وەزیرانی دەرەوەی سووریا و فەرەنسا لەگەڵ نێردەی ئەمریکا پێشهاتەکانی سووریا تاوتوێ دەکەن

24-07-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەکی باڵای دیپلۆماسیی فەرەنسا بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، سبەی هەینی، ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا کۆدەبێتەوە. 
 
میدیای سەربە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و ناوچەکە باسیان لەوە کردبوو کە گوایە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات هەسەدە چووەتە پاریس بۆ ئەوەی بە ئامادەبوونی نێردەی ئەمریکا، لەسەر پرسی تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای نیشتمانیی سووریا، دانوستاندن لەگەڵ شاندی دیمەشق بکات. 
 
رووداو لە بارەی ئەو دەنگۆیانەوە پرسیاری لە سەرچاوەکە کرد، بەڵام ئامادە نەبوو پشتڕاستی بکاتەوە یان رەتی بکاتەوە. 
 
سەرچاوەکە لە پاریسەوە بە رووداوی راگەیاند، "تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا ئەمڕۆ و سبەی لە پاریس دەبێت. سبەی وەزیری دەرەوە، [ژان نۆوێل بارۆ] لەگەڵ ئەو و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی دوایین پێشهاتەکانی سووریا تاوتوێ بکەن."
 
بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە میدیاکانی راگەیاندبوو، رۆژی چوارشەممە، مەزڵووم عەبدی لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، گەیشتووەتە پاریس بۆ ئەوەی بە سەرپەرشتیی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا دانوستاندن لەسەر رێککەوتنێک بۆ تێكەڵکردنی هەسەدە و دامودەزگەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە حکومەتی دیمەشق بکەن. 
 
دواتر میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، ئەو کۆبوونەوەیەی پاریس دواخراوە، بێ ئەوەی هۆکارەکەی روون بکاتەوە. 
 
ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ حکومەتی سووریا رایگەیاند، رازی نابێت چەک لە دەستی هەسەدەدا بمێنێتەوە، دوای ئەوەی کە هێزە زۆرینە کوردییەکە گوتی، چەکدانان "هێڵی سوورە."
 
سەرچاوەیەکی حکومەتی سووریا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "قسەکردن لەسەر رەتکردنەوەی رادەستکردنەوەی چەکەکان یانیش مانەوەی هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ، بە هیچ شێوەیەک قبول ناکرێت."
 
بە گوێرەی سەرچاوەکە، هەڵوێستێکی لەم جۆرە "پێچەوانەی بنەماکانی یەخستنەوەی سوپای نیشتمانی و ئەو رێککەوتنەیە کە مانگی ئادار لە نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدیدا واژۆ کرا."
 
ئاداری ئەم ساڵ، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا و مەزڵووم عەبدی لە دیمەشق رێککەوتنێکیان بۆ تێکەڵکردنی هێز و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە حکومەتی سووریا واژۆ کرد. 
 
ئەگەرچی لەو کاتەوە چەند گەڕێکی دانوستاندن کراون، هیچ بەرەوپێشچوونێکی ئەوتۆ بەدەست نەهاتووە. 
 
فەرهاد شامی، گوتەبێژی هەسەدە، رۆژی چواشەممە گوتبووی، "کەس لە سووریا خۆی رادەست ناکات. ئەوانەی گرەو لەسەر خۆبەدەستەوەدانمان دەکەن، دەدۆڕێن."
 
کۆبوونەوەی سووریا و ئیسرائیل لە پاریس
 
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی دیکەی باڵا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندبوو، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، شەیبانی لەگەڵ وەزیرێکی ئیسرائیل لە پاریس کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی گرژییەکانی ئەم دواییەی پارێزگەی سوەیدای زۆرینە دروزی باشووری سووریا تاوتوێ بکەن کە ئیسرائیلیش دەستوەردانی سەربازیی تێدا کرد. 
 
ئەو گفوگۆیە کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا دەکرێت، دەبێتە یەکەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی ئیسرائیل و حکومەتی نوێی سووریا. 
 
ئەو دوو وڵاتە لە ساڵی 1948ـەوە لە جەنگدان و ئیسرائیل لە ساڵی 1967ـەوە بەرزاییەکانی گۆلانی لە سووریا داگیرکردووە. 
 
دیپلۆماتەکە باسی لەوە کردووە: "ئەمڕۆ لە پاریس کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی ئیسرائیلی و سووری دەکرێت و تۆم باراک نێوەندگیریی بۆ دەکات."
 
بە گوتەی سەرچاوەکە، شەیبانی و رۆن دێرمەر، وەزیری کاروباری ستراتیجیی ئیسرائیل "بابەتی باشووری سووریا" تاوتوێ دەکەن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا