رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کۆماریی کۆنگرێسی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، رۆژی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران "رۆژێکی مەزن بوو بۆ جیهان"؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "هیچ کەسێک لە ترەمپ بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی شایستەتر نییە."
رۆژی سێشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2025، راڵف نۆرمان، ئەندامی کۆماریی کۆنگرێسی ئەمریکا لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەتی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل قسەی بۆ دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن کرد.
راڵف بەرگری لە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد و گوتی: "ئەو ئاشتییەی دۆناڵد ترەمپ بەهۆی گرتنەبەری رێکارە نوێیەکانەوە دەیویست، بەدییهێنا".
ئەو کۆنگرێسمانە لەبارەی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران گوتی: "ئێران سپۆنسەری ژمارە یەکی تیرۆر بوو. نازانم چەند جارێکی دیکە دەبێت بڵێن، مەرگ بۆ ئەمریکا، بۆیە رۆژێکی مەزن بوو بۆ جیهان؛ رۆژێکی مەزن بوو بۆ ئەمریکا"
سەبارەت بە دەستپێشخەریی بەربژێرکردنی ترەمپ بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، ئەو کۆنگرێسمانە کۆمارییە پشتیوانیی تەواوی خۆی دەربڕی و گوتی: "هیچ کەسێک زیاتر لە دۆناڵد ترەمپ شایستەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی نییە. ئەوەی ئەو کردی پێویستی بە ئازایەتی بوو، سەرۆکەکانی دیکە نەیانکرد و چاویان لێی دادەخست."
نۆرمان رەخنەی لە ئیدارەکانی پێشوو گرت و گوتی: "بیر لەوە بکەرەوە کاتێک جۆ بایدن 60 ملیار دۆلاری بە کاش بەخشی بۆ ئەوەی وەک بەرتیل بیداتە ئێران، یان بیر لە باراک ئۆباما بکەوە کە 1.3 ملیار دۆلاری دا. بۆیە دەبێت سەرۆک ترەمپ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەربگرێت، وەک نموونەیەکی زیندووی ئازایەتی."
لەسەر پرسی ئەگەری دانوستاندنی داهاتوو لەگەڵ ئێران لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی، نۆرمان گوتی، ئەمجارە دۆخەکە جیاواز دەبێت و رایگەیاند: "راستییەکەی، ئەمجارەیان جیدی دەبێت و دەبێت رێکاری دیاریکراو هەبێت. ئەگەر ئەوان (بەرپرسانی ئێران) پێیان وابێت دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم، ئەوە سەرناگرێت... ئەگەر رێککەوتنەکانی ئاشتی پێشێل بکەن، ئەوا باجەکەی دەدەن. کەواتە ئەم سەرۆکە، ئەوەی دەیڵێت مەبەستیەتی و ئەوەشی مەبەستیەتی، دەیڵێت."
بەرەبەیانی رۆژی 13-6-2025 ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و دواتر ئێرانیش وەڵامی دایەوە.
بەرەبەیانی 22ی مانگیش ئەمریکا هێرشی کردە سەر سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ