رووداو دیجیتاڵ
17 ئەندامی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان لەسەر رووداوێکی نوقمبوونی بەلەمی کۆچبەران کە بووەهۆی گیانلەدەستدانی سەتان کەس، دادگایی کران.
رزگاربووان رایانگەیاندبوو، پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان بە شێوەیەکی گونجاو بە هانایانەوە نەچووبوون کاتێک بەلەمی ماسیگرتنی ژەنگاوی و پڕ لە سەرنشینی ئادریانا لە شەوی 13ی حوزەیرانی 2023، لە کەناراوەکانی پیلۆس لە باشووری یۆنان نوقم بوو، کە بەرەو ئیتاڵیا دەڕۆیشت.
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەلەمەکە زیاتر لە 750 کەسی هەڵگرتبوو، بەڵام تەنیا تەرمی 82 کەس دۆزرایەوە.
پارێزەرانی گرووپەکانی مافی مرۆڤ رۆژی هەینی رایانگەیاند، دادگاییکردنی 17 ئەفسەر دەستیپێکردووە.
یەکێک لەوانە کاپتنی کەشتیی رزگارکردنی سەر بە پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنانە، کە ئەو شەوە بۆ شوێنی رووداوەکە نێردرابوو، تۆمەتبارکراوە بە پێشکێشنەکردنی یارمەتی. ئەو و چەندین بەرپرسی دیکە تۆمەتبارن بەوەی ژیانی کۆچبەرانیان خستووەتە مەترسییەوە.
شەش گرووپی مافی مرۆڤ لە راگەیێندراوێکدا بڕیاری دادگاییکردنەکەیان بە "پێشهاتێکی گرنگ و ئاشکرا بەرەو دادپەروەری" ناوبرد.
لەنێو 104 رزگاربووەکەدا، دەیان کەسیان سکاڵایەکی بەکۆمەڵیان تۆمارکردووە و باسیان لەوە کردووە پاسەوانی کەناراوەکان چەندین کاژێریان پێچووە تاوەکو گەیشتوونەتە لای بەلەمەکە، سەرەڕای هۆشدارییەکانی فرۆنتێکس، ئاژانسی سنووری یەکێتیی ئەوروپا و رێکخراوی ناحکومیی ئالارم فۆن.
پارێزەران رایانگەیاند، داواکاریی گشتی هەروەها سەرۆکی ئەوکاتی پاسەوانی کەناراوەکان، سەرپەرشتیاری ناوەندی نیشتمانیی یۆنانی بۆ هاوئاهەنگیی گەڕان و رزگارکردن و دوو ئەفسەری سەلامەتیی دەریاوانی، کە ئەو رۆژە لە ئەرکدا بوون، دەخاتە ژێر لێکۆڵینەوە.
بەلەمەکە لە توبروقی لیبیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتبوو. جگە لە سووریایی و فەڵەستینی، نزیکەی 350 پاکستانیشی هەڵگرتبوو.
رزگاربووان رایانگەیاند، پاسەوانی کەناراوەکان لە کۆتاییدا وەڵامیان دانەوە و خەریکی راکێشانی بەلەمەکە بوون کاتێک لە کۆتاییدا وەرگەڕا و 47 میلی دەریایی لە کەناراوەکانی پیلۆسەوە نوقم بوو.
پاسەوانی کەناراوەکان دەڵێن، پەیوەندییان بە خەڵکی نێو بەلەمەکە کردووە، بەڵام "هەر جۆرە یارمەتییەکیان رەتکردووەتەوە".
بەڵام پارێزەرانی رزگاربووان رایانگەیاندووە، پاسەوانی کەناراوەکان بڕیاریاندابوو تەنیا بەلەمێکی پاسەوانی لە کریتەوە بنێرن، نەک بەلەمێکی فریاگوزاریی گەورەتر کە لە بەندەری گیسیۆن لە هەرێمی پێلۆپۆنیس جێگیرکرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ