حووسییەکان: لە دەریای سوور و زەریای هیندی هێرشمانکردە سەر دوو کەشتی

24-06-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو  دیجیتاڵ 

حووسییەکانی یەمەن دەڵێن، لە دەریای سوور و زەریای هیندی بە بەلەم و مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر دوو کەشتی؛ سێنتکۆمیش باس لە زیانی مادی و گیانی دەکات.
 
بەگوێرەی حووسییەکان، کەشتیی (ترانسوێڵد ناڤیگەیتەر) بە بەلەمێکی بۆمبڕێژکراوی لە دوورەوە ئاراستەکراو، لە دەریای سوور کراوەتە ئامانج.
 
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان رایگەیاند "راستەوخۆ لە کەشتییەکەمان دا."
 
کەشتیی دووەم، وەک حووسییەکان باسی دەکەن، ناوی (ستۆڵرت سێکویا) بووە و بە "چەند مووشەکێکی کرووز" لە زەریای هیندی کراوەتە ئامانج.
 
هەرچی لەبارەی هۆکاری هێرشەکەیە، سەریع گوتی "دوو کەشتییەکە سەر بە ئەو کۆمپانیایانەن، کە چوونەتە بەندەرەکانی خاکی داگیرکراوی فەلەستین و گوێیان بە قەدەخەی چوونەژوورەوە نەداوە."
 
رۆژی دووشەممە 24ـی حوزەیران، فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردەوە "ئەمڕۆ کاژێر 04:00ـی بەرەبەیان بەکاتی سەنعا [هەمان کاتی هەولێر] کەشتیی ناڤیگەیتەری یۆنانی هەواڵی ئەوەی دا چەند کەشتیوانێک بە سووکی بریندار بوون و کەشتییەکە زیانی بەرکەوتووە، بەڵام کەشتییەکە بەردەوام بووە لە جووڵە."
 
لەلایەکی دیکەوە ئاژانسێکی تایبەت بە ئاسایشی دەریایی سەر بە هێزی دەریایی بەریتانیا رایگەیاند "کەشتییەکی بازرگانی لە دەریای سوور بە درۆن هێرشی کرایە سەر و زیانی بەرکەوت."
 
لەو کاتەوەی جەنگی غەززە لە 07ـی ئۆکتۆبەری رابردوو دەستی پێکردووە، حووسییەکانی یەمەن چەندین جار کەشتییەکانیان لە دەریای سوور، گەرووی بابولمەندەب و کەنداوی عەدەن کردووەتە ئامانج. 
 
حووسییەکان دەڵێن، وەک هاوسۆزییەک بۆ هاووڵاتییانی فەلەستین، هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور دەستپێکردووە.
 
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، لە نێوەڕاستی نۆڤەمبەری رابردووەوە حووسییەکان نزیکەی 190 جار هێرشیان کردووەتە سەر ئەو کەشتییانەی بە دەریای سووردا تێپەڕیون.
 
هێرشی حووسییەکان کەشتییە بازرگانییەکانی ناچار کردووە خۆیان لە دەریای سوور بەدووربگرن، کە رێڕەوێکی گرنگە و 12%ـی کۆی بازرگانیی جیهانی پێدا دەڕوات.
 
ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی هێرش و زیانەکانی حووسییەکان، بە هاوبەشیی چەند وڵاتێک هاوپەیمانیێتییەکی بۆ پاراستنی دەریای سوور راگەیاندووە، لەوانەش بەریتانیا، بەحرێن، کەنەدا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، نەرویج، یۆنان و ئیسپانیا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەردەم پەرلەمانی کۆریای باشوور دوای کشانەوەی هێزەکان. وێنە: AFP

کۆریای باشوور باری نائاسایی لە وڵاتەکە هەڵگرت

ئێوارەی سێشەممە، یوون سووک یۆل، سەرۆکی کۆریای باشوور باری لەناکاوی لە وڵاتەکە راگەیاند و دەسەڵاتی سەربازی خستەکار، بەوەش سەرجەم چالاکییە سیاسییەکانی وڵاتەکەی قەدەخە کرد.