رووداو دیجیتاڵ
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا وڵاتانی رۆژئاوا تۆمەتبار دەکات بەوەی هەوڵی "رێگریکردن" لە گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ ئۆکراینا دەدەن.
ئەم قسانەی رۆژی یەکشەممەی لاڤرۆڤ لە کاتێکدان، وا دەردەکەوێ هەوڵە دیپلۆماسییەکان پەکیان کەوتبێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتگیری لە رێکخستنی کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لەنێوان سەرۆکانی ئۆکراینا و رووسیا دەکات، بەڵام هەردوولا یەکدییان تۆمەتبار کردووە بەوەی نایانەوێت گفتوگۆ بکەن.
لاڤرۆڤ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەڤزیۆنی فەرمیی رووسیا کە رۆژی یەکشەممە لە تەلەگرام بڵاوکرایەوە، گوتی: "ئەوان تەنیا بەدوای بیانوویەکدا دەگەڕێن بۆ رێگریکردن لە گفتوگۆکان."
وەزیرەکە رەخنەی توندی لە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گرت کە "سەرسەختانە پێداگری دەکات، مەرج دادەنێ و بە هەر نرخێک بێت داوای کۆبوونەوەیەکی دەستبەجێ" لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، هاوتا رووسییەکەی دەکات.
لاڤرۆڤ دەسەڵاتدارانی ئۆکراینایشی تۆمەتبار کرد بە "هەوڵدان بۆ تێکدانی ئەو پرۆسەیەی لەلایەن سەرۆک پووتین و ترەمپەوە دانرابوو کە ئەنجامی زۆر باشی لێکەوتبووەوە."
گوتیشی: "هیوادارین ئەم هەوڵانە بووەستێنرێن."
رۆژی هەینی، لاڤرۆڤ رایگەیاند کە "هیچ کۆبوونەوەیەک" لەنێوان زیلینسکی و پووتین رێکنەخراوە.
زیلینسکی رۆژی دووشەممە رایگەیاند، رووسیا "هەوڵ دەدات خۆی لە کۆبوونەوەکە بدزێتەوە."
زیلینسکی ئامادەیی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پووتین نیشانداوە، بەڵام تەنیا دوای ئەوەی هاوپەیمانەکانی لەسەر گەرەنتیی ئەمنی بۆ ئۆکراینا رێکدەکەون، بۆ رێگریکردن لە هێرشەکانی داهاتووی رووسیا دوای راوەستانی شەڕ.
مۆسکۆ رایگەیاندووە، هیچ گفتوگۆیەک سەبارەت بەو گەرەنتییانە بێ ئامادەبوونی ئەوان ناکرێت و ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر جۆرە هەبوونێکی سەربازیی وڵاتانی ئەورووپی لە ئۆکراینا "بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ