رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای OpenAI دەیەوێت ئامێرێکی نوێی زیرەک دروست بکات کە بە ژیریی دەستکرد کاردەکات، بەڵام شاشەی نابێت. شارەزایانی بواری تەکنەلۆجیا دەڵێن، کۆمپانیای خاوەنی ChatGPT دەیەوێت بەو ئامێرە کۆتایی بە مانەوەی مۆبایل بێنێت.
کۆمپانیای OpenAI بە 6.5 ملیار دۆلار کۆمپانیای io ـی کڕیوە بۆ ئەوەی کار لەسەر ئەو ئامێرە بکات.
کۆمپانیای io لە جۆنی ئایڤ، دیزاینەری بەنێوبانگی بەڕێوەدەبردرێت.
ئایڤ هەمان ئەو کەسەیە کە شێوەی ئایفۆن، کۆمپیوتەر و کاتژمێری زیرەکی ئەپڵی دیزاینکردووە. هەروەها لە دانانی نەخشەی بازانەیی بارەگای کۆمپانیای ئەپڵ لە کوپەرتینۆ یارمەتیدەر بووە.
سام ئەڵتمان، بەڕێوەبەری کۆمپانیای OpenAI ئاماژەی بەوە کردووە، بەم دواییانە نموونەیەکی سەرەتایی ئەو ئامێرەی کە بڕیارە پەرەی پێبدەن لە ئایڤ وەرگرتووە و لەگەڵ خۆی بردووەتە ماڵەوە بۆ ئەوەی تاقیبکاتەوە.
ئەو گوتی: "جۆنی بەم دواییانە نموونەیەکی سەرەتایی ئەو ئامێرانەی پێدام تا بیبەمە ماڵەوە و توانیومە لەگەڵی بژیم. پێموایە باشترین ئامێری تەکنەلۆجییە کە جیهان تاوەکو ئێستا بەخۆیەوە بینیبێتی."
ئایڤ و تیمەکەی کە لە نزیکەی 55 ئەندازیار پێکهاتووە، لەگەڵ OpenAI لەسەر پەرەپێدانی ئامێرەکە کاردەکەن.
ئەوانی خوولیای تەکنەلۆجیایان هەیە، وێنای ئەوەیان دەکرد کە یان مۆبایل بێت یان چاویلکەیەکی زیرەک. بەڵام بە گوێرەی زانیارییە دزەپێکراوەکانی The Verge, هیچ یەک لەوانە نییە.
شارەزایان بڕوایان وایە، ئامێرەکە هاوشێوەی مۆبایلێکی بێ شاشە دەبێت و بە ژیریی دەستکرد کاردەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ