رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایدەگەیێنێت، هیچ زانیاریێکیان نییە پێشانی بدات فڕۆکەکەی یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر بە مووشەک لە زەوییەوە کرابێتە ئامانج.
پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن رۆژی پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، سوپای ئەمریکا "هیچ زانیاریێکی نییە پێشانیبدات کە مووشەکی لە زەوییەوە بۆ ئاسمان" لە تێکشکانی فڕۆکەکەدا رۆڵی هەبووبێت، گوتیشی ئەو دەنگۆیانەی باس لە بەکارهێنانی مووشەک دەکەن، "ناڕاستن."
رایدەر گوتی: "تواناکانی ڤاگنەر بە کەم سەیرناکرێن و بەردەوام لە نزیکەوە چاودێریی چالاکیی هێزەکانی دەکەین."
گوتەبێژەکەی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان ناتوانن هیچ زانیاریێک لەسەر هۆکاری تێکشکانی فڕۆکەکە بخەنەڕوو، کە رۆژی چوارشەممە لە باکووری رۆژئاوای مۆسکۆ بووە هۆی کوژرانی هەر 10 سەرنشینەکەی، بەڵام گوتی، ئەمریکا بڕوای وایە پریگۆژین لە رووداوەکەدا گیانی لەدەستداوە.
رایدەر دەڵێت، "هەڵسەنگاندنی ئێمە بە پشتبەستن بە چەند فاکتەرێکی جۆراوجۆر، ئەوەیە کە رەنگە ئەو کوژرابێت."
ئەوە لەکاتێکدایە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا سەرەخۆشی لە خێزانی پریگۆژین کرد و گوتی، پیاوێکی لێهاتوو بوو، بەڵام "هەڵەی کوشندەی لە ژیانیدا کرد."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ