا و چین بە تایبەت، مەترسیداتر بن.
بۆ نموونە، بەشداربووانی راپرسییەکە زۆربەیان پێیانوابوو لە ماوەی ساڵێکدا دەکرێت ململانێی سەربازی لەسەر تایوان رووبدات، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەمریکا لە دژی چین پشتیوانیی لە تایوان دەکات.
65٪ـی بەشداربووان هاوڕابوون کە لە دەیەی داهاتوو چین هەوڵدەدات بەزەبری هێز تایوان وەربگرێتەوە، تەنیا 24٪ دژی ئەو رایە بوون.
پرسیار: لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوو، چین هەوڵدەدات بە زەبری هێز تایوان وەرگرێتەوە؟
بەتەواوی هاوڕا نیم: 3.9٪
هاوڕا نیم: 20.5٪
نازانم: 11٪
هاوڕام: 49.4٪
بەتەواوی هاوڕام: 15.2٪
تێکگیربوونی ئەمریکا و چین تاکە رێگەی کردنەوەی جەنگێکی فرە بەرەی نێو زلهێزەکان نییە. 45٪ـی ئەوانەی وەڵامیان داوەتەوە هاوڕان کە رووسیا و ناتۆش دەکەونە ململانێیەکی راستەوخۆی سەربازییەوە.
پرسیار: لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوو، رووسیا و وڵاتانی ناتۆ دەکەونە نێو ململانێی سەربازیی راستەوخۆوە؟
بەتەواوی هاوڕا نیم: 9٪
هاوڕا نیم: 32.5٪
نازانم: 13.4٪
هاوڕام: 35.6٪
بەتەواوی هاوڕام: 9.5٪
سێیەم: چین، رووسیا، ئێران و کۆریای باکوور دەبنە هاوپەیمانیی فەرمی
47٪ـی بەشداربووان هاوڕابوون کە تاوەکو 2035 جیهان بەسەر دوو بەرەدا دابەش دەبێت؛ وڵاتانی هاوپەیمانیی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی چین. لەنێو ئەو وەڵامدەرەوانە، نزیکەی 60٪ پێیانوابوو، بەرەی چین لە هەریەک لە رووسیا، ئێران و کۆریای باکوور پێکدێت، چینیش رابەرایەتیی ئەو بەرەیە دەکات.
پرسیار: لە 2035، جیهان بەسەر بەرەی ئەمریکا و چین دابەش دەبێت؟
هاوڕام: 47.4٪
نازانم: 18.6
هاوڕا نیم: 34٪
بە گشتی، نزیکەی 46٪ـی بەشداربووان هاوڕابوون کە بەرەی چین دەبنە هاوپەیمانی فەرمی.
پرسیار: لە 2035؛ چین، رووسیا، ئێران و کۆریای باکوور دەبنە هاوپەیمانی فەرمی؟
هاوڕام: 45.9٪
نازانم: 18.6
هاوڕا نیم: 34٪
زۆربەی بەشداربووان پێیانوابوو ئەم جۆرە گەشەسەندن و هەڵکشانانە دەبنە هۆی هەڵگیرسانی ئاگری جەنگی جیهانی.
چوارەم: تاوەکو 10 ساڵی دیکە چەکی ئەتۆمی دەتەقێنرێت؟
هەر لەبارەی چەرخی ئەتۆمیدا بەتایبەت لە جەنگی سارد، هەوڵی زۆر بۆ بڵاونەبوونەوە و دروستنەکردنی چەکی ئەتۆمی دراوە، ئەمەش بۆ ئەوەی رێگە لە وڵاتانی دیکە بگیرێت خۆیان لە قەرەی دروستکردنی ئەو چەکە بدەن؛ چەکێک کە وێرانکەرترینی جیهانە و پێشتریش بەکارهاتووە.
دوای ئەوەی ئەمریکا لە 1945 بەو چەکە لە دوو شاری ژاپۆنی دا، هیچ وڵاتێک بۆمبی ئەتۆمی لە هیچ جەنگێک بەکارنەهێناوە؛ بەڵام بەگوێرەی راپرسییەکە، بەشداربووان پێیانوایە تاوەکو 2035 جارێکی دیکەش بەکاردێتەوە.
ناوی ئێران لە سەرەوەی لیستەکەیە، بەڵام تاکە ناو نییە. 88٪ـی بەشداربووان گوتوویانە 10 ساڵی دیکە، لانیکەم وڵاتێکی دیکە دەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
هەڕەشەی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی ئەتۆمیی ئێران و دانوستاندنەکانی تاران و واشنتن لەلایەکی دیکە، دوو سیناریۆی زەق و بەرچاون، بەڵام زیاتر لە سێیەکی بەشداربووان پێشبینی دەکەن ئیسرائیل جەنگێکی راستەوخۆ لە دژی ئێران بەرپا بکات.
لە راپرسیی پێشوو کە لە 2024 کرا، یەک لەسەر چواری بەشداربووان پێیانوابوو کۆریای باشوور دەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام لەو راپرسییە نوێیەدا رێژەکە 15٪ زیادی کرد.
پرسیار: کام لەم وڵاتانەی خوارەوە لە 10 ساڵی داهاتوو دەبنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی؟
ئێران: 72.8٪
سعودیە: 41.6٪
کۆریای باشوور: 40.2٪
ژاپۆن: 28.6٪
ئۆکراینا: 14.9٪
هیچ وڵاتێک: 12.1٪
تایوان: 7.9٪
وڵاتانی دیکە: 6.2٪
48٪ـی بەشداربووان پێشبینیییان کردووە لە 10 ساڵی داهاتوو چەکی ئەتۆمی بەکاردێت. یەک لەسەر چواری ئەو 350 کەسە گوتیان، تاوەکو ئەو کاتە رووسیا چەکی ئەتۆمی دەتەقێنێت، نزیکەی هەمان رێژەش دەڵێن، کۆریای باکوور بەکاریدەهێنێت.
پرسیار: پێتوایە کامە وڵات لە 10 ساڵی داهاتوو چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێنێت؟
چەکی ئەتۆمی بەکارنایەت: 25.9٪
رووسیا: 25.9٪
کۆریای باکوور: 24.2٪
گرووپێکی تیرۆریستی: 18.8٪
ئیسرائیل: 12.3٪
چین: 6.3٪
ئەمریکا: 5.1٪
وڵاتی دیکە: 4.8٪
پاکستان: 3.1٪
هیندستان: 1.7٪
پێنجەم: سوپای ژمارە یەکی جیهان
نزیکەی سێ چارەکی وەڵامدەرەوان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی جیهان لە 2035 فرە جەمسەر دەبێت و سەنتەری هێزی زۆر دەبینین.
71٪ـی بەشداربووان پێشبینییان کرد سوپای ئەمریکا هەر ژمارە یەک دەبێت؛ بەڵام لەسەر پێوەرەکانی دەسەڵات، ئابووری، کولتووری و دیپلۆماسی "پاشەکشە" دەکات.
لەنێوان راپرسیی نوێ و ئەوەی پار، متمانەی خەڵک بە یەکەمبوونی ئەمریکا دابەزی. پێشتر 81٪ دەیانگوت سوپای ئەمریکا هەر بەبەهێزی و لە ژمارە یەکدا دەمێنێتەوە. پار 63٪ دەیانگوت ئەمریکا وەک داهێنەری تەکنەلۆژیا لە یەکەم دەمێنێتەوە، کەچی ئەم ساڵ بووە 58٪.
پرسیار: تاوەکو 2035، لە کام ئەم بوارانەی خوارەوە ئەمریکا وەک هێزی ژمارە یەک دەمێنێتەوە؟
هێزی سەربازی
راپرسیی ئەم ساڵ: 71.3٪
راپرسیی پار: 81.3٪
داهێنان لە تەکنەلۆژیا
راپرسیی ئەم ساڵ: 57.6٪
راپرسیی پار: 62.6٪
هێزی ئابووری
راپرسیی ئەم ساڵ: 49.4٪
راپرسیی پار: 52٪
هێزی کولتووری (بۆ نموونە زمان و ئەدەب)
راپرسیی ئەم ساڵ: 35.4٪
راپرسیی پار: پرسیار نەکرا
هێزی دیپلۆماسی
راپرسیی ئەم ساڵ: 23.6٪
راپرسیی پار: 31.7٪
داهاتوویەکی رۆشن، بەڵام نادڵنیا بۆ هاوپەیمانەکانی ئەمریکا
لە راپرسیی 2025 زۆربەی بەشداربووان (61٪) پێشبینییان کرد ئەمریکا پارێزگاریی لە هاوپەیمان و هاوبەشەکانی خۆی لە ئەورووپا، ئاسیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات؛ بەڵام لە 2024ـدا رێژەکە 79٪ بوو، زۆربەی وەڵامەکانیش کە بوونەتە هۆی دابەزینی ئەو رێژەیە "نازانم" بوو.
67٪ـی ئەوانەی گوتبوویان ئەمریکا وەک بەهێزترین سوپا دەمێنێتەوە، پێیانوابوو وڵاتەکە تۆڕی هاوپەیمانەکانی خۆی تێکنادات. کەچی، 46٪ـی ئەوانەی گوتبوویان ئەمریکا وەک بەهێزترین هێز نامێنێتەوە، گوتیان تۆڕەکە تێکدەچێت.
ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشە ئەمنییەکانی دەمێنێتەوە
هاوڕام: 60.9٪
نازانم: 19.9٪
هاوڕا نیم: 31.6٪
شەشەم: جەنگی ئۆکراینا لە بەرژەوەندیی رووسیا کۆتایی دێت
سەرەڕای هەوڵەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ راگرتنی جەنگی ئۆکراینا و رووسیا، بەشداربووان لەسەر چۆنیەتی کۆتایی هاتنی ئەو جەنگە رای جیاوازیان هەیە. 47٪ پێشبینی دەکەن جەنگەکە لە بەرژەوەندیی و بە مەرجەکانی رووسیا کۆتایی دێت و 43٪ـیش رایان وابوو ئەمە دەبێتە "ململانێیەکی چەقبەستوو" واتا جەنگ دەوەستێت، بەڵام هیچ رێککەوتنێک ناکرێت و کێشەکە چارەسەر ناکرێت.
پرسیار: پێتوایە جەنگی ئۆکراینا و رووسیا چۆن کۆتایی دێت؟
لە بەرژەوەندیی رووسیا: 46.6٪
چەق دەبەستێت: 43٪
لە بەرژەوەندیی ئۆکراینا: 4.2٪
ئەوەی جێگەی سەرنجە، لە راپرسیی پار 48٪ـی بەشداربووان گوتیان جەنگەکە لە بەرژەوەندیی ئۆکراینا دەوەستێت و دەبێتە وڵاتێکی سەربەخۆ، سەروەر و خاوەن جڵەوی خاکی خۆی.
حەوتەم: بەشداربووان لەبارەی پەیوەندییەکانی سعودیە-ئیسرائیل گەشبینن
لەوکاتەوەی جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکردووە، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گۆڕانکاریی گەورەدا تێپەڕیوە؛ ئەمریکا هەوڵی زۆری بۆ لێکنزیککردنەوەی سعودیە و ئیسرائیل داوە. ریاز دەڵێت، بەو مەرجە دێتە سەر مێزی گفتوگۆ کە "دەوڵەتی فەلەستین" بەشێک بێت لە رێککەوتنەکانی داهاتووی غەززە و ئیسرائیل.
پێش ئاگربەستەکەی کانوونی دووەمی 2025 و ئاڵوگۆڕی بەندکراو و بارمتە لەنێوان حەماس و ئیسرائیل، بەشداربووانی راپرسییەکە لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و سعودیە گەشبینتر بوون وەک لەوەی دەوڵەتی فەلەستین لە دایک ببێت.
راپرسی: ئیسرائیل لە 2035دا
وەک خۆی دەمێنێتەوە و خاکە کۆنتڕۆڵکراوەکانی لەدەستدا دەبێت: 62.5٪
پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیە ئاسایی دەکاتەوە: 56٪
لەگەڵ ئێران دەکەوێتە جەنگێکی راستەوخۆ: 36.4٪
لەگەڵ دەوڵەتێکی سەروەر و سەربەخۆی فەلەستین بە ئاشتی دەژی: 17.1٪
پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران دروستدەکات: 9.4٪
هەشتەم: دیموکراسی زیاتر پاشەکشە دەکات
بەگشتی بەشداربووان لەبارەی دیموکراسیی 2035 بەگومانن. زۆربەیان دەڵێن، ئەو پاشەکشەیەی ئێستا لە دیموکراسی بەدیدەکرێت، ئەگەری هەیە زۆر خراپتر بێت و هەندێکیش هیوایان وایە "رێنسانس یان رابوون"ـی دیموکراسی روودەدات.
پرسیار: لە دوو دەیەی رابردوو، جیهان پاشەکشەی دیموکراسی بەخۆیەوە بینی، ئێستا لەگەڵ ئەم پاشکەوتنە، چی لە 2035 دەبینی؟
پاشەکشەی دیموکراسی زۆر خراپتر دەبێت: 46.5٪
دیموکراسییەت وەک خۆی دەمێنێتەوە: 36.9٪
دیموکراسییەت دەبووژێتەوە: 16.6٪
٪65 پێیانوایە ئازادیی رادەربڕین لە دەیەی داهاتوو کەم دەکات و 25٪ دەڵێن وەک خۆی دەمێنێتەوە.
نۆیەم: ژنان لە پیاوان رەشبینترن
ژنانی بەشداربووی راپرسییەکە لە زۆربەی پرسیارەکان وەڵامێکی نەرێنییان هەبوو، بە پێچەوانەی پیاوان.
بۆ نموونە، 61٪ـی ژنان گوتیان چەکی ئەتۆمی بەکاردێت، 44٪ـی پیاوان هەمان بۆچوونیان هەبوو. 54٪ـی ژنان گوتیان دیموکراسی پاشەکشە دەکات و رێژەی پیاوان 44٪ بوو. 32٪ لە بەشداربووە ژنەکان گوتیان مافی ژنان لە مەترسیدا دەبێت و رێژەی پیاوان لەو پرسیارە رێک نیوە بوو. 58٪ـی ژنان پێیانوابوو ئەمریکا لە پێگەی بەهێزترین سوپادا دەمێنێتەوە، کەچی پیاوان 76٪ بوون و گەشبینتر بوون.
پرسیار: تاوەکو 10 ساڵی دیکە، کام لەم گرووپانەی خوارەوە مەترسیی زەوتکردنی مافەکانیان لەسەرە؟
هاوڕەگەزخوازەکان: 24.6٪
ژنان: 19.8٪
کەمینە ئایینییەکان: 13.6٪
پێکهاتە پەراوێزخراوەکان: 13.3٪
هیچ کام لەم گرووپانە: 12.4٪
خەڵکی رەسەنی ناوچەیەک (بۆ نموونە هۆزەکانی ئەمازۆن): 11.6٪
ئەوانی دیکە: 3.7٪
گەنجان: 1.1٪
دەیەم: رێکخراو و هاوپەیمانییە جیهانییەکان کاریگەرییان کەمتر دەبێتەوە
٪75ـی بەشداربووان بڕوایان وابوو رێکخراو، هاوپەیمانی، گرووپ و دامەزراوە جیهانییەکانی وەکو یەکێتیی ئەورووپا، نەتەوە یەکگرتووەکان و بانکی جیهانی کاریگەرییان کەمتر دەبێتەوە. 75٪یان دەڵێن نەتەوە یەکگرتووەکان لە 2035 توانای چارەسەرکردنی کێشە گەورەکانی زۆر کەم دەبێتەوە، بۆ نموونە کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا.
پرسیار: تاچەند ئەو دامەزراوانە دەتوانن لە 10 ساڵی داهاتوو ئاڵنگارییەکان چارەسەر بکەن؟
یەکێتیی ئەورووپا
زیاتر دەتوانن: 39.5٪
وەک خۆیان دەبن: 27.7٪
کەمتر دەتوانن: 32.8٪
گرووپی 20 (G20)
زیاتر دەتوانن: 28.9٪
وەک خۆیان دەبن: 33.4٪
کەمتر دەتوانن: 37.7٪
گرووپی حەوت
زیاتر دەتوانن: 20.5٪
وەک خۆیان دەبن: 30.6٪
کەمتر دەتوانن: 48.9٪
سندووقی نێودەوڵەتیی دراو
زیاتر دەتوانن: 19.5٪
وەک خۆیان دەبن: 39.4٪
کەمتر دەتوانن: 41.1٪
بانکی جیهانی
زیاتر دەتوانن: 18.7٪
وەک خۆیان دەبن: 35.4٪
کەمتر دەتوانن: 45.9٪
نەتەوە یەکگرتووەکان
زیاتر دەتوانن: 9٪
وەک خۆیان دەبن: 16.1٪
کەمتر دەتوانن: 74.9٪
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان
زیاتر دەتوانن: 8.7٪
وەک خۆیان دەبن: 24.2٪
کەمتر دەتوانن: 67.2٪
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ