رووداو دیجیتاڵ
توێژینەوەیەکی نوێی فەرمانگەی تەندروستی و سەلامەتیی حکومەتی بەریتانیا دەریدەخات کە ژنان دوو هێندەی پیاوان ئەگەری ئەوەیان هەیە بەهۆی گوشار، دڵەڕاوکێ یان خەمۆکییەوە مۆڵەت لە کار وەربگرن؛ هەروەها پیاوانی بەتەمەن لە کاتی هەبوونی کێشەی دەروونی، بەهۆی شەرمکردنەوە، کەمتر لە پیاوانی گەنج داوای مۆڵەت دەکەن.
ژنانی بەریتانیا ساڵانە تێکڕا 0.91 رۆژی کارکردنیان بەهۆی ئەو کێشانەوە دەکەنە مۆڵەت، بەراورد بەوە، پیاوان 0.44 رۆژ دەکەنە مۆڵەت.
دڵەڕاوکێ و گوشاری کار زۆرترین کاریگەری لەسەر ژنانی تەمەن سەروو 55 ساڵ هەیە و تێکڕا ساڵانە 1.31 رۆژی کار دەکەن بە مۆڵەت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ژمارەیەک هۆکار، لەوانەش وەستانی سووڕی مانگانە، جیاکاری لەسەر بنەمای تەمەن، جیاکاری لەسەر بنەمای رەگەز و کاروباری ماڵەوە.
ژنانی گەنجتر (25-34 ساڵ) لە پلەی دووەمدان، ئەوەش بەهۆی خراپیی کار، گوشاری کاری ماڵەوە و نەبوونی پشتیوانی لە شوێنی کار لەکاتی وەستانی سووڕی مانگانە.
توێژەران دەڵێن، ئەم جۆرە گوشارە بەهۆی لاوازیی کەسەکانەوە نییە، بەڵکو بەهۆی پشتگوێخستنی سیستماتیکەوەیە.
ئەوان هەروەها پێیان وایە، ئەگەر خشتەی کاری کارمەندەکان شیاوی گۆڕانکاری بێت، دەتوانرێت گوشار کەم بکرێتەوە و لە ئەنجامدا ژنان کەمتر مۆڵەت وەربگرن.
توێژینەوەکە باس لەوە دەکات، پیاوان، بەتایبەتی ئەوانەی تەمەنیان سەروو 55 ساڵە، رەنگە بەهۆی شەرمەوە کێشە دەروونییەکانیان کەمتر باس بکەن. داتاکان نیشانیدەدەن، ئەو رۆژانەی پیاوانی ئەو تەمەنە لەبەر هۆکاری تەندروستی کردوویانەتە مۆڵەت، تەنیا 28٪ی بەهۆی کێشەی دەروونییەوە بووە. بەراورد بەوان، 75٪ی مۆڵەتی تەندروستیی نێو پیاوانی گەنجتر بەهۆی کێشەی دەروونییەوە بووە.
کۆی گشتی، 16.4 ملیۆن رۆژی کارکردن لە 2023-2024 بەهۆی کێشەی دەروونییەوە کراون بە مۆڵەت، بەتایبەتی لە کەرتەکانی حکومەت، پەروەردە و تەندروستی، کە ژنان تێیاندا زۆرینەن.
کولتووری شوێنی کارکردن و ئەو چاوەڕوانییەی کۆمەڵگە لە ژنانی دەکات، وایکردووە گوشاری گەورەتر بکەوێتە سەر ژنان. بۆ نموونە، وەک توێژینەوەکە باسی دەکات، ژنان زوو زوو هەوڵدەدەن لە شوێنی کارکردن "خۆیان شیرین بکەن"، واتە هەوڵی بەدەستهێنانی رەزامەندی بدەن، کە ئەوەش گوشار دەخاتە سەر دەروونیان و وایان لێ دەکات کەمتر متمانەیان بە خۆیان و بۆچوونەکانیان هەبێت، لە ئەنجامی ئەو گوشارەشدا زیاتر لە پیاوان، ئەگەری مۆڵەت وەرگرتنیان هەیە. بە گوێرەی توێژینەوەکە، گوشاری لەو جۆرە وا دەکات ژنان نەتوانن لە کارەکانیاندا داهێنەر بن.
جگە لەوەش، ژنان زیاتر ئەگەری ئەوەیان هەیە تووشی شەکەتی بن. لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر لە پیاوان تووشی گوشار دەبن، ئەمەش زۆرجار بەهۆی کۆبوونەوەی گوشاری کار و ژیانی ماڵەوەیە. بەشێکی ئەمە بەهۆی بەرپرسیارێتییەکانی ماڵەوەیە کە دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی بە ویستی خۆیان پلە بەرزکردنەوەیان لە شوێنی کار دوابخەن یان رەتبکەنەوە بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر بایەخ بە ماڵ و منداڵیان بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ