مەسرور بارزانی: پشتیوانیی ئەمریکا نەبووایە، نەماندەتوانی بەئاسانی داعش تێکبشکێنین

24-05-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەردانەکەیان بۆ واشنتن بۆ ئەوە بووە کە سوپاسی پشتیوانی حکومەتی ئەمریکا بکەن و دەڵێت: "نەماندەتوانی بە ئاسانی داعش تێکبشکێنین، ئەگەر پشتیوانی ئەمریکا نەبووایە". لەبارەی ئەو گرێبەستانەش کە هەرێمی کوردستان کردوونی، مەسرور بارزانی دەڵێت، لە دەستووردا بە روونی مافەکانی هەرێمی کوردستان دیاری کراون.
 
رۆژی هەینی، 23ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ فۆکس نیوزی ئەمریکی ئەنجامدا. 
 
"هاتینە واشنتن بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندبوونمان وەک هاوپەیمانی ئەمریکا"
 
مەسرور بارزانی باسی لە ئامانجی گەشتەکەی بۆ ئەمریکا کرد و گوتی: "ویستمان بگەڕێینەوە ئێرە بۆ واشنتن تاوەکو سوپاس و پێزانینی خۆمان دەرببڕین بۆ سەرۆک، حکومەت، هێزە چەکدارەکان و گەلی ئەمریکا لە بەرامبەر پشتیوانی بەردەوامیان بۆ ئێمە؛ هەروەها بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندبوونمان وەک هاوپەیمان، دۆست و هاوبەشی ئەمریکا."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد: "لەگەڵ ئەمریکا و کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەتوانین زۆر شت پێکەوە لەو ناوچەیەدا بنیات بنێین کە دەتوانێت بەشداربێت لە ئاشتی و خۆشگوزەرانی."
 
مەسرور بارزانی سوپاسی هاوکاری ئەمریکای لە جەنگی دژی داعش کرد و گوتی: "ئەمریکا رۆڵی سەرەکی هەبووە لە پشتیوانیکردنی ئێمە؛ نەماندەتوانی بە ئاسانی داعش تێکبشکێنین ئەگەر پشتیوانی ئەمریکا نەبووایە."
 
"دەستوور بە روونی مافەکانی هەرێمی کوردستانی دیاری کردووە"
 
19ـی ئایار، لە واشنتن، بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دوو گرێبەست لە بواری وزە بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیاکانی وێستن زاگرۆس و HKN Energy واژۆ کران.
 
رۆژی 20ی ئایار، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند: "رێکارەکانی تایبەت بە گرێبەستی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگەی میران و کێڵگەی تۆپخانە-کوردەمیر لە پارێزگای سلێمانی رەتدەکەینەوە".
 
وەزارەتی نەوتی عێراق راشیگەیاند: "سەرەڕای پێویستییەکان بۆ گەورەکردنی قەبارەی وەبەرهێنانی گاز و پڕکردنەوەی پێویستییە نێوخۆییەکان بۆ وێستگەکانی کارەبا، ئەو رێکارانەی هەرێمی کوردستان گرتوونیەتەبەر بە ئاشکرا دژی یاسا عێراقییەکانە".
 
مەسرور بارزانی باسی لە یاساییبوونی گرێبەستەکان کرد و گوتی: "ئێمە دەستوورمان هەیە کە بەڕوونی دیاری دەکات هەرێمی کوردستان چ مافێکی هەیە. هەرێمی کوردستان مافی واژۆکردنی گرێبەستی هەیە، بەتایبەتی لە بواری پەرەپێدانی کەرتی گاز و وزەدا."
 
مەسرور بارزانی گوتی: "ئێمە لە رابردوودا گرێبەستمان واژۆ کردووە و ئەو دوو کۆمپانیایەش لە 15 ساڵی رابردوودا لە کوردستان کاریان کردووە."
 
رۆژی 20ـی ئەم مانگە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەو دوو رێککەوتننامەیەی وەزارەتەکەمان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی HKN و WesternZagros کردوونی، رێککەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین، بەڵکو چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عێراقیش دانی بە یاسایی و رەواییان دا ناوە و هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە."
 
"سووریا بە کات و ئاڵنگارییەکی سەختدا تێدەپەڕێ"
 
مەسرور بارزانی باسی لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا لەلایەن ئەمریکاوە کرد و گوتی: "هاوڕاین لەگەڵ سیاسەتی سەرۆک بۆ پێدانی دەرفەتێک بە سووریا."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆخی نێوخۆی سووریاش گوتی: "سووریا بە کاتێکی سەخت و پڕ لە ئاڵنگاریدا تێدەپەڕێ. حکومەت هێشتا کۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر هەموو وڵاتدا نییە. هێشتا پاشماوەی داعش لە هەندێک ناوچەدا ماون کە پێویستە سنووردار بکرێن، چاودێری بکرێن و بەهیواین بە هاوکاری هەموو لایەنەکان لەنێوببردرێن."
 
رۆژی هەینی، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی (OFAC) سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بڕیارێکی دەرکرد بۆ "سووککردنی دەستبەجێی" سزاکان لەسەر سووریا، ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە رۆژی 13ـی ئەم مانگە رایگەیاند، گەمارۆکانی سەر ئەو وڵاتە لادەبات. 
 
"هیوادارین گفتوگۆکانی ئێران و ئەمریکا بگەنە ئەنجام"
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کرد و گوتی: "هیوادارین ئەو گفتوگۆیانەی ئێستا لە ئارادان، بگەنە رێککەوتنی ئاشتیانە."
 
مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو کە پشتیوانی لە دیگەی دۆناڵد ترەمپ دەکەن و گوتیشی: "ئێمە شەڕمان ناوێت. دیارە، هەمووان پشتیوانی لە دیدگەی سەرۆک [دۆناڵد ترەمپ] دەکەن. ئێمە بە دڵنیاییەوە پشتیوانی دەکەین. ئێمە پشتیوانی لە دیدگای سەرۆک دەکەین بۆ ئاشتی، خۆشگوزەرانی، گەشەپێدانی ئابووری و هیوادارین ئەم گفتوگۆیانە بگەنە جۆرێک لە ئەنجامی ئاشتیانە کە رێز لە مافی هەمووان بگرێت."
 
رۆژی هەینی، پێنجەم گەڕی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە رۆما بەڕێوەچوو. 
 
بەدر بن حەمەد بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لە ئێکس نووسی: "لە کۆبوونەوەکەدا هەندێک پێشکەوتن هەبوو، بەڵام یەکلاییکەرەوە نەبوو. ئەو پرسانەی ماون لە چەند رۆژی داهاتوودا روون دەبنەوە."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە