پۆپ مارت ئەم مانگە چەندین جۆری نوێی لابووبوو دەخاتەڕوو؛ لە هەرێمی کوردستان قەدەخەیە

24-08-2025
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای "پۆپ مارت"ی چینی رایگەیاند، ئەم مانگە جۆری بچووککراوەی بووکەڵە بەناوبانگەکانی "لابووبوو" دەخاتەڕوو، لەگەڵ جۆرێکی نوێی تووکدرێژی ئەو دڕندە بچکۆلە ددان تیژە.
 
کۆمپانیای پۆپ مارت دەڵێت، مەدالیای "لابووبوو" کە بە قەبارەی بچووک دروستکراوە و بەشێکە لە زنجیرەی نوێی بەرهەمەکانی، بە چەندین رەنگی جیاواز بەردەست دەبێت کە هاوتای پیتەکانی ئەلفوبێ دەبن. نرخی هەر یەکێکیان 22.99 دۆلار دەبێت.
 
هەروەها زنجیرەکە 30 سندووقی شاراوە لەخۆدەگرێت کە پیتی هەڵواسراوی تایبەتی بووکەڵەکانی تێدایە. نرخی هەر یەکێکیان 18.99 دۆلار دەبێت.
 
جگە لەوەش، "پۆپ مارت" جۆرێکی نوێی دیکەی بووکەڵەی لابووبوو دەخاتەڕوو، کە ملوانکەیەکی هەیە لە مرواری و کانزای تێکەڵ دروستکراوە، یەکەم بووکەڵەی زنجیرەی دڕندەکان دەبێت کە تووکی درێژە و بە تەکنیکێکی تایبەتی رەنگکردن دروستکراوە و وادەکات هیچ دوو دانەیەکیان تەواو وەک یەک دەرنەچن. نرخی هەر بووکەڵەیەکی لەو جۆرە 114.99 دۆلار دەبێت.
 
هەموو بەرهەمە نوێیەکان لە 29ـی  ئەم مانگەوە لە ماڵپەڕی فەرمیی "پۆپ مارت" بەردەست دەبن، هەروەها لەسەر ئەپڵیکەیشن و هەژمارە فەرمییەکانی کۆمپانیاکە لە تیکتۆک بەردەست دەبن.
 
کارەکتەری "لابووبوو" لەلایەن هونەرمەند و وێنەکێش کاسینگ لونگەوە دیزاین کراوە، یەکەمجار لە ساڵی 2015 لە سێ کتێبی وێنەداردا دەرکەوت کە لە ئەفسانە کۆنەکانی وڵاتانی سکاندیناڤییەوە وەرگیرابوون، بە گوێ و ددانی تیژەوە دەناسرایەوە.
 
لابووبوو بووکەڵەیەکی دروستکراوی چینە، لە ناو کیسێک یان پاکەتێکدایە، کۆمەڵێک رەنگی جۆراوجۆری هەیە و پێش ئەوەی پاکەتەکە هەڵبپچڕیت نازانیت چ رەنگێکە و هەندێک رەنگ بەمەبەستی شانس بەکاردەهێندرێن، بەشێکی زۆری خەڵکی بەتایبەتی کچان لە هەموو جیهانەوە بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە و هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە.
 
یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان بە باشی نازانێت مامەڵە بەو جۆرە بووکەڵانە بکرێت.
 
رۆژی شەممە، 5ـی تەممووزی 2025، عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەپێی بەدواداچوون و سەرنجدانی ئێمە، بە باشی نازانین خەڵک ئەم جۆرە بووکەڵەیە بکڕن لەبەر ئەوەی جۆرێک لە بەفیڕۆدانی ماڵی تێدایە."
 
بووکەڵەکە لە بازاڕەکانی هەولێر قەدەخە کراوە. رۆژی چوارشەممە، 9ـی تەممووزی 2025 هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، لەبەر دوو هۆکار بووکەڵەی لابووبوو لە هەولێر قەدەخەکراوە، یەکەمیان بەهۆی ئەوەی دەبێتە هۆی چەواشەکاری و بارگرانی بۆ خێزانەکان، دووەمیان شێوەی بووکەڵەکە لەگەڵ داب و نەریتی کوردستان ناگونجێت و یەکێتی زانایان رایگەیاندووە، ئەگەر بە مەبەستی شانس و بەخت گرتنەوە بێت حەرامە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە