رووداو دیجیتاڵ
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دڵنیایە کە ئیدارەی ترەمپ دەتوانێ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا نێوەندگیری بکات، ئەوە سەرەڕای ئەگەری ئەو ئاستەنگانەی کە لە دوای کۆبوونەوەی ئەم مانگەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا سەریانهەڵداوە.
ڤانس لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ بەرنامەی "Meet the Press"ـی کەناڵی NBC News کە رۆژی یەکشەممە 24-08-2025 بڵاوکرایەوە لەبارەی بەرەوپێشچوونەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا گوتی: "پێمان وایە پێشوەختە و تەنیا لە چەند هەفتەی رابردوودا هەندێک سازشی بەرچاومان لە هەردوو لاوە بینیوە."
ڤانس قسەی لەسەر هێرشێکی مووشەکیی رووسیا لە رۆژئاوای ئۆکراینا کرد کە شەوی پێنجشەممە کارگەیەکی کردە ئامانج کە خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیایەکی ئەمریکی دەگەڕێتەوە. کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا لە هێرشەکە "تووڕە بووە"، ڤانس قسەکانی بۆ رەخنەگرتن لە جۆ بایدن، سەرۆکی پێشوو گۆڕی.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکەوە گوتی: "حەزم لێی نییە. بەڵام ئەمە جەنگە و هەربۆیەش دەمانەوێ کوشتارەکە رابگرین. رووسەکان زۆر شتیان کردووە کە ئێمە حەزمان لێی نییە. ئەوەی سەرۆک ترەمپ بۆ گوشارکردن و بەکارهێنانی کاریگەریی ئابووری لەسەر رووسییەکان کردی، زۆر زیاترە لەوەی جۆ بایدن لە سێ ساڵ و نیودا کردی. ئەو جگە لە قسەکردن هیچی دیکەی نەدەکرد بۆ راگرتنی کوشتارەکە. بۆیە پرسیارم لێدەکەیت لە چی تووڕەم؟ ئەوەی من لێی تووڕەم بەردەوامیی جەنگەکەیە."
ڤانس هێرشەکە و ژمارەیەک پرسی دیکەی وەک ئاستەنگی درێژخایەن بۆ ئاشتی ناونەبرد و گوتی، هێشتا بواری زۆر بۆ دانوستاندن ماوە.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشدا: "دواجار سەرکەوتوو دەبین، یان بەر بەربەستێکی پتەو دەکەوین. ئەگەر بەر بەربەستێکی پتەو کەوتین، ئەوا بەردەوام دەبین لەم پرۆسەی دانوستاندنە، لە بەکارهێنانی کاریگەری. ئەمە ئەو دیپلۆماسییەتە چالاکەیە کە ئەم جەنگە کۆتایی پێدەهێنێت."
کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا دەتوانێ گەرەنتی ئەوە بکات ئەمریکا سەرباز نانێرێ بۆ یارمەتیدان لە جێبەجێکردنی هەر رێککەوتنێکی ئاشتی، ڤانس دژایەتیی لە کارێکی لەو شێوەیە دەربڕی.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "سەرۆک زۆر روون بووە. هیچ سەربازێک لەسەر زەویی ئۆکراینا نابێ، بەڵام لە گێڕانی رۆڵێکی چالاک لە هەوڵدان بۆ دڵنیاییدان لەوەی کە ئۆکراینییەکان ئەو گەرەنتییە ئەمنی و متمانەییەیان هەیە کە پێویستیانە بۆ راگرتنی جەنگەکە بەردەوام دەبین، بۆ ئەوەی رووسەکانیش هەست بکەن کە دەتوانن جەنگەکە کۆتایی پێبهێنن."
رۆژی هەینی، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا بە NBC Newsـی راگەیاند، هیچ کاتێک بۆ کۆبوونەوەی نێوان پووتین و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دانەنراوە.
لە هەڤپەیڤینەکەدا ڤانس گوتی، باوەڕی وانییە رووسەکان خەریکی ئەوەبن کات بە ترەمپ بکوژن.
باسی لەوەش کرد: "پێم وایە رووسەکان بۆ یەکەمجار لە 3 ساڵ و نیوی ئەم جەنگەدا سازشی بەرچاویان بۆ سەرۆک ترەمپ کردووە. ئەوان لە راستیدا ئامادەبوون لەسەر هەندێک لە داواکارییە سەرەکییەکانیان نەرم بن."
ڤانس باسی ئەوەی کرد، ترەمپ هەوڵەکانی بۆ دانوستاندنی چارەسەرێکی دیپلۆماسی زیاد کردووە، "چونکە ئەم جەنگە لە بەرژەوەندیی هیچ کەسێکدا نییە؛ لە بەرژەوەندیی ئەورووپا یان ویلایەتە یەکگرتووەکاندا نییە."
لە کاتێکدا دانی بە هەندێک لەو ئاستەنگانەدا نا کە لە دوای کۆبوونەوەکەی 15ـی ئابی ترەمپ لەگەڵ پووتین لە ئەلاسکا سەریانهەڵداوە، ڤانس گەشبینیی خۆی دەربڕی کە دیپلۆماسییەت ئەنجامی دەبێت.
ڤانس گوتی: "دانوستاندنەکان هەوراز و نشێویان هەیە. هەندێک جار هەست دەکەین پێشکەوتنی گەورەمان لەگەڵ رووسەکاندا بەدەستهێناوە، هەندێک جاریش، وەک سەرۆک گوتوویەتی، زۆر لە رووسەکان بێزار بوون. بەردەوام دەبین لە کردنی ئەوەی کە پێویستە بیکەین بۆ کۆتاییهێنان بەم بابەتە."
جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختیکردەوە: "نەمگوتووە ئەوان لەسەر هەموو شتێک سازشیان کردووە. بەڵام ئەوەی سازشیان لەسەر کردووە داننانە بەوەی ئۆکراینا دوای جەنگ سەروەریی خاکی دەبێ. دانیان بەوەدا ناوە کە ناتوانن رژێمێکی کارتۆنی لە کیێڤ دابمەزرێنن. ئایا هەموو سازشێکیان کردووە؟ بێگومان نەیانکردووە. ئایا دەبوو جەنگیان دەستپێبکردایە؟ بێگومان نەدەبوو، بەڵام ئێمە خەریکی پێشکەوتنین."
لەسەر پرسی ئامانجە سیاسییەکانی خۆی، ڤانس جارێکی دیکە خۆی لە پرسیارەکان سەبارەت بەوەی ئایا خۆی وەک میراتگری ترەمپ دەبینێت لە ساڵی 2028 دا لادا.
ڤانس گوتی: "خۆم وەک جێگری سەرۆکێک دەبینم کە هەوڵ دەدات کارێکی باش بۆ گەلی ئەمریکا بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ