رووداو دیجیتاڵ
خوێندکارێکی کوردی زانکۆی هارڤرد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەلایەن زانکۆکەوە ئاگادارکراونەتەوە کە بڕیارەکەی ترەمپ بۆ قەدەخەکردنی خوێندکارانی بیانی، کاریان تێناکات و دەتوانن 29ی ئایار لە ئاهەنگی دەرچووندا بەشداربن.
سارا سەلاحەدین مستەفا، خەڵکی پارێزگای هەولێرە و تاکە خوێندکاری کورد و عێراقە لە سکووڵی کێنێدیی زانکۆی هارڤرد ماستەر لە بواری کارگێڕیی گشتیدا دەخوێنێت، رۆژی شەممە بە رووداوی گوت، بە ئیمەیڵ لە لایەن کارگێڕیی هارڤردەوە دڵنیاکراونەتەوە کە بێ کێشە دەتوانن بۆ ئاهەنگی دەرچوون بمێننەوە و بڕوانامە وەربگرن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە زانکۆ بەناوبانگەکە تووڕەیە و تۆمەتباری دەکات بەوەی بووەتە شوێنی دژایەتیکردنی جووەکان، ئەوەش دوای ئەوەی کە خوێندکارانی زانکۆکە خۆپێشاندانیان لە دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کرد.
ئیدارەی ترەمپ رۆژی 22ی ئایار بڕیاریدا، زانکۆکە لە بەرنامەی ئاڵۆگۆڕی خوێندکاران (SEVP) بکاتە دەرەوە، بەو واتایەی کە زانکۆکە چیدیکە ناتوانێت خوێندکاری بیانی وەربگرێت و ڤیزەی خوێندنی هەموو خوێندکارە بیانییەکانیشی هەڵدەوەشێنرێنەوە.
بەڵام رۆژی هەینی، هارڤرد سکاڵای لە دژی بڕیارەکە تۆمارکرد. لە هەمان رۆژدا، دادوەرێکی فیدڕالی بڕیارەکەی ئیدارەی ترەمپی تا کاتێکی نادیار هەڵپەسارد، بەوەش خوێندکارە بیانییەکانی هارڤرد دەتوانن لە ئەمریکا بمێننەوە.
سارا نیگەرانیی خۆی لە بڕیارکەی ترەمپ راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، سێبەری ململانێ یاساییەکە باڵی بەسەر کەشی پێش ئاهەنگی دەرچوونیاندا کێشاوە.
نزیکەی شەش هەزار و 800 خوێندکاری بیانی لە زانکۆی هارڤرد لە شاری کەیمبریجی ویلایەتی ماساچووسێتس دەخوێنن، کە زۆربەیان هەوڵی بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا دەدەن.
بڕیارەکەی ترەمپ تاوەکو بڕیاری داهاتووی دادگە بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر دادگە لە بەرژەوەندیی ترەمپ بڕیاربدات، ئەوا خوێندکاران یان دەبێت خۆیان بگوازنەوە بۆ زانکۆیەکی دیکە، یانیش ڤیزەی خوێندن لەدەستدەدەن و دەبێت ئەمریکا جێبێڵن.
سارا کە لەگەڵ زیاتر لە هەزار خوێندکاری خەڵکی 64 وڵات لە سکووڵی کێنێدی دەخوێنێت، بە رووداوی گوت: " فرەڕەنگی سەرچاوەی فێربوون و مۆرکی هارڤردە. خوێندکاران لە کولتوور و وڵاتانی جیاجیا لێرە لەیەک فێردەبن. بڕیارەکەی ترەمپ دەبێتە هۆی نەمانی ئەو فرەڕەنگییە."
خانمە خوێندکارەکە هەروەها گوتی: "خوێندن دەروازیەکە بۆ دیپلۆماسی. خوێندکارانی هەموو وڵاتێک لێرە کولتووری خۆیان دەناسێنن. ئێمەش وەک کورد، لێرە پەرە بە ناساندنی ناسنامە و کولتووری کورد دەدەین."
وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە بڕیارەکەی راگەیاند و زانکۆکەی تۆمەتبارکرد بەوەی بە رێگەدان بە "تێکدەرانی دژی ئەمریکا و لایەنگری تیرۆریستان،" کەشێکی ناسەلامەتی دروستکردووە بۆ ئەوەی هێرش بکرێتە سەر خوێندکارانی جوو.
وەزارەتەکە هارڤاردی تۆمەتبارکرد بەوەی پەیوەندی لەگەڵ پارتی کۆمۆنیستی چین هەیە. زانکۆکە تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە.
تاوەکو ئێستا 162 براوەی خەڵاتی نۆبڵ دەرچووی هارڤرد بوون. هارڤارد لە ساڵی 1636 دامەزراوە و کۆنترین دامەزراوەی خوێندنی باڵایە لە ئەمریکا.
بەشێک لە دیارترین بیرمەند، توێژەر و لێکڵینڤانەکانی جیهان، لە نێویاندا هەشت سەرۆکی ئەمریکا، دەرچووی ئەو زانکۆیەن.
پێوەری وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆکە زۆر زەحمەتە و ساڵانە تەنیا 4٪ تاوەکو 5٪ی داواکارییەکان وەردەگیرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ