رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی بولگاریا لەبارەی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بە رووداوی راگەیاند، دەبێت لەڕووی دیپلۆماسییەوە هەوڵ بۆ وەستانی جەنگەکە بدرێت. ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ لایەنێک ناتوانێت لەڕووی سەربازییەوە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
رۆژی سێشەممە 24ی ئەیلوولی 2024 رومێڤ رادێڤ، سەرۆکی بولگاریا بە دیار کوردە، نێردراوی رووداو بۆ رووماڵی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکی راگەیاند، "تەنیا رێگەی دیپلۆماسی دەتوانێت چارەسەری بابەتی (شەڕ)ی ئۆکراینا چارەسەر بکات."
سەرۆکی بولگاریا گوتیشی، "ئێمە دەبێت هەموو ئامرازە بەهێزەکانی دیپلۆماسی بەکاربهێنین، نەوەک تەنیا ئامرازە سەربازییەکان و لەڕووی ئابووریشەوە پاڵپشتیی خۆمان دەرببڕین. دەبێت لەڕووی دیپلۆماسییەوە خۆمان ئامادە بکەین بۆئەوەی چارەسەری ئەو پرسانە بکەین."
جەنگی رووسیا و ئۆکراینا لە شوباتی ساڵی 2022 دەستیپێکرد، کە رووسیا بەرەوپێشچوونێکی زۆری لە چەندین ناوچە بەدەستهێنا. ئەوەی ئێستا روودەدات، هێرشی پێچەوانەی ئۆکراینایە، بەتایبەتی دوای بەدەستگەیشتنی چەکێکی زۆر لەلایەن وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکاوە.
سوپای رووسیا پێگەی خۆی لە هەرێمەکانی خێرسۆن، زاپۆریژیا، دۆنێتسک و لوهانسکدا جێگیر کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ