زیاتر لە 20 رۆژە دوو گەنجی کورد لە مالیزیا گیریانخواردووە و ناتوانن بگەڕێنەوە

24-04-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە 20 رۆژە دوو هاونیشتمانیی گەنج بەهۆی فێڵی قاچاخچییەوە لە مالیزیا گیریانخواردووە و ناتوانن بگەڕێنەوە. وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ گەڕانەوەیان لەسەرهێڵە و پاسپۆرتی کاتیی بۆ دەرهێناون.
 
باڤێڵ عومەر عەلی، لەدایکبووی ساڵی 2006 و شکار ئەحمەد عەلی، لەدایکبووی ساڵی 2005، ئەو گەنجەن و 02-04-2025 بە نیازی گەیشتن بە ئەورووپا لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو مالیزیا گەشتیان کردووە و تاوەکو ئەمڕۆ نەگەیشتوون بە وڵاتی دڵخوازیان و نە دەشتوانن بگەڕێنەوە.
 
باڤێڵ عومەر، لە مالیزیاوە رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ژیانمان بە قورسی بەڕێوەدەچێت و تاوەکو ئەمڕۆ رێکارەکانی گەڕانەوەمان تەواو نەبووە".
 
بەرپرسێک لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئاگاداری کێشەی ئەو دوو گەنجەن و رێکارەکانی گەڕانەوەیان دەستپێکردووە.
 
باڤێڵ عومەر گوتی: "باڵیۆزخانەی عێراق لە کوالا لامپوور رێکارەکانی گەڕانەوەیان بۆ کردووین، من پاسپۆرتم نەبوو بۆیان دەرهێناوم، ئەوەی ماوە کۆچ و کۆچبەرانی مالیزیایە چاوپێکەوتنمان لەگەڵدا بکەن".
 
باڵیۆزخانەی عێراق لە مالیزیا بە ئیمەیل کۆچ و کۆچبەرانی ئەو وڵاتەیان ئاگادارکردووەتەوە کە رێکارەکانی گەڕانەوەی ئەو دوو گەنجەیان تەواو کردووە و ئامادەن بۆ چاوپێکەوتن، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ کۆچبەرانی مالیزیا وەڵامیان نەداونەتەوە.
 
ئەو گەنجانە هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان. باڤێڵ عومەر گوتی: "ئێمە لێرە ژیانمان زۆر سەختە، کۆچ و کۆچبەرانی مالیزیا بە پاساوی ئەوەی عێراقییەکان وڵاتەکەیان بۆ کۆچبەری بەکاردەهێنن و ئەوە جاری یەکەم نییە، رێکارەکانی گەڕانەوەمانیان دواخستووە".
 
ئەو دوو گەنجە لەلایەن قاچاخچییەکانەوە پاسپۆرتی ئیتاڵیایان بۆ دروستکراوە و بەو پاسپۆرتە چوونەتە مالیزیا، بەڵام کاتێک ویستوویانە بچنەوە فڕۆکەخانەی مالیزیا و گەشتی فەرەنسا بکەن پاسپۆرتەکەیان ئاشکرا بووە کە ساختەیە، بەهۆی ئەوەی پاسپۆرتی عێراقییان مۆری چوونە ژوورەوەی مالیزیای پێوە نییە، کێشە بۆ گەڕانەوەیان دروستبووە.
 
گەنجەکان سەرەتا سێ کەس بوون و بۆ یەکەم جار 13ـی ئەم مانگە ئەو گەنجانە لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە داوای هاوکارییان کرد. 17ـی ئەم مانگە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، یەکێک لەو سێ گەنجەیان گەڕاندووەتەوە، کە فێڵیان لێکرابوو لە مالیزیا گیرانخواردبوو.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە