رووسیا دەڵێت رۆژئاواییەکان بەربەست بۆ گفتوگۆی ئاشتیی ئۆکراینا دروست دەکەن

24-08-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا وڵاتانی رۆژئاوا تۆمەتبار دەکات بەوەی هەوڵی "رێگریکردن" لە گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ ئۆکراینا دەدەن.
 
ئەم قسانەی رۆژی یەکشەممەی لاڤرۆڤ لە کاتێکدان، وا دەردەکەوێ هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی پەکیان کەوتبێت. 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتگیری لە رێکخستنی کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لەنێوان سەرۆکانی ئۆکراینا و رووسیا دەکات، بەڵام هەردوولا یەکدییان تۆمەتبار کردووە بەوەی نایانەوێت گفتوگۆ بکەن. 
 
لاڤرۆڤ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەڤیزیۆنی فەرمیی رووسیا کە رۆژی یەکشەممە لە تەلەگرام بڵاوکرایەوە، گوتی: "ئەوان تەنیا بەدوای بیانوویەکدا دەگەڕێن بۆ رێگریکردن لە گفتوگۆکان."
 
وەزیرەکە رەخنەی تووندی لە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گرت کە "سەرسەختانە پێداگری دەکات، مەرج دادەنێ و بە هەر نرخێک بێت داوای کۆبوونەوەیەکی دەستبەجێ" لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، هاوتا رووسییەکەی دەکات.
 
لاڤرۆڤ دەسەڵاتدارانی ئۆکراینایشی تۆمەتبار کرد بە "هەوڵدان بۆ تێکدانی ئەو پرۆسەیەی لەلایەن سەرۆک پووتین و ترەمپەوە دانرابوو کە ئەنجامی زۆر باشی لێکەوتبووەوە." گوتیشی: "هیوادارین ئەم هەوڵانە بووەستێنرێن."
 
رۆژی هەینی، لاڤرۆڤ رایگەیاند کە "هیچ کۆبوونەوەیەک" لەنێوان زیلینسکی و پووتین رێکنەخراوە.
 
زیلینسکی رۆژی دووشەممە رایگەیاند، رووسیا "هەوڵ دەدات خۆی لە کۆبوونەوەکە بدزێتەوە."
 
سەرۆکی ئۆکراینا ئامادەیی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پووتین نیشانداوە، بەڵام تەنیا دوای ئەوەی هاوپەیمانەکانی لەسەر گەرەنتیی ئەمنی بۆ ئۆکراینا رێکدەکەون، بۆ رێگریکردن لە هێرشەکانی داهاتووی رووسیا دوای راوەستانی شەڕ.
 
مۆسکۆ رایگەیاندووە، هیچ گفتوگۆیەک سەبارەت بەو گەرەنتییانە بێ ئامادەبوونی ئەوان ناکرێت و ئاماژەی بەوەشکردووە، بوونی سەربازیی وڵاتانی ئەورووپی لە ئۆکراینا "بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا