رووداو دیجیتاڵ
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رۆژی شەممە گەڕانەوەی زیاتر لە 300 سەربازی وڵاتەکەی پشتڕاسکتردەوە کە لەلایەن رووسیاوە بە دیل گیرابوون.
ئەمە دووەم رۆژی دیگۆڕینەوەی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بوو.
زیلینسکی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، زۆرینەی ئەو سەربازانەی ئازادکراون، لە هەرێمی دۆنێتسک بەدیلگیرابوون، هەندێکیان لە ساڵی 2022ەوە کەوتبوونە دەستی رووسەکان.
گوتیشی: "ئەرکی ئێمە ئەوەیە هەموو ئەو کەسانە بە تەواوی بگەڕێنینەوە ماڵەوە کە ئێستا لە رووسیا دەستبەسەرن. ئەمە ئەرکێکی هاوبەشە بۆ دەزگا هەواڵگرییەکانمان، بۆ دیپلۆماتەکانمان و تەواوی دەوڵەتەکەمان. روونە کە ئەمە ئەرکێکی ئاسان نییە، بەڵام دەبێت جێبەجێ بکرێت."
ئۆکراینا و رووسیا رۆژی هەینی هەریەکەیان کۆی گشتی 390 سەرباز و هاووڵاتیی سڤیلیان ئازاد کردن.
چاوەڕواندەکرێت رۆژی یەکشەممە، دیلی زیاتر ئاڵۆگۆڕ بکرێن.
لە گفتوگۆکاندا کە لە سەرەتای ئەم مانگە لە ئیستەنبووڵ دەستیان پێکرد، کیێڤ و مۆسکۆ رێککەوتن لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی هەزار دیلی جەنگ و دەستبەسەری سڤیل لە هەر لایەکەوە.
ئاڵوگۆڕی دیلەکان چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات کە کیێڤ کەوتە بەر هێرشێکی بەرفراوانی درۆن و مووشەکی رووسیا کە لانیکەم 15 کەسی بریندار کرد.
دەنگی تەقینەوە و سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە سەرتاسەری کیێڤ بیسترا.
زیلینسکی گوتی: "بەداخەوە، خەڵک برینداربوون، باڵەخانەی نیشتەجێبوون و مۆڵێکی بازاڕکردن زیانیان بەرکەوت. رووسیا هەموو رۆژێک پڕ دەکات لە ترس و کوشتن؛ تەنیا جەنگەکە درێژ دەکاتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ