مینسک: پووتین سوپاسی لوکاشینکۆ دەکات

24-06-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی بێلارووس رایگەیاند، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا سوپاسی ئەلێکساندەر لوکاشینکۆی هاوتا بێلارووسیەکەی کردووە دوای ئەوەی کە ڤاگنەر رازیبوو جووڵەی هێزەکانی بەرەو مۆسکۆ بوەستێنێت و بیانگەڕێنێتەوە سەنگەرەکانیان. 

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "سەرۆکی بێلارووس سەرۆکی رووسیای لە وردەکاریی ئەنجامی دانوستاندنەکانی لەگەڵ سەرکردایەتیی ڤاگنەر ئاگادارکردەوە."

ئەوە لە کاتێکدایە کە یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر رۆژی شەممە لە سوپا هەڵگەڕایەوە و هەڕەشەی دەکرد وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە مۆسکۆ کۆنترۆڵبکات، پێش ئەوەی بە شێوەیەکی کتوپڕ گەڕاندنەوەی هێزەکانی بۆ کامپەکانیان رابگەیێنێت بۆ ئەوەی بە گوتەی خۆی، خوێن نەڕژێت. 

بە گوێرەی سەرۆکایەتیی بێلارووسی هاوپەیمانی رووسیا، لوکاشینکۆ گفتوگۆی لەگەڵ پریگۆژیندا کردبوو و پێشنیاری ئەوەی پێ دابوو کە شەڕکردن بوەستێنێت و لە بەرامبەردا رووسیاش پاراستنی گیانی چەکدارەکانی گەرەنتیدەکات. 

مینسک گوتی، پریگۆژین بە پێشنیارەکە رازیبووە و بڕیاریداوە هێزەکانی بگەڕێنێتەوە. 

دواتر سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر لە پەیامێکی دەنگیدا ئەوەی پشتڕاستکردەوە و گوتی: "بۆ رێگریکردن لە خوێنڕشتن، ئێستا کە ئێمە 200 کیلۆمەتر لە مۆکسۆوە دوورین، بڕیارماندا چەکدارەکانمان بگەڕێنینەوە پێگەکانیان."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە