رووداو دیجیتاڵ
رۆژی سێشەممە رووسیا رایگەیاند، پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەکات.
دمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "ئەگەر بەڕاستی ئاگربەستێک بەدیهاتبێت، ئەوە تەنیا جێگەی پێشوازییە" و گوتیشی، مۆسکۆ هیواخوازە "ئەمە ئاگربەستێکی بەردەوام بێت."
مۆسکۆ هاوپەیمانێکی سەرەکیی تارانە، بەڵام کاتێک رووبەڕووی هێرش بووەوە، لە رووی سەربازییەوە پاڵپشتیی هاوبەشەکەی نەکرد، تەنانەت کاتێکیش ئەمریکا لە کۆتایی هەفتەدا هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
کاتێک پرسیاری لێکرا لەبارەی ئەو تۆمەتانەی کە گوایە رووسیا تەنیا پشتگیرییەکی ساردوسڕی پێشکێشی ئێران کردووە، پێسکۆڤ گوتی: "زۆر کەس هەن دەیانەوێت دۆخەکە بقۆزنەوە بۆ ئەوەی نەوت بە ئاگرەکەدا بکەن و هاوبەشیی نێوان مۆسکۆ و تاران تێکبدەن."
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، هیچ پشتگیرییەکی کرداری بۆ هاوپەیمانە سەرەکییەکەی رانەگەیاند، تەنانەت کاتێک عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رۆژێک دوای هێرشەکانی ئەمریکا، سەردانی مۆسکۆی کرد.
پووتین لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ عێراقچی، هێرشەکانی سەر ئێرانی بە "ناڕەوا" و "بێ پاساو" ناوبردن و سەرکۆنەی کردن، بێ ئەوەی راستەوخۆ ئاماژە بە ئەمریکا بکات و گوتیشی، رووسیا "هەوڵدەدات یارمەتیی گەلی ئێران بدات"، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بخاتەڕوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ