رووداو دیجیتاڵ
قەوارەی سربی لە بۆسنیا بڕیاری داوە بە گشتپرسی، لە 25ـی تشرینی یەکەم، بڕیار لە چارەنووسی سەرۆکە سزادراوەکەی بدات.
دادگەیەکی فیدراڵی بڕیاری قەدەخەکردنی هەموو پۆستە حکومییەکانی لە میلۆراد دۆدیک داوە.
دۆدیک سەرۆکێکی جوداخوازە، هەوڵی جیاکردنەوەی کۆماری رسپسکا لە بۆسنیا دەدات؛ بە تاوانی پێشێلکردنی بڕیارەکانی نێردەیەکی نێودەوڵەتی و دروستکردنی مەترسی بۆ رێککەوتنی ئاشتیی نەوەدەکان، سزاکەی بۆ دەرکراوە.
بەڵام ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کۆماری سرپسکا بڕیاری دا ئەو سزایە بخاتە گشتپرسییەوە، کە ئەمەش ناڕەزایی نێودەوڵەتی لێ کەوتەوە.
پەرلەمانە هەرێمییەکە بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دا 25ـی تشرینی یەکەم گشتپرسییەکە بکەن، ئەوەش وەک بەربەرێکانییەکی نوێ لەگەڵ حکومەتی ناوەندی کە حکومەتێکی لاوازە، لێک دەدرێتەوە.
نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەورووپا لە بۆسنیا دەڵێت، ئەو فەرمانەی دادگە دژی دۆدیک دەریکردووە، پێویستە رێزی لێ بگیرێت.
نوێنەرایەتییەکە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسی: "دانانی بڕیاری دادگە لە بەردەم دەنگدانی گشتیدا، دژی سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دامەزراوە دادپەروەرییەکانە. چاوەڕێی ئەوە لە دامودەزگەکانی کۆماری سرپسکا دەکەین، دۆخەکە هێور بکەنەوە و رێز لە سەروەری، یەکپارچەیی و سیستمی دەستووری و یاسایی بۆسنیا بگرن."
جولیان رایلی، باڵیۆزی بەریتانیا لە بۆسنیا لە بانگەوازێکی هاوشێوەدا گوتی، هەر گشپرسییەک لەسەر بڕیاری دادگە "نایاسایی" دەبێت.
دۆدیک کە تەمەنی 66 ساڵە، شوباتی ئەم ساڵ لە لایەن دادگەیەکی فیدرالیی بۆسنیاوە تاوانبارکرا بەوەی بڕیارەکانی کریستیان شمێدیت، نێردەی نێودەوڵەتی بۆ چەسپاندنی رێککەوتنی ئاشتی پێشێلکردووە.
ئەو رێککەوتە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ساڵی 1992 – 1995ی بۆسنیا واژۆ کرابوو.
سەرۆکە جوداخوازەکە بڕیاری ساڵێک بەندکردنیشی بۆ دەرکرابوو، بەڵام بە پێدانی پێبژاردنێکی 22 هەزار دۆلاری، خۆی لە سزاکە رزگار کرد.
لەگەڵ ئەوەشدا، دادگەیەکی تێهەڵچوونەوە بڕیاری دا کە دەبێت لە سەرۆکایەتیی کۆماری سپرسکا دووربخرێتەوە و بۆ 6 ساڵ و هەموو پۆستێکی حکومی لێ قەدەخە بکرێت.
دۆدیک بەڵێنی داوە رێگە نەدات هەڵبژاردن لە کۆماری سپرسکا بکرێ و لە بری ئەوە ژمارەیەک گشتپرسی بکات، کە یەکەمیان لەسەر بڕیاری دادگەکە دەبێت.
لە گشتپرسییەکەدا پرسیار دەکرێت: "ئایا تۆ رازیت بە بڕیارەکانی کەسێکی بیانیی هەڵنەبژێردراوە" کە مەبەست لێی نێردە نێودەوڵەتییەکەیە، "هەروەها بڕیاری نادەستووریی دادگەی بۆسنیا هێرزەگۆڤینیا دژی سەرۆکی کۆماری سپرسکا، هەروەها بڕیاری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی بۆسنیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلۆراد دۆدیک، سەرۆکی کۆماری سپرسکا؟"
50 لە کۆی 65 ئەندامی پەرلەمانە هەرێمییەکە لە بەرژەوەندیی ئەنجامدانی گشتپرسییەکەدا دەنگیان دا.
ئەندامانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن دەنگیان نەدا. یەکێک لەوانە بە ناوی نێبۆیشا ڤوکانۆڤیچ کە رەخنەگرێکی سەرسەختی دۆدیکە، گوتی: "رێگریتان لێ ناکەم، بەڵام ئێوە بەنێو کێڵگەیەکی مینڕێژکراودا دەڕۆن."
دۆدیک دەیەوێت پشتیوانیی خەڵک بەدەست بێنێت
دۆدیک رایگەیاندووە، هیوای بەوە هەیە دانیشتووانی زۆرینە سڕبیی کۆماری سرپسکا لە گشتپرسییەکەدا پشتیوانی لێ بکەن.
هەروەها هەڕەشەی کردووە کە گشتپرسی لەسەر جیابوونەوە و سەربەخۆیی قەوارە سربییەکەش بکات.
دۆدیک کە سربییەکی نەتەوەپەرستە، لە ساڵی 2006ـەوە لە دەسەڵاتدایە. لەسەر لەکارلادانی، ئەو گلەیی لە شمێدیت دەکات کە وەزیرێکی پێشووتری ئەڵمانییە و لە ساڵی 2021ـەوە بووەتە نێردەی نێودەوڵەتی بۆ بۆسنیا.
پەرلەمانی قەوارە سربییەکە بە دەنگدان دەسەڵات و رەوایەتیی شمێدیتیشی رەتکردەوە و داوای کرد کە دۆدیک لە پۆستی سەرۆکی کۆماری سپرسکا بەردەوام بێ و هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێیشی رەتکردەوە.
بێ گوێدان بەوە، چاوەڕوان دەکرێ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی بۆسنیا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی بۆ کۆماری سپرسکا بکات.
رۆژی دووشەممەی هەفتەی رابردوو، رادۆڤان ڤیشکۆڤیچ، سەرۆکوەزیرانی قەوارەکە دەستی لە کار کێشایەوە و باسی لە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی نەکرد، بەڵام رۆیشتنی، قەوارەی سیاسیی بۆسنیای قووڵترکرد.
رۆژی شەممە، دۆدیک ساڤۆ مینیچ، وەزیری کشتوکاڵی بە سەرۆکوەزیرانی نوێ دەستنیشان کرد.
ڤیشکۆڤیچ و دۆدیک تۆمەتبار بوون بەوەی سیستمی دەستووریی بۆسنیایان تێکداوە، دوای ئەوەی پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا کارکردنی پۆلیس و دەزگا یاساییە فیدڕالییەکانی بۆسنیا لەنێو قەوارە سڕبییەکەدا قەدەخە بکەن.
هەروەها هەردووکیان لە لایەن ئەمریکاوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە، بە تۆمەتی ئەوەی بوونەتە هەڕەشە بۆسەر رێککەوتنی ئاشتیی دایتۆن و سەروەریی لەرزۆکی بۆسنیا.
لە جەنگی نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە کە دەیان هەزار کەسی تێدا کوژران، بۆسنیا دابەشبووە بەسەر قەوارەیەکی سربی و یەکێکی دیکەی کرواتیی بۆسنی. وڵاتەکە بە دامەزراوەی لاوازی ناوەندییەوە پێکەوە لکێنراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ