رووداو دیجیتاڵ
چەکدارانی یاخیی ڤاگنەر بەرەو مۆسکۆ کەوتوونەتەڕێ، ئەوەش دوای ئەوەی کە بنکەیەکی سەربازیی "گرنگیان" کۆنترۆڵکرد. ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیاش بەڵێندەدات یاخیبووەکان تێکبشكێنێت و رێگە بە دروستبوونی شەڕی نێوخۆ نەدات.
ئەم پێشهاتانە کە بە خێرایی بەرەوپێش دەچن، بە گەورەترین ئاڵنگاری بۆ سەرۆکی رووسیا دادەنرێن و هەروەها سەختترین کێشەی ئەمنییە کە رووسیا لە ساڵی 1999ـەوە رووبەڕووی بووبێتەوە.
گوتەبێژی سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، ڤیلادیمیر پووتین لە کرێملن بەردەوامە لە کارەکەی و مۆسکۆی جێنەهێشتووە. هێزە ئەمنییەکانیش دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی "دژە تیرۆر" کردووە بۆ ئەوەی پێشڕەویی یاخیبووەکان لە هەرێمی ڤۆرۆنێژ بووەستێنن.
پارێزگاری هەرێمی لیپێتسک کە ناوەندەکەی 420 کیلۆمەتر لە مۆسکۆ دوورە، گوتی، هێزەکانی ڤاگنەر "بەنێو هەرێمەکەدا دەڕۆن" و داوای لە خەڵکی سڤیل کرد لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.
کیێڤ گرژیی نێوان هێزە رووسییە دووژمنەکانی بە "پەنجەرەیەکی دەرفەت" بۆ هێرشی پێچەوانەی کیێڤ دەزانن بۆ ئەوەی خاکەکەیان لە دەستی هێزە رووسییەکان دەربێننەوە.
یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر کە پێشتر هاوپەیمانێکی نزیکی پووتین بوو، رایگەیاند، هێزەکانی دەستیان بەسەر ناوەندی فەرماندەیی بنکەی ئاسمانیی شاری رۆستۆڤ ئۆن دۆندا گرتووە، کە بە شادەمارێکی گرنگی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا دادەنرا. پریگۆژین هەڕەشەی لابردنی بەرپرسانی باڵای سەربازیی مۆسکۆی کرد.

لە پەیامێکی دەنگیدا، پریگۆژین رۆژی شەممە گوتی: "ئێمە گەیشتووینەتە رۆستۆڤ، بێ ئەوەی یەک گولـلەش بتەقێنین، دەستمان بەسەر بارەگاکەدا گرت،" هەروەها باسی لەوە کرد، کە خەڵکی سڤیل "پێشوازیی" لە هێزەکانی کردووە.
پریگۆژین گوتی: "بۆچی وڵات پشتیوانیمان دەکات؟ چونکە ئێمە دەستمان بە رێپێوانی دادوەری کردووە،" هاوکات ئاماژەی بەوەکرد کە هێزەکانی هیچ سەربازێکی سوپای رووسیایان نەکوشتووە وێڕای ئەوەی لەلایەن "تۆپهاوێژ و هێلیکۆپتەرەکانی" سوپاوە کراونەتەوە ئامانج.
پووتین لە پەیامێکی تەلەڤزیۆنیدا وەڵامی ئاڵنگارییەکەی دایەوە و پریگۆژینی تۆمەتبارکرد بەوەی "لە پشتەوە خەنجەری وەشاندووە" و هەڕەشەی بۆسەر مانەوەی رووسیا دروستکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ