رووداو دیجیتاڵ
بەریتانیا سیستمی بەرگریی ئاسمانییەکەی بەرەوپێش دەبات.
وڵاتەکە بڕیاریداوە سیستمی بەرگریی لە جۆری "سکای سایبر" بکڕێت.
سیستمەکە هێندە وردە کە ئەگەر ئامانجەکەی هێندەی تۆپێکی تێنسیش بچووک بێت و بە خێرایی دوو هێندەی دەنگ گەشت بکات، دەتوانێت تێکیبشكێنێت.
سیستمە پێشكەوتووەکە هەروەها دەتوانێت لە یەک کاتدا 24 مووشەک بەرەو ئامانجەکانی بهاوێژێت و ئاراستەی هەموویان کۆنترۆڵ بکات و چەندین ئامانجی جیاجیا لە یەک کاتدا تێکبشكێنێت.
لووک پۆلارد، وەزیری هێزە چەکدارەکانی بەریتانیا دەڵێت: "ئێمە پێداچوونەوە بە ستراتیجی بەرگری دەکەن و نوێترین کەرەستەی بەرگری بۆ هێزە چەکدارەکانمان دابین دەکەین بۆ ئەوەی ئێمە بپارێزن. دووهێندەکردنی سیستمە بەرگرییەکانمان لە جۆری سکای سایبر، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی بەریتانیا بەهێز دەکات، هێزەکانی بەریتانیا لە دەرەوە دەپارێزێت و نەیارەکانمان رادەگرێت."
بەریتانیا گرێبەستێکی سێ ساڵی لەگەڵ بەرهەمهێناری سیستمی بەرگریی سکای سایبر واژۆ کردووە بۆ ئەوەی شەش سیستمی بەرگریی لەو جۆرە بۆ سوپای بەریتانیا دروست بکەن تابتوانێت لە نێو وڵاتەکە یان هەر شوێنێکی جیهان بەکاریبێنێت.
سیستمەکە مووشەکی مەودا مامناوەند بۆ بەرپەرچدانەوەی ئامانجەکانی بەکاردێنێت، لە نێویاندا بۆ تێکشکاندنی مووشەکی کرووز.
سیستمەکە لەسەر زەوی دادەنرێت لە سێ بەش پێکدێت: رادار بۆ دۆزینەوەی ئامانجەکان، ناوەندی کۆنترۆڵکردنی زانیارییەکان و سەکۆی هاویشتنی مووشەک.
بەریتانیا لە ساڵی 2021ـەوە شەش سیستمی دیکەی لەو جۆرەی هەبوو.
مووشەکەکانی دەتوانن 25 کیلۆمەتر ببڕن و رادارەکەی دەتوانێت لە چواردەوری خۆی، بە مەودای 120 کیلۆمەتر هەست بە ئامانجە دژبەرەکان بکات.
تێچووی هەر سیستمێکی لەو جۆرە، زیاتر لە 148 ملیۆن دۆلارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ