تێچووی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران 134 ملیۆن دۆلار بووە

24-06-2025
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانیی رۆژی 22ی حوزەیرانی 2025، سوپای ئەمریکا بە فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، هێرشیکردە سەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران لە فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی ئێران، هێرشەکە بۆ ئەمریکا تەنیا خەرجیی پێویستبوو، بەڵام بۆ ئێران، جگە لە خاپوورکردنی ژێرخانە ئەتۆمییەکەی، زیانی گیانیشی هەبوو.
 
لە هێرشەکەدا 7 فڕۆکەی زەبەلاحی جەنگی لە جۆری B-2 فڕێنرانە ئاسمانی ئێران، کە بە چوون و گەڕانەوەوە نزیکەی 37 کاژێر بە ئاسمانەوە بوون.
 
خەرجیی B-2ـەکان 33 ملیۆن دۆلار بووە
 
ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ناوی "چەکوشی نیوەشەو" بوو.  جەنەراڵ دان کەین، سوپاسالاری ئەمریکا رایگەیاند، هێرشێکی نهێنی بووە بۆسەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران لە فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. ئۆپەراسیۆنەکە بە بەکارهێنانی بۆمبهاوێژی B-2 و مووشەکی تۆماهۆک کراوە، ئامانج لێی لاوازکردنی گەورەی ژێرخانی چەکی ئەتۆمیی ئێران بووە.
 
دان کەین گوتی، هێزەکانیان لە هێرشێکی "ورد و ئامانجداردا ژێرخانی چەکی ئەتۆم"ـی ئەو وڵاتەیان "بە شێوەیەکی گەورە" لاواز کردووە.
 
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 7 فڕۆکەی جەنگی جۆری B-2 بەکارهێنران، تێچووی یەک کاژێر کارپێکردنی فڕۆکەکە نزیکەی 130 هەزار دۆلارە، ئەو 7 فڕۆکە بۆمبهاوێژەی کە واشنتن بەکاریهێنان، گەشتەکەیان بە چوون و گەڕانەوەوە 37 کاژێری خایاند.
 
56 ملیۆن دۆلار بۆ بۆمبی خاپوورکەر
 
بەپێی راپۆرتێکی میدیای ئەکسیۆس، فڕۆکە بۆمبهاوێژەکان، بە 14 بۆمبی خاپوورکەر لە دوو بنکەی نەتەنز و فۆردۆیان داوە، کە تێچووی یەک بۆمبی جۆری GBU-57A/B بە نزیکەیی 4 ملیۆن دۆلارە. واتە تێچووی بۆمبەکان 56 ملیۆن دۆلار بووە.
 
سوپاسالاری ئەمریکا دەڵێت: "لە کاتی چوونە ژوورەوەی بۆمبهاوێژەکان بۆ ئاسمانی ئێران، فڕۆکەی جەنگیی نەوەی چوارەم و پێنجەمی ئەمریکی وەک پێشڕەو، ئاسمانیان بۆ گرووپە هێرشبەرەکە کردەوە بۆ پاراستنیان لە هەر هەڕەشەیەکی مووشەکیی ئێران. کەین گوتی، "ئێمە ئاگادار نین هیچ تەقەیەک لە گرووپە فڕۆکە B-2ـەکانمان کرابێت."
 
ژێردەریاییەکان 30 مووشەکیان بە ئێرانەوە ناوە کە بایی 45 ملیۆن دۆلار بوون
 
ژێردەریاییە ئەمریکییەکان دوو بنکەی ئەسفەهان و نەتەنزیان بە 30 مووشەک لە جۆری تۆماهۆک بۆردوومان کرد. تێچووی یەک مووشەک لەم جۆرە بە نزیکەی 1.5 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت. ئەمەش واتای ئەوەیە کە کۆی گشتیی تێچووی مووشەکەکان گەیشتووەتە نزیکەی 45 ملیۆن دۆلار.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە